کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم پەترۆس

یەکەم پەترۆس ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١وەک مەسیح بە جەستە ئازاری چێژت، ئێوەش خۆتان بەم بیروڕایە چەکدار بکەن، چونکە ئەوەی بە جەستە ئازار بچێژێ لە گوناهکردن دەوەستێ،

٢تاکو ئەو کاتەی بە جەستە لە ژیاندا ماوە بۆ هەوەسی مرۆڤانە نەژی، بەڵکو بۆ خواستی خودا.

٣ئیتر ئەو کاتەی لە ئەنجامدانی خواستی بێباوەڕان بەسەرتان برد بەسە، لە بەڕەڵایی، هەوەسبازی، سەرخۆشی، ڕابواردن، ئاهەنگی شەرابخواردنەوە، بتپەرستیی قێزەون.

٤لەمە سەرسام دەبن کە لەگەڵیان ڕاناکەن بۆ لافاوی هەمان بەدڕەوشتی و جنێوتان پێدەدەن.

٥بەڵام ئەوانە حیسابی خۆیان دەدەن بەوەی کە ئامادەیە مردووان و زیندووان حوکم بدات،

٦چونکە بەم هۆیەوە مژدە درایە مردووانیش، تاکو بەگوێرەی خەڵک لە جەستەدا حوکم بدرێن، بەڵام بەگوێرەی خودا لە ڕۆحدا بژین.

٧کۆتایی هەموو شتێک نزیک بووەتەوە. بۆیە ژیر و چاوکراوە بن تاکو نوێژ بکەن.

٨لە سەرووی هەموو شتێکەوە خۆشەویستیتان بۆ یەکتری بەهێز بێت، چونکە خۆشەویستی گوناهی زۆر دادەپۆشێت.

٩بێ بۆڵەبۆڵ میوانداریەتی یەکتری بکەن.

١٠هەریەکە بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی وەریگرتووە، خزمەتی یەکتری پێ بکەن، وەک سەرکارێکی باش لەسەر نیعمەتە جۆراوجۆرەکانی خودا.

١١ئەگەر کەسێک وتار دەدات، با بە جۆرێک بدوێت وەک کەسێک کە پەیامی خودا ڕابگەیەنێت. ئەگەر کەسێک خزمەت دەکات، با بەو هێزەوە بیکات کە خودا دابینی کردووە، تاکو لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە خودا لە هەموو شتێکدا شکۆدار بێت. هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.

١٢خۆشەویستان، لەلاتان سەیر نەبێ لە تاقیکردنەوەتان بەڵای سووتێنەر تووشتان دێت، وەک بڵێی شتێکی سەیرتان بەسەرهاتووە،

١٣بەڵکو دڵخۆش بن وەکو ئەوەی کە بەشداریتان لە ئازارەکانی مەسیحدا کردبێت، تاکو لە ئاشکراکردنی شکۆیەکەی دڵخۆش و شادمان بن.

١٤ئەگەر بە ناوی مەسیح جنێوتان پێدرا، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، چونکە ڕۆحی شکۆ و خودا دێتە سەرتان.

١٥با کەستان وەک بکوژێک یان دزێک یان بەدکارێک یاخود یەکێک دەست لە کاروباری خەڵک وەربدات ئازار نەچێژێ،

١٦بەڵام ئەگەر وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن، شەرم مەکەن، بەڵکو ستایشی خودا بکەن کە ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە،

١٧چونکە کاتی دەستپێکردنی لێپرسینەوەیە لە گەلی خودا. ئەگەر دەستپێک لە ئێمەوە بێت، کۆتایی ئەوانە چی دەبێت کە گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی خودا نابن؟

١٨﴿ئەگەر کەسی ڕاستودروست بە زەحمەت ڕزگاری ببێت، ئەی چارەنووسی خراپەکار و گوناهبار چۆن دەبێت؟﴾

١٩بۆیە ئەوانەی بەگوێرەی خواستی خودا ئازار دەدرێن، با خۆیان بدەنە دەست بەدیهێنەری دڵسۆز و بەردەوام بن لە چاکەکاری.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.