کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم پەترۆس

یەکەم پەترۆس ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بۆیە هەموو ڕق و هەموو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هەموو زەمکردنێک دابکەنن.

٢وەک ساوای تازە لەدایک بوو، ئارەزووتان لە شیری ڕۆحی پاک بێت، تاکو بەمە بۆ ڕزگاری گەشە بکەن،

٣چونکە تامتان کردووە کە مەسیحی باڵادەست چاکە.

٤ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە،

٥ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیاد دەنرێن، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە،

٦چونکە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا هاتووە: ﴿ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم، گرنگترین بەردی بناغەی هەڵبژێردراو و گرانبەها، ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.﴾

٧بۆیە بۆ ئێوە کە باوەڕتان هێناوە ئەم بەردە گرانبەهایە، بەڵام بۆ بێباوەڕان، ﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە،﴾

٨هەروەها: ﴿دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.﴾ ئەوانە ساتمە دەکەن و دەکەون، چونکە گوێڕایەڵی وشەی خودا نین، هەر ئەمەشە چارەنووسیان.

٩بەڵام ئێوە گەلێکی هەڵبژێردراون، کاهینیێتی شاهانە، نەتەوەیەکی پیرۆز، گەلی تایبەتی خودان، تاکو چاکییەکانی ئەوە ڕابگەیەنن کە بانگی کردوون لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکییە سەرسوڕهێنەرەکەی.

١٠پێشتر گەل نەبوون، بەڵام ئێستا گەلی خودان، پێشتر بەزەییتان وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا بەزەییتان وەرگرتووە.

١١خۆشەویستان، ئێوە نامۆ و بێگانەن بەم جیهانە، هەر بۆیە لێتان دەپاڕێمەوە لە هەوەسەکانی جەستە دوور بکەونەوە، کە لە دژی دەروون دەجەنگن.

١٢با لەنێو بێباوەڕاندا ڕەوشتتان باش بێت، تاکو کاتێک بوختانتان پێ دەکەن گوایا ئێوە بەدکارن، کردەوە چاکەکانتان ببینن و لە ڕۆژی بەسەرکردنەوەی خودا، ئەوانیش خودا شکۆدار بکەن.

١٣لەبەر مەسیحی باڵادەست، ملکەچی هەموو دامودەزگایەکی مرۆڤانە بن: بۆ پاشا وەک دەسەڵاتدار،

١٤یان بۆ پارێزگاران وەک نێردراوی ئەو بۆ سزادانی بەدکاران و ستایشی چاکەکاران،

١٥چونکە خواستی خودا ئاوایە، بە چاکەکاری نەزانیی گێلەکان بێدەنگ بکەن.

١٦وەک مرۆڤی ئازاد بژین، بەڵام نەک ئازادی پەردەی بەدکاری بێت، بەڵکو وەک بەندەی خودا بژین.

١٧ڕێز لە هەمووان بگرن، هاوباوەڕانتان خۆشبوێ، لە خودا بترسن و ڕێز لە پاشا بگرن.

١٨ئەی کۆیلەکان، بە هەموو ترسەوە ملکەچی گەورەکانتان بن، نەک تەنها بۆ چاک و دڵنەرمەکان، بەڵکو بۆ توندەکانیش،

١٩چونکە ئەگەر کەسێک لەبەر ویژدانی بەرامبەر خودا بەرگەی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئەمە جێی ستایشە.

٢٠بەڵام ئەگەر هەڵەتان کرد و لێتان درا و بەرگەتان گرت، ئەمە چ شانازییەکە؟ بۆیە ئەگەر چاکە بکەن و لە ئازاردا بەرگەتان گرت، ئەمە جێی ستایشە لەلای خودا.

٢١بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن.

٢٢﴿ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو، فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.﴾

٢٣ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە.

٢٤ئەوەی خودی خۆی لە لەشیدا لەسەر دار گوناهەکانمانی هەڵگرت، تاکو سەبارەت بە گوناه بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاکبوونەوە.

٢٥ئێوە وەک مەڕی ونبوو وابوون، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە لای شوان و چاودێری گیانتان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.