کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم سالۆنیکی

یەکەم سالۆنیکی ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خوشکان و برایان، خۆتان دەزانن هاتنمان بۆ لاتان بێ سوود نەبوو،

٢بەڵکو وەک دەزانن پێشتر لە فیلیپی ئازارمان چێژت و سووکایەتیمان پێ کرا، بەڵام بە پشتیوانی خودا سەرەڕای دژایەتییەکی زۆر، ئازایانە باسی مزگێنیی خودامان بۆ کردن.

٣مەبەستی ئێمە لە هاندانتان چەواشەکردن و بەڕەڵایی و خەڵەتاندن نییە،

٤بەڵکو هەروەک چۆن لەلایەن خوداوە پەسەند کرابین کە متمانەی مزگێنیمان بدرێتێ، بە هەمان شێوە دەدوێین، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک نییە، بەڵکو ڕەزامەندی خودا، کە دڵمان تاقی دەکاتەوە.

٥خودا شایەتە، نە زمانلووسیتان بۆ دەکەین و نە لەبەر چاوچنۆکییە، وەک دەزانن،

٦چاوەڕوانی ستایش و پێداهەڵدانی خەڵک نەبووین، نە لە ئێوە و نە لە کەسانی دیکەش. وەک نێردراوانی مەسیح دەمانتوانی بارگرانی بین لەسەرتان،

٧بەڵام نەرمونیان بووین لەگەڵتاندا، وەک دایکێک شیر بداتە منداڵەکانی.

٨بە ڕادەیەک ئێوەمان خۆشویست کە ئامادەبووین نەک تەنها مزگێنیی خودا بەڵکو خۆشمان لەگەڵتاندا بەش بکەین، چونکە ئێوە لەلای ئێمە زۆر ئازیز بوون.

٩خوشکان و برایان، دڵنیام ڕەنج و ماندووبوونی ئێمەتان لە یادە، شەو و ڕۆژ کارمان دەکرد، تاکو بەسەر کەستانەوە نەبینە بار، کاتێک مزگێنیی خودامان بۆ ڕاگەیاندن.

١٠ئێوە و خوداش شایەتن کە لەنێو ئێوەی باوەڕداردا چۆن بە پیرۆزی و ڕاستودروستی و بێ گلەیی ڕەفتارمان کردووە.

١١هەروەک دەزانن کە ئێمە لەگەڵ هەریەک لە ئێوە وەکو باوکێک هەڵسوکەوتمان کرد، وەک چۆن باوکێک لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات،

١٢هانمان دەدان و ورەمان بەرز دەکردنەوە و لێتان دەپاڕاینەوە، بە شێوەیەک بژین شایانی خودا بێت، ئەوەی بۆ شانشین و شکۆی خۆی بانگتان دەکات.

١٣لەبەر ئەمە بێ بڕانەوە سوپاسی خودا دەکەین، چونکە پەیامی خوداتان وەک پەیامی مرۆڤ لە ئێمە وەرنەگرت، بەڵکو وەک بەڕاستی وشەی خودا بێت، لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە، ئەوەی لەناو ئێوەی باوەڕداریشدا کار دەکات.

١٤ئەی خوشکان و برایان، ئێوە بوون بە لاساییکەرەوەی کڵێساکانی خودا لە یەهودیا، واتا ئەوانەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونەتە یەک، چونکە ئێوە بە دەستی هاوڵاتییەکانی خۆتان هەمان ئەو ئازارانەتان کێشا کە باوەڕدارانی یەهودیا بە دەستی جولەکەکان کێشایان،

١٥ئەوانەی عیسای خاوەن شکۆ و پێغەمبەرانیان کوشت و ئێمەیان چەوساندەوە. خودا ڕازی ناکەن و لە دژی هەموو خەڵکن،

١٦ڕێگامان لێ دەگرن لەوەی بۆ نەتەوەکان بدوێین تاکو ڕزگاربن، بەمەش کاسەی گوناهەکانیان سەرڕێژ دەکەن. بەڵام لە کۆتاییدا تووڕەیی خودا هاتووەتە سەریان.

١٧بەڵام ئەی خوشکان و برایان، ئێمە کە بۆ ماوەیەکی کورت لێتان دوور کەوتینەوە، بە چاو نەک بە دڵ، زۆر شەیدا و پەرۆشی بینینتان بووین.

١٨ویستمان بێینە لاتان، لە ڕاستیدا خۆم وەک پۆڵس چەند جارێک هەوڵم دا، بەڵام شەیتان ڕێی لێگرتین.

١٩هیوا و خۆشی و تاجی شانازیمان لەبەردەم عیسای خاوەن شکۆمان چییە لە کاتی هاتنیدا؟ ئایا ئێوە نین؟

٢٠ئێوە شکۆ و خۆشیمانن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.