١ئیتر سلێمان پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
٢ئەمانەش باڵاترین کاربەدەستانی ئەو بوون: عەزەریای کوڕی سادۆقی کاهین،
٣ئەلیحۆرەف و ئاحییا، دوو کوڕەکەی شیشا، خامەی نهێنی بوون، یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلود، تۆمارکار.
٤بەنایای کوڕی یەهۆیاداعیش سوپاسالار، سادۆق و ئەبیاتاریش هەردووکیان کاهین بوون.
٥عەزەریای کوڕی ناتان سەرۆکی بریکارەکان و زەڤودی کوڕی ناتان، کاهین و یاوەری پاشا بوون.
٦ئەحیشار سەرپەرشتیاری کۆشک، ئەدۆنیرامی کوڕی عەبدا سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو.
٧هەروەها سلێمان دوازدە بریکاری لەسەر هەموو ئیسرائیل هەبوو، ئازووقەیان بۆ پاشا و ماڵەکەی دابین دەکرد و ساڵی مانگێک لەسەر هەریەکەیان بوو بۆ دابینکردنی ئازووقە.
٨ئەمانەش ناوەکانیانە: بەنحور لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم.
٩بەندەقەر لە ماقەچ و شەعەلڤیم و بێتشەمەش و ئێلۆن بێتحانان.
١٠بەنحەسەد لە ئەروبۆت، سۆکۆ و هەموو خاکی حێفەر سەر بە ئەو بوو.
١١بەنئەبیناداب لە هەموو بەرزاییەکانی دۆردا، تافەتی کچی سلێمانیش بووە ژنی.
١٢بەعەنای کوڕی ئەحیلود، تەعنەک و مەگیدۆ و هەموو بێتشان ئەوەی لەتەنیشت چەرەتانە لە خوار یەزرەعیل، لە بێتشانەوە هەتا ئابێل مەحۆلا، هەتا ئەو بەری یۆقمەعام.
١٣بەنگەڤەر لە ڕامۆتی گلعاد، ئاواییەکانی یائیری کوڕی مەنەشە، ئەوەی لە گلعادە سەر بە ئەو بوون، لەگەڵ ناوچەی ئەرگۆڤ ئەوەی لە باشانە، شەست شاری گەورەی شوورابەند کە شمشیرەی دەرگاکانی لە بڕۆنز دروستکرا بوون.
١٤ئەحینادابی کوڕی عیدۆ لە مەحەنەیم بوو.
١٥ئەحیمەعەچ لە نەفتالی، ئەویش باسمەتی کچی سلێمانی هێنا ببێتە ژنی.
١٦بەعەنای کوڕی حوشەی لە ئاشێر و لە عالۆت بوو.
١٧یەهۆشافاتی کوڕی پاروەح لە یەساخار بوو.
١٨شیمعی کوڕی ئێلا لە بنیامین بوو.
١٩گەڤەری کوڕی ئوری لە خاکی گلعاد، خاکی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و عۆگی پاشای باشان، تاکە بریکار بوو لەسەر ناوچەکە.
٢٠یەهودا و ئیسرائیل لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە و دڵخۆش بوون.
٢١سلێمان دەسەڵاتدار بوو لەسەر هەموو پاشایەتییەکان، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر، سەرانەیان پێدەدا و بە درێژایی ژیانی خزمەتکاری سلێمان بوون.
٢٢ئازووقەی ڕۆژانەی سلێمان، سی کۆر لە باشترین ئارد و شەست کۆر بڕوێش،
٢٣دە گای قەڵەو و بیست گای لەوەڕگا و سەد مەڕ و بزن، جگە لە ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و پەلەوەری قەڵەو.
٢٤لەبەر ئەوەی فەرمانڕەوا بوو لەسەر هەموو شانشینەکانی ئەم بەری ڕووباری فورات، لە تیفسەحەوە هەتا غەزە، لە هەموو لایەکەوە ئاشتی هەبوو.
٢٥هەموو سەردەمی سلێمان یەهودا و ئیسرائیلی هەریەکە لەژێر دار مێو و دار هەنجیرەکەی خۆی بە ئاسوودەیی نیشتەجێ بوون، لە دانەوە هەتا بیری شابەع.
٢٦سلێمان چوار هەزار ئاخوڕی هەبوو بۆ ئەسپی گالیسکەکانی، لەگەڵ دوازدە هەزار ئەسپ.
٢٧ئەم بریکارانە ئازووقەیان دابین دەکرد بۆ سلێمانی پاشا و هەموو ئەوانەی دەهاتنە سەر خوانەکەی، هەریەکە و لە مانگی خۆی، ئیتر پێویستیان بە هیچ نەبوو.
٢٨جۆ و کاش بۆ ئەسپی گالیسکەکان و ئەسپەکانی دیکە دەهێنران بۆ ئەو شوێنەی کە لێی دەبوون، هەرکەسە و بەگوێرەی ئەرکی خۆی.
٢٩خودا دانایی و تێگەیشتنێکی زۆر زۆری دایە سلێمان، هەروەها مێشکێکی فراوان وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریایە.
٣٠دانایی سلێمان زیاتر بوو لە دانایی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەموو دانایی میسرییەکان.
٣١لە هەموو خەڵک داناتر بوو، تەنانەت داناتر بوو لە ئێیتانی ئەزراحی و لە هێیمان و لە کەلکۆل و لە دەردەعی کوڕانی ماحۆل، ناوبانگیشی لەنێو هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری بڵاو بووەوە.
٣٢سێ هەزار پەند و هەزار و پێنج سروودیشی هەبوو.
٣٣دەربارەی دارودرەخت قسەی کردووە، لە دار ئورزەوە ئەوەی لە لوبنانە هەتا ئەو زوفایەی لەبن دیوار دەڕوێت، هەروەها دەربارەی ئاژەڵ و باڵندە و خشۆک و ماسیش قسەی کردووە.
٣٤لە هەموو گەلانەوە دەهاتن بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان، هەموو پاشایانی زەوی کە دەربارەی داناییەکەی بیستبوویان خەڵکیان دەناردە لای.