١ئەی ژنەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی مێردەکانتان بن، تەنانەت ئەگەر هەندێکیان گوێڕایەڵی وشەی خودا نەبوون، ئەوا ژنەکان بێ وشە بە ڕەوشتیان دەیانبەنەوە،
٢کاتێک لەخواترسی و ڕەوشتی پاکتان ببینن.
٣با ڕازاوەییتان دەرەکی نەبێت، لە ئەگریجەی پرچ و زێڕ بەخۆوەکردن و جلی باش لەبەرکردن،
٤بەڵکو لەناو دڵتاندا شاراوە و لەناونەچوو بێ، ڕازاندنەوەی ڕۆحێکی نەرم و هێمن، ئەوەی لەلای خودا گرانبەهایە،
٥چونکە بەم شێوەیە ژنە پیرۆزەکان لە کۆندا، کە هیوایان بە خودا بوو، خۆیان دەڕازاندەوە، ملکەچی مێردەکانیان دەبوون،
٦وەک سارا گوێڕایەڵی ئیبراهیم بوو، بە گەورە بانگی دەکرد. ئێوەش بوونەتە کچی ئەو، ئەگەر چاکە بکەن و لە هیچ شتێک نەترسن.
٧بە هەمان شێوە، مێردەکان، بە هەستیارییەوە لەگەڵ ژنەکانتاندا بژین و ئەوە لەبەرچاو بگرن کە لە ئێوە ناسکترن. ڕێزیان بگرن، چونکە لەگەڵتاندا هاومیراتی نیعمەتی ژیانن، بۆ ئەوەی نوێژەکانتان کۆسپی تێنەکەوێت.
٨لە کۆتاییدا، هەمووتان یەک بیروڕاتان هەبێ، هاوسۆزبن و یەکتریتان خۆشبوێت، میهرەبان و ڕۆحسووک بن.
٩خراپە بە خراپە مەدەنەوە، نە جنێویش بە جنێو، بەڵکو بە پێچەوانەوە داوای بەرەکەت بکەن و بزانن ئێوە بۆ ئەمە بانگکراون، تاکو ببنە میراتگری بەرەکەت،
١٠چونکە ﴿ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆشبوێت و ڕۆژگاری خۆش ببینێت، با زمانی لە خراپە بپارێزێت و لێوەکانی لە فێڵبازی.
١١با لە خراپە لابدات و چاکە بکات، با بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت و کۆششی بۆ بکات،
١٢چونکە چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە. بەڵام ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە.﴾
١٣کێ ئازارتان دەدات ئەگەر بۆ چاکە دڵگەرم بن؟
١٤بەڵام ئەگەر لەبەر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئەوا خۆزگە بە ئێوە. ﴿مەترسن لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقن.﴾
١٥بەڵکو مەسیح وەک پەروەردگار لە دڵتاندا تەرخان بکەن، هەردەم ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری هەر یەکێک سەبارەت بەم هیوایەی لە ئێوەدایە، بەڵام بە دڵنەرمی و ڕێزەوە.
١٦هەروەها ویژدانێکی باشتان هەبێت، هەتا ئەوانەی بوختان بە سەربوردە باشەکانتان دەکەن کە بەرهەمی یەکبوونتانە لەگەڵ مەسیح، لە قسەکانیان شەرمەزار بن،
١٧چونکە باشترە، ئەگەر خواستی خودا بێت، لەبەر چاکەکاری ئازار بدرێن، نەک خراپەکاری.
١٨لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە،
١٩بەمەش ڕۆحی مەسیح چوو مزگێنی دا بە ڕۆحە زیندانییەکان،
٢٠بەوانەی کە لە کۆندا یاخی بوون، کاتێک خودا لە ڕۆژانی نوحدا بە پشوودرێژییەوە چاوەڕوان بوو، کە کەشتییەکە ئامادە دەکرا. تەنها هەشت کەس لەو کەشتییەدا بوون و بە ئاو ڕزگار بوون.
٢١ئەمەش هێمای لەئاوهەڵکێشانە کە ئێستا ڕزگارتان دەکات، نەک سڕینەوەی پیسی جەستە، بەڵکو بەڵێنی ویژدانێکی باش بۆ خودا، بە هەستانەوەی عیسای مەسیح،
٢٢ئەوەی بەرەو ئاسمان ڕۆیشت و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت، فریشتە و دەسەڵاتدار و هێزەکان ملکەچن بۆی.