کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم پاشایان

یەکەم پاشایان ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١سلێمان خزمایەتی لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر کرد و کچەکەی فیرعەونی هێنا. کچەکەی بردە شاری داود هەتا ئەو کاتەی لە بنیادنانی کۆشکەکەی و پەرستگای یەزدان و شووراکەی چواردەوری ئۆرشەلیم بووەوە.

٢لەو کاتە گەل لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا قوربانییان سەردەبڕی، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانە پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان دروستنەکرابوو.

٣سلێمانیش خۆشەویستی بۆ یەزدان دەربڕی بەوەی بەپێی فەرزەکانی داودی باوکی دەڕۆیشت، تەنها ئەوە نەبێت کە لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا قوربانی سەردەبڕی و بخووری دەسووتاند.

٤پاشا چوو بۆ گبعۆن هەتا لەوێ قوربانی سەر ببڕێت، چونکە ئەوە گرنگترین نزرگەی سەر بەرزایی بوو، سلێمان هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر ئەو قوربانگایە.

٥لە گبعۆن یەزدان لە خەونی شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت، خودا پێی فەرموو: «داوا بکە چیت پێ بدەم؟»

٦سلێمانیش گوتی: «تۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەت، لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، بەو شێوەیەی لەبەردەمت هەڵسوکەوتی کرد، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی و دڵڕاستی لەگەڵت. جا ئەم چاکە گەورەیەت بۆ لەبەرچاو گرت و کوڕێکت پێیدا هەتا لەسەر تەختەکەی دابنیشێت وەک ئەمڕۆ.

٧«ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ خزمەتکارەکەتت کردووە بە پاشا لە جێی داودی باوکم، منیش مێردمنداڵێکی بچووکم و شارەزاییم لە ڕابەرایەتیکردن نییە.

٨خزمەتکارەکەشت لەنێو گەلەکەتدایە ئەوەی هەڵتبژاردووە و ئەو گەلەش گەلێکی زۆرن و لە زۆریدا لە ژمارە نایەن.

٩ئینجا دڵێکی تێگەیشتووم پێبدە بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەتی گەلەکەت بکەم، تاکو جیاوازی بکەم لەنێوان چاکە و خراپە، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»

١٠ئەم قسەیە لەلای پەروەردگار باش بوو، کە سلێمان داوای ئەم شتەی کرد.

١١ئینجا خودا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی نە ڕۆژگاری زۆرت داوا کرد و نە دەوڵەمەندی بۆ خۆت و نە مەرگی دوژمنەکانت، بەڵکو دانایی لە جێبەجێکردنی دادپەروەریدا،

١٢ئەوا من بەپێی داواکارییەکەی تۆ دەکەم. دڵێکی وا دانات پێ دەبەخشم شت لێک جیا بکاتەوە، کە کەس لەمەوبەر وەک تۆ نەبووبێت و لە داهاتووشدا کەسێکی وەک تۆ هەڵناکەوێت.

١٣هەروەها ئەوەی داواشت نەکردبوو پێم بەخشیت، دەوڵەمەندی و پایەداری بە جۆرێک کە بە درێژایی ژیانت هیچ پیاوێک لەناو پاشایان وەک تۆی نەبێت.

١٤جا ئەگەر بە ڕێگای مندا بڕۆیت بەوەی وەک داودی باوکت فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، درێژە بە ڕۆژگارت دەدەم.»

١٥کە سلێمان هەستا، زانی خەونە، هاتە ئۆرشەلیم و لەبەردەم سندوقی پەیمانی پەروەردگار ڕاوەستا و قوربانی سووتاندنی سەرخست و قوربانی هاوبەشی پێشکەش کرد، خوانێکی بۆ هەموو خزمەتکارەکانی ساز کرد.

١٦لەو کاتەدا دوو ژنی لەشفرۆش هاتنە لای پاشا و لەبەردەمی ڕاوەستان.

١٧یەکێک لە ژنەکان گوتی: «ئەی گەورەم، تکایە، من و ئەم ژنە لە یەک ماڵ دەژین و من لەو ماڵە منداڵم بوو.

١٨ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەمی لەدایکبوونی منداڵەکەم ئەم ژنەش منداڵێکی بوو، هەردووکمان بە تەنها بووین و لە ماڵەکە هیچ کەسێکی دیکەمان لەگەڵ نەبوو، تەنها هەردووکمان لە ماڵەکە بووین.

١٩«شەوێ کوڕەکەی ئەم ژنە مرد، لەبەر ئەوەی خۆی بەسەریدا دابوو.

٢٠ئیتر لە نیوەی شەو هەستا و کوڕەکەی منی لەتەنیشتمەوە برد، کەنیزەکەشت نوستبوو. کوڕەکەی منی لە باوەشی کرد و کوڕە مردووەکەشی لە باوەشی من دانا.

٢١بۆ بەیانی کە لە خەو هەستام هەتا شیر بدەمە کوڕەکەم تەماشام کرد مردووە! بەڵام کاتێک لێی ورد بوومەوە تەماشام کرد ئەوە ئەو کوڕە نییە کە من بوومە.»

٢٢ژنەکەی دیکەیان گوتی: «نەخێر! زیندووەکە کوڕی منە و مردووەکەش هی تۆیە!» ئەمەشیان دەیگوت: «نەخێر! مردووەکە هی تۆیە و زیندووەکە هی منە!» بەم شێوەیە لەبەردەم پاشا دەمەقاڵێیان کرد.

٢٣پاشاش گوتی: «ئەمیان دەڵێت ”ئەمە کوڕەکەی منە زیندووە و کوڕەکەی تۆ مردووە،“ ئەویشیان دەڵێت ”نەخێر! کوڕەکەی تۆ مردووە و کوڕەکەی من زیندووە!“»

٢٤پاشا گوتی: «شمشێرێکم بۆ بهێنن.» ئەوانیش شمشێرێکیان بۆ پاشا هێنا.

٢٥پاشا گوتی: «منداڵە زیندووەکە بکەنە دوو بەش، نیوەی بدەنە یەکێکیان و نیوەکەی دیکەش بدەن ئەوی دیکەیان.»

٢٦ئەو ژنەیان کە کوڕەکەی زیندوو بوو لەبەر ئەوەی هەناوی بۆ کوڕەکەی سووتا بە پاشای گوت: «تکایە، گەورەم، منداڵە زیندووەکەی بدەنێ و مەیکوژن!» بەڵام ئەوی دیکەیان گوتی: «نە بۆ من دەبێت و نە بۆ تۆ، بیکەنە دوو بەش!»

٢٧ئینجا پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕە زیندووەکە بدەنە ژنی یەکەم و مەیکوژن، ئەو دایکییەتی.»

٢٨کاتێک هەموو ئیسرائیل ئەو بڕیارەیان بیستەوە کە پاشا دابووی، ترسیان لێ نیشت، چونکە بینییان دانایی خودایی تێدابوو بۆ پەیڕەوکردنی دادپەروەری.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.