کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم سالۆنیکی

یەکەم سالۆنیکی ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە پۆڵس و سیلا و تیمۆساوسەوە، بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان کە لەگەڵ خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک: با نیعمەت و ئاشتیتان لەگەڵ بێت.

٢هەموو کات لە پێناوی هەر یەکێکتاندا سوپاسی خودا دەکەین و بێ بڕانەوە لە نوێژەکانمان یادتان دەکەین،

٣بەردەوام لەبەردەم خودای باوکماندا ئەو کارانەتان بەبیر دەهێنینەوە کە بەرهەمی باوەڕتانە، هەروەها ئەو ڕەنجەتان کە لە خۆشەویستییەوەیە و ئەو دانبەخۆداگرتنەشتان کە سەرچاوە دەگرێت لە هیواتان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.

٤ئەی خوشکان و برایان، خۆشەویستانی خودا، دەزانین کە خودا ئێوەی هەڵبژاردووە،

٥چونکە تەنها بە قسە پەیامی ئینجیلمان بۆ نەهێنان، بەڵکو بە هێز و بە ڕۆحی پیرۆز و بە دڵنیایی تەواوەوە، وەک دەزانن لە پێناوی ئێوە لەنێوانتاندا چ جۆرە کەسێک بووین.

٦ئێوەش لاسایی ئێمە و مەسیحی خاوەن شکۆتان کردەوە، لە تەنگانەیەکی گەورەدا بە خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان لە پەیامەکە کرد،

٧تاکو بوونە نموونە بۆ هەموو باوەڕداران لە مەکدۆنیا و ئەخایا.

٨پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای ئێوەوە بڵاو کرایەوە، نەک تەنها لە مەکدۆنیا و ئەخایا، بەڵکو ناوبانگی باوەڕتان بە خودا لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بووەتەوە. لەبەر ئەوە پێویست ناکات هیچ شتێک بڵێین،

٩چونکە خۆیان باسمان دەکەن کە پێشوازیتان لە ئێمە چۆن بووە و چۆن لە بتپەرستییەوە گەڕاونەتەوە بۆ لای خودا، تاکو خودای زیندوو و ڕاست بپەرستن و

١٠چاوەڕێی کوڕەکەی بکەن لە ئاسمان، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، مەبەست لە عیسایە، کە لە تووڕەیی داهاتووی خودا دەربازمان دەکات.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.