کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم تیمۆساوس

یەکەم تیمۆساوس ٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەموو ئەوانەی لەژێر نیری کۆیلایەتیدان، با گەورەکانیان بە شیاوی ئەوپەڕی ڕێز بزانن، تاکو کفر بە ناوی خودا و فێرکردنەکەی نەکرێت.

٢ئەوانەی گەورەکانیان باوەڕدارن با سووکایەتییان پێ نەکەن، چونکە برای باوەڕدارن. لە جێگەی ئەوە، با زیاتر خزمەتیان بکەن، لەبەر ئەوەی ئەوانەی سوود لە خزمەتیان وەردەگرن باوەڕدار و خۆشەویستن. جا ئەمانەیان فێربکە و هانیان بدە.

٣ئەگەر کەسێک بە جۆرێکی دیکە خەڵک فێردەکات کە ناگونجێت لەگەڵ پەیامی دروستی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و لەگەڵ ئەو فێرکردنەی لەسەر لەخواترسی ڕاوەستاوە،

٤ئەوا لووتبەرزە و هیچ تێناگات، حەز لە شەڕەقسە و دەمەقاڵێ دەکات کە دەبێتە هۆی چاوپیسی، ناکۆکی، بوختان، گومانی خراپ و

٥ململانێ. ئەمانەش ئەو کەسانە دەیکەن کە بیریان خراپ بووە و ڕاستییان لێ ون بووە و لەخواترسی بە بازرگانی دادەنێن.

٦بەڵام لەخواترسی ئەگەر بە قایلبوون بێت قازانجێکی گەورەیە.

٧لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە.

٨جا ئەگەر خواردن و پۆشاکمان هەیە با پێی ڕازیبین.

٩بەڵام ئەوانەی حەز دەکەن دەوڵەمەند بن، دەکەونە تاقیکردنەوە و داوەوە، هەروەها دەکەونە نێو زۆر ئارەزووی گەوجانە و زیانبەخشەوە، کە وا دەکات مرۆڤ تێبکەوێت و لەناوبچێت.

١٠لەبەر ئەوەی خۆشویستنی پارە یەکێکە لە سەرچاوەکانی هەموو جۆرە خراپەکارییەک، هەندێک کەس بەدوایدا گەڕان ون بوون لە باوەڕەکەیان و خۆیان تووشی ئازارێکی زۆر کرد.

١١بەڵام تۆ، ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە. بەدوای ڕاستودروستی و لەخواترسی و باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن و دڵنەرمیدا بگەڕێ.

١٢لە کێشمەکێشی باوەڕەکەدا باش تێبکۆشە. دەست بە ژیانی هەتاهەتاییەوە بگرە، ئەوەی خودا بانگی کردووی بۆی، کاتێک لەبەردەم چەندین شایەتدا بە باشی دانت پێدا نا.

١٣ڕاتدەسپێرم لەبەردەم خودا، ئەوەی ژیان بە هەمووان دەدات و لەبەردەم عیسای مەسیح، ئەوەی شایەتی باشی دا لەلای پیلاتۆسی پۆنتی،

١٤کە بە پاکی و بێ گلەیی ئەو ڕاسپاردانە بپارێزیت، هەتا ڕۆژی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان،

١٥ئەوەی خودا لە کاتی دیاریکراو دەریدەخات. خودا، بەرەکەتدار و تاقە سەرۆک، پاشای پاشایان، گەورەی گەورەکان،

١٦تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، ئەوەی کەس نەیبینیوە و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئەوە ڕێز و توانای هەتاهەتایی! ئامین.

١٧دەوڵەمەندەکانی ئەم ڕۆژگارە ڕابسپێرە لووتبەرز نەبن و هیوایان بە سامانی لەناوچوو نەبێت، بەڵکو بە خودا، کە هەموو شتێکمان بە تێروپڕی دەداتێ تاکو خۆشیی لێ ببینین.

١٨ڕایانبسپێرە چاکە بکەن و لە کاری چاکەدا دەوڵەمەند بن، دڵفراوان بن و ئامادەبن بەشی خەڵکی دیکە بدەن،

١٩بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێکی ڕاستەقینە بەدەستدەهێنن.

٢٠تیمۆساوس، سپاردەکە بپارێزە. خۆت دووربخەرەوە لە هەموو کفرێکی هیچوپووچ و لەو وتە بێ کەڵکانەی بە درۆ ناونراون زانست،

٢١کە هەندێک کردیانە پیشە و لە ڕێگای باوەڕەکە گومڕا بوون. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.