کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم تیمۆساوس

یەکەم تیمۆساوس ٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە. وەک برا لەگەڵ گەنجان هەڵسوکەوت بکە،

٢وەک دایک لەگەڵ پیرێژن، لەگەڵ کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی.

٣ڕێز لەو بێوەژنانە بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن.

٤بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا.

٥بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە.

٦بەڵام ئەوەی بە چێژی دنیایی دەژیێت، بە زیندوویی مردووە.

٧جا ئەمانەیان پێ ڕابسپێرە تاکو بێ گلەیی بن.

٨بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.

٩ئەگەر بێوەژنێک تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت، لە لیست بنووسرێت.

١٠هەروەها دەبێت بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت.

١١بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک ئارەزووەکانیان زاڵ دەبێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن.

١٢ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە.

١٣هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی هەندێک شت دەکەن کە پێویست نییە.

١٤بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت و ماڵ بەڕێوە ببەن و دەرفەت نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان،

١٥چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون.

١٦ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن.

١٧ئەو پیرانەی کە بە باشی کڵێسا بەڕێوەدەبەن، شایانی ڕێزێکی دووقاتن، بە تایبەت ئەوانەی لە وتاردان و فێرکردنی وشەی خودا ماندوو دەبن،

١٨چونکە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە،﴾ هەروەها: ﴿کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی.﴾

١٩سکاڵا لەسەر هیچ پیرێک قبوڵ مەکە، بە دوو یان سێ شایەت نەبێت.

٢٠ئەوانەی گوناه دەکەن لەبەردەم هەمووان سەرزەنشتیان بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بترسن.

٢١لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکان ڕاتدەسپێرم، ئەم ڕاسپاردانە بە بێ لایەنگری بەجێبگەیەنە و هیچ شتێک بە دەمارگیرییەوە مەکە.

٢٢بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ و بەشداری گوناهی خەڵکی دیکە مەکە. خۆت بە پاکی ڕابگرە.

٢٣ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت، هەندێک شەراب بخۆوە.

٢٤هەندێک کەس گوناهەکانیان ئاشکرایە و پێشیان دەکەوێت بۆ حوکمدان، بەڵام هەندێکی دیکە دوایان دەکەوێت.

٢٥بە هەمان شێوە کرداری چاک ئاشکرایە، تەنانەت ئەوانەی ئاشکراش نین ناتوانرێ بشاردرێتەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.