کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پوختەی مێژوو

دووەم پوختەی مێژوو ٢٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پاش ئەوەی مۆئابی و عەمۆنییەکان کە هەندێک مەعونیشیان لەگەڵ بوو، هاتن بۆ ئەوەی لە دژی یەهۆشافات بجەنگن.

٢کەسانێک هاتن و بە یەهۆشافاتیان ڕاگەیاند و گوتیان: «سوپایەکی زۆر گەورە لەوبەری دەریای مردووەوە لە ئەدۆمەوە بەڕێکەوتوون بێنە سەرت، وا ئێستا لە حەچەچۆن تامارن» (کە کانی گەدی پێ دەگوترێت).

٣یەهۆشافاتیش ترسا و بڕیاری دا پرسیار لە یەزدان بکات، ئیتر لە هەموو یەهودا ڕۆژووی ڕاگەیاند.

٤خەڵکی یەهودا کۆبوونەوە بۆ نزا و داواکردنی یارمەتی لە یەزدان، هەروەها لە هەموو شارۆچکەکانی یەهوداوە هاتن هەتا ڕوو لە یەزدان بکەن.

٥ئینجا یەهۆشافات لەنێو کۆمەڵی یەهودا و ئۆرشەلیم لە پەرستگای یەزدان بەرامبەر بە حەوشە نوێیەکە وەستا و

٦گوتی: «ئەی یەزدان، خودای باوباپیرانمان، ئایا تۆ ئەو خودایە نیت کە لە ئاسمانە؟ تۆ فەرمانڕەوای هەموو پاشایەتی نەتەوەکانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدایە و کەس نییە خۆی لەبەردەمت ڕابگرێت.

٧ئەی خودامان، ئایا تۆ نەبوویت کە دانیشتووانی ئەم خاکەت لەبەردەم ئیسرائیلی گەلت وەدەرنا و هەتاهەتایە بە وەچەی ئیبراهیمی دۆستی خۆتت دا؟

٨تێیدا نیشتەجێ بوون و لەناویدا پیرۆزگایەکیان بۆ ناوت بنیاد نا و گوتیان:

٩”ئەگەر خراپە بێتە سەرمان، شمشێر و حوکم بەسەردادان و پەتا و قاتوقڕی، لەبەردەم ئەم پەرستگایە و لەبەردەمت ڕادەوەستین، چونکە ئەم پەرستگایە کە هەڵگری ناوی تۆیە و لە تەنگانەماندا هاوارت بۆ دەکەین و گوێت لێ دەبێت و ڕزگارمان دەکەیت.“

١٠«ئێستاش تەماشا بکە، سوپاکانی عەمۆن و مۆئاب و کێوی سێعیر، ئەوانەی ڕێگات بە ئیسرائیل نەدا پەلاماریان بدەن کاتێک لە خاکی میسرەوە هاتن. ئیتر ئیسرائیلیش خۆی لێیان لادا و لەناویان نەبردن.

١١ببینە، چۆن ئێستا ئەوان بە خراپە پاداشتمان دەدەنەوە، لەو موڵکە دەرماندەکەن کە تۆ بە میرات پێتداین.

١٢ئەی خودای ئێمە، ئایا حوکمیان بەسەردا نادەیت؟ چونکە ئێمە توانامان نییە بەرامبەر ئەو سوپا زۆر گەورەیەی پەلامارمان دەدەن و ئێمە نازانین چی بکەین بەڵام چاومان لە تۆیە.»

١٣هەموو پیاوانی یەهوداش لەبەردەم یەزدان ڕاوەستابوون، هەروەها ژن و منداڵ و کوڕەکانیشیان.

١٤ئینجا لەنێو کۆمەڵەکە ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەحەزیێلی کوڕی زەکەریای کوڕی بەنایای کوڕی یەعیێلی کوڕی مەتەنیای لێڤی لە نەوەی ئاساف.

١٥گوتی: «ئەی هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم و یەهۆشافاتی پاشا، گوێ بگرن! یەزدان بەم جۆرە بە ئێوە دەفەرموێت: ”مەترسن و ورە بەرمەدەن لەبەردەم ئەو سوپا زۆرە، چونکە جەنگەکە هی ئێوە نییە بەڵکو هی خودایە.

١٦سبەینێ دابەزنە سەریان، ئەوان وا لە هەورازەکەی زیز سەردەکەون، لەوپەڕی دەربەندەکە لە بەرامبەر چۆڵەوانی یەروئێل دەیاندۆزنەوە.

١٧پێویست ناکات لەم شەڕە بجەنگن. ئەی یەهودا و ئۆرشەلیم، ڕاوەستن و مەجوڵێن و تەماشا بکەن چۆن یەزدان ڕزگارتان دەکات. مەترسن و ورە بەرمەدەن، سبەینێ بۆ بەرەنگاربوونەوەیان بچن و یەزدان لەگەڵتان دەبێت.“»

١٨یەهۆشافات کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش لەبەردەم یەزدان لەسەر ڕوو کەوتن و کڕنۆشیان برد.

١٩ئینجا لێڤییەکان لە نەوەی قەهاتی و قۆرەحییەکان هەستانەوە بۆ ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە دەنگێکی زۆر بەرز.

٢٠بەیانی زوو لە خەو هەستان و چوون بۆ چۆڵەوانی تەقۆعە، لە کاتی بەڕێکەوتنیان یەهۆشافات ڕاوەستا و گوتی: «ئەی خەڵکی یەهودا و ئۆرشەلیم، گوێم لێ بگرن! بڕواتان بە یەزدانی پەروەردگارتان هەبێت، دڵنیابن و بڕواتان بە پێغەمبەرەکانی هەبێت سەرکەوتوو دەبن.»

٢١لەدوای ئەوەی یەهۆشافات ڕاوێژی بە گەل کرد، گۆرانیبێژی دانا بۆ ئەوەی ستایشی یەزدان بکەن بۆ شکۆی پیرۆزی، کاتێک لەپێش سوپاکە دەڕۆن بڵێن: «سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

٢٢کاتێک دەستیان بە گۆرانی و ستایش کرد، یەزدان چەند بۆسەیەکی بۆ عەمۆنی و مۆئابییەکان و خەڵکی کێوی سێعیر نایەوە کە هاتبوون بۆ پەلاماردانی یەهودا، ئیتر شکان.

٢٣عەمۆنی و مۆئابییەکان هەڵیانکوتایە سەر دانیشتووانی کێوی سێعیر تاکو قڕیان بکەن و لەناویان ببەن. دوای ئەوەی لە کوشتوبڕی دانیشتووانی سێعیر بوونەوە، بەربوونە یەکتری و یەکترییان لەناوبرد.

٢٤کاتێک پیاوانی یەهودا گەیشتنە شوێنی چاودێریکردن لە چۆڵەوانی، تەماشای ئاپۆرەی سوپاکەیان کرد هەموو لاشەن و لەسەر زەوییەکە کەوتوون و کەس دەرباز نەبووە.

٢٥ئیتر یەهۆشافات و گەلەکەی هاتن بۆ تاڵانکردنی دەستکەوتەکان، جا شتومەک و جلوبەرگ و کەلوپەلی گرانبەهای زۆریان دۆزییەوە، بەڵام هێندە زۆر بوو کە نەیانتوانی باریان بکەن. سێ ڕۆژ خەریکی تاڵان بردن بوون.

٢٦لە ڕۆژی چوارەم لە دۆڵی بەراخا کۆبوونەوە، لەوێش ستایشی یەزدانیان کرد، لەبەر ئەوە شوێنەکەیان ناو نا دۆڵی بەراخا کە هەتا ئەمڕۆش بەو ناوەوە ناودەبردرێت.

٢٧ئینجا هەموو پیاوانی یەهودا و ئۆرشەلیم بە ڕابەرایەتی یەهۆشافات بە خۆشییەوە گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم، چونکە یەزدان بە دوژمنەکانیان خۆشی کردن.

٢٨بە قیسارە و ساز و کەڕەناوە چوونە ناو ئۆرشەلیمەوە بۆ پەرستگای یەزدان.

٢٩بەو شێوەیە ترسی یەزدان لە هەموو پاشایەتی خاکەکانی دیکە نیشت، کاتێک کە بیستیانەوە یەزدان شەڕی لەگەڵ دوژمنەکانی ئیسرائیلدا کردووە.

٣٠ئیتر ئاشتی لەنێو پاشایەتییەکەی یەهۆشافات بەرقەرار بوو، خودا لە هەموو لایەکەوە حەساندییەوە.

٣١یەهۆشافات بەم شێوەیە پاشایەتی یەهودای کرد. لە تەمەنی سی و پێنج ساڵی بوو بە پاشای یەهودا، بیست و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی عەزوڤای کچی شیلحی بوو.

٣٢ڕێچکەی ئاسای باوکی گرتەبەر و لێی لانەدا، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە کردی.

٣٣بەڵام هێشتا نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا بە تەواوی دڵیان بە خودای باوباپیرانیان نەدابوو.

٣٤ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆشافات لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی یێهوی کوڕی حەنانی تۆمار کراون، ئەوەی لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

٣٥پاش ئەمانە یەهۆشافاتی پاشای یەهودا لەگەڵ ئەحەزیای پاشای ئیسرائیلدا کە خراپەکار بوو هاوپەیمانییەتی بەست.

٣٦یەکیانگرت لە دروستکردنی کەشتی بازرگانی و لە عەچیۆن گەڤەر چەند کەشتیگەلێکیان دروستکرد.

٣٧بەڵام ئەلیعەزەری کوڕی دۆداڤاهو کە خەڵکی مارێشا بوو لەسەر یەهۆشافات پێشبینی کرد و گوتی: «لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەحەزیا هاوپەیمانییەتیت بەست، ئەوەی ئێوە دروستتان کرد یەزدان تێکیدەشکێنێت.» ئیتر کەشتییەکان شکان و نەیانتوانی گەشتی بازرگانی بکەن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.