کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پوختەی مێژوو

دووەم پوختەی مێژوو ٢٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئاحاز گەنجێکی بیست ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. بە پێچەوانەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو نەیکرد،

٢بەڵکو هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلی گرتەبەر و چەند بتێکی داڕێژراویشی بۆ بەعلەکان دروستکرد.

٣ئەو بوو کە لە دۆڵی بەن‌هینۆم بخووری سووتاند و کوڕەکانی خۆشی کردە قوربانی سووتاندن، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردن.

٤هەروەها لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا قوربانی سەربڕی و بخووری سووتاند.

٥لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئەوی دایە دەست پاشای ئارام. ئارامییەکانیش تێکیان شکاند و دیلێکی زۆریان لێ ڕاپێچ کردن و ئەوانیان هێنایە دیمەشق. هەروەها ئاحاز درایە دەست پاشای ئیسرائیل و ئەویش گورزێکی گەورەی لێ وەشاند.

٦بە یەک ڕۆژ پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو سەد و بیست هەزار سەربازی لە یەهودا کوشت، کە هەموویان پیاوی بەهێز بوون، چونکە وازیان لە یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنابوو.

٧زکری پاڵەوانی ئەفرایم مەعسێیاهوی کوڕی پاشای کوشت، هەروەها عەزریقامی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە و ئەلقانەی جێگری پاشاشی کوشت.

٨پیاوانی ئیسرائیل لە برایانی خۆیان لە یەهودا دوو سەد هەزار ژن و کوڕ و کچیان ڕاپێچ کرد و دەستکەوتێکی زۆریان لێ تاڵان کردن، دەستکەوتەکەیان هێنا بۆ سامیرە.

٩لەوێ پێغەمبەرێکی یەزدان هەبوو بە ناوی عۆدێد، چووە دەرەوە بۆ بەردەم ئەو سوپایەی کە دەهاتە سامیرە، پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان لەسەر یەهودا بوو، ئەوانی دایە دەستتان، بەڵام ئێوە هێندە بە تووڕەییەوە ئەوانتان کوشت هەتا هاواریان دەگەیشتە ئاسمان.

١٠ئێستاش ئێوە بە نیازن نەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم بکەنە کۆیلە و کەنیزەی خۆتان، ئایا ئێوەش دەرهەق بە یەزدانی پەروەردگارتان تاوانبار نین؟

١١ئێستاش گوێم لێ بگرن! ئەو دیلانەی کە لە براکانتان بە دیلتان گرتووە بیانگەڕێننەوە، چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان لەسەرتانە.»

١٢ئینجا چەند سەرکردەیەک لە نەوەی ئەفرایم کە عەزەریای کوڕی یەهۆحانان و بەرەخیای کوڕی مەشیلێمۆت و یەحیزقیاهوی کوڕی شەلوم و عەماسای کوڕی حەدلای بوون، هەستان و چوون بەرەنگاری سوپاکە بوونەوە،

١٣پێیان گوتن: «دیلەکان ناهێنن بۆ ئێرە، ئەگینا ئێمەش دەرهەق بە یەزدان تاوانبار دەبین. ئایا ئێوە بە نیازن گوناه و تاوانەکانمان زۆرتر بکەن؟ چونکە خۆمان پێشوەخت ئەوەندە تاوانمان زۆرە کە گڕی تووڕەیی خودا لە ئیسرائیل هاتووەتە جۆش.»

١٤ئیتر سەربازەکان لەبەردەم سەرکردەکان و هەموو کۆمەڵەکەدا دیلەکان و تاڵانییەکەیان بەجێهێشت.

١٥پاشان ئەو پیاوانەی ناویان دەستنیشان کرا، هەستان و دیلەکانیان برد و لە تاڵانییەکە جلیان لەبەر هەموو ڕووتەکانیان کرد، پۆشتەیان کردن و پێڵاویان لەپێکردن. نان و ئاویان دەرخوارد دان، بریندارەکانیان بە هەتووان چارەسەر کرد و هەموو لاوازەکانیان سواری گوێدرێژ کرد و هێنایاننە ئەریحا، شاری دار خورما، بۆ لای براکانیان، ئینجا گەڕانەوە سامیرە.

١٦لەو کاتەدا ئاحاز پاشا نێردراوی ناردە لای پاشای ئاشور، هەتا یارمەتی بدات،

١٧چونکە دیسان ئەدۆمییەکان هاتبوون و هێرشیان کردبووە سەر یەهودا و چەند دیلێکیان لێ ڕاپێچ کردن.

١٨هەروەها فەلەستییەکانیش پەلاماری شارۆچکەکانی زوورگەکان و نەقەبی یەهودایان دابوو. بێت‌شەمەش و ئەیالۆن و گەدێرۆتیان گرت، لەگەڵ سۆخۆ و تیمنا و گیمزۆ و دەوروبەریان، لەوێ نیشتەجێ بوون.

١٩یەزدان بەهۆی ئاحازی پاشای ئیسرائیلەوە یەهودای زەلیل کردەوە، چونکە ئەو یەهودای وا لێکرد کە لە خودا یاخی بێت و بە تەواوی ناپاکی لە یەزدان کرد.

٢٠تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور هاتە سەری و تەنگی پێهەڵچنی، لە جیاتی ئەوەی پاڵپشتی بکات.

٢١لەگەڵ ئەوەی ئاحاز پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و ماڵی میرەکانی تاڵان کرد و دایە پاشای ئاشور، بەڵام سوودی نەبوو.

٢٢لە کاتی تەنگانەکەیدا ئاحازی پاشا زیاتر ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد و

٢٣قوربانی بۆ خوداوەندەکانی دیمەشق کرد، ئەوانەی ئەویان بەزاند و گوتی: «لەبەر ئەوەی خوداوەندەکانی پاشاکانی ئارامییەکان یارمەتییان دەدات، منیش قوربانییان بۆ سەردەبڕم بەڵکو یارمەتی منیش بدەن.» بەڵام ئەوان هۆی ڕووخانی ئەو و هەموو ئیسرائیل بوون.

٢٤ئاحاز کەلوپەلەکانی پەرستگای خودای کۆکردەوە و پارچەپارچەی کردن، دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی داخست و لەسەر سووچی هەموو شەقامێک لە ئۆرشەلیم قوربانگای دامەزراند.

٢٥لەناو هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندەکانی دیکە دروستکرد و یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی پەست کرد.

٢٦ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتییەکەی و هەموو کردارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، وا لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.

٢٧ئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری ئۆرشەلیم نێژرا، چونکە نەیانبردە گۆڕستانی پاشاکانی ئیسرائیل. ئیتر حەزقیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.