کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پوختەی مێژوو

دووەم پوختەی مێژوو ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک یەهۆشافاتی پاشای یەهودا بە سەلامەتی گەڕایەوە کۆشکەکەی لە ئۆرشەلیم،

٢یێهوی کوڕی حەنانی، ئەوەی پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند، چووە لای و بە یەهۆشافات پاشای گوت: «ئایا دەبوو یارمەتی خراپەکار بدەیت و ئەوانەت خۆشبوێت کە ڕقیان لە یەزدانە؟ لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانت لەسەرە.

٣بەڵام هەندێک کاری چاکت لێ بەدی کراوە، چونکە ستوونە ئەشێراکانت لە خاکەکەدا داماڵی و خۆتت تەرخان کردووە بۆ ڕوو لە خودا کردن.»

٤یەهۆشافات لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، دیسان لە ئۆرشەلیم هاتە دەرەوە و بەناو گەلدا گەڕا، لە بیری شابەعەوە هەتا ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و ئەوانی بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان گەڕاندەوە.

٥هەروەها دادوەری لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا دانا و

٦بە دادوەرەکانی گوت: «ئاگاداربن ئێوە چی دەکەن، چونکە ئێوە دادوەری بۆ مرۆڤ ناکەن، بەڵکو بۆ یەزدان، ئەویش لە بڕیارداندا لەگەڵتان دەبێت.

٧ئێستاش با ترسی یەزدانتان لە دڵدا بێت و ئاگاداربن و کار بکەن، چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارمان ناڕەوایی و لایەنگری و بەرتیل خواردن نییە.»

٨هەروەها یەهۆشافات لە لێڤی و کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل چەند کەسێکی لە ئۆرشەلیم دانا بۆ دادوەریکردن بەگوێرەی فێرکردنی یەزدان و بۆ ناوبژیکردنی ناکۆکییەکان، ئەوانیش لە ئۆرشەلیم دانیشتن.

٩فەرمانی پێ کردن و گوتی: «بە لەخواترسی و دڵسۆزی و بە هەموو دڵەوە کار بکەن.

١٠هەر داوایەک کە برایانی دانیشتووی شارەکانتان دەیهێننە لاتان، پەیوەست بێت بە خوێنڕشتن یان بە فێرکردنەکان سەبارەت بە فەرمان و حوکمەکان، ئەوا ئاگاداریان بکەنەوە لە دژی یەزدان تاوان نەکەن، نەوەک تووڕەیی یەزدان بێتە سەر خۆتان و گەلەکەتان. ئەگەر بەم شێوەیە بکەن، تاوان ناکەن.

١١«ئەمەریای سەرۆک کاهین لە هەموو کاروبارەکانی یەزدان سەرپەرشتیتان دەکات، زەڤەدیای کوڕی ئیسماعیلیش کە سەرۆکی هۆزی یەهودایە، لە هەموو کاروبارەکانی پاشا سەرپەرشتیتان دەکات و لێڤییەکانیش وەکو کاربەدەست یارمەتیدەرتان دەبن. ئازابن و دەستبەکار بن، با یەزدانیش لەگەڵ چاکەکاران بێت.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.