کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم پەترۆس

یەکەم پەترۆس ٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١وەک پیرێکی هاوڕێتان، داوا لەو پیرانە دەکەم کە لەنێوتاندان، شایەتی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆیەی وا ڕادەگەیەنرێ:

٢ئەو مێگەلەی خودا بلەوەڕێنن کە لەنێوانتاندایە، وەک چاودێر خزمەتیان بکەن، نەک بە ناچاری، بەڵکو بە ویستەوە وەک چۆن خودا دەیەوێت، نەک بۆ دەستکەوتی شەرمەزاری، بەڵکو بە چالاکییەوە،

٣خۆتان بەسەر ئەوانەدا مەسەپێنن کە دراونەتە دەستتان، بەڵکو ببنە نموونە بۆ مێگەل.

٤کاتێکیش سەرۆکی شوانان دەردەکەوێ، تاجی شکۆ وەردەگرن کە کاڵ نابێتەوە.

٥ئەی لاوەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی پیران بن، هەمووتان بەرامبەر بە یەکتر بێفیز بن، چونکە: ﴿خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات، بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.﴾

٦بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن، تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە.

٧هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن، چونکە ئەو بایەختان پێدەدات.

٨چاوکراوە بن و ئێشک بگرن، شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ دەسووڕێتەوە، بەدوای یەکێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیخوات.

٩بەربەرەکانێی بکەن، لە باوەڕەکە بچەسپێن، بزانن خوشک و براکانیشتان لە جیهاندا هەمان ئازار دەچێژن.

١٠خودای هەموو نیعمەتێک، ئەوەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بانگی کردوون بۆ شکۆیە هەتاهەتاییەکەی، کە تۆزێک ئازارتان چێژت، خۆی ڕاستە ڕێتان دەکات و واتان لێ دەکات کە بەهێز و چەسپاو و دەمەزراو بن.

١١هەتاهەتایە دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.

١٢بەهۆی سیلا، کە بە برای دڵسۆزی دەزانم، بە کورتی بۆم نووسین، هانتان دەدەم و شایەتی دەدەم، ئەمە نیعمەتە ڕاستەقینەکەی خودایە. تێیدا بچەسپێن.

١٣ئەوەی لە بابل وەک ئێوە هەڵبژێردراوە، سڵاوتان لێدەکات، هەروەها مەرقۆسی ڕۆڵەم.

١٤بە ماچی خۆشەویستی سڵاو لە یەکتری بکەن. ئاشتی بۆ هەمووتان بێت کە لەگەڵ مەسیح یەکن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.