کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پوختەی مێژوو

دووەم پوختەی مێژوو ٢٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١حەزقیا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو.

٢بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.

٣لە یەکەم مانگی ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی چاککردەوە و دەرگاکانی کردەوە.

٤کاهین و لێڤییەکانی بردە ژوورەوە و لە گۆڕەپانەکەی ڕۆژهەڵاتدا کۆی کردنەوە و

٥پێی گوتن: «ئەی لێڤییەکان گوێم لێ بگرن، ئێستا خۆتان تەرخان بکەن و پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان تەرخان بکەن. گڵاوی لە پیرۆزگا دەربکەن،

٦چونکە باوباپیرانمان ناپاکییان کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارمان خراپەکارییان کرد و بەجێیان هێشت. ڕوویان لە نشینگەی یەزدان وەرگێڕا و پشتیان تێکرد،

٧هەروەها دەرگاکانی هەیوانەکەیان داخست و چراکەیان کوژاندەوە و بخووریان نەسووتاند و هیچ قوربانی سووتاندنیان لە پیرۆزگادا بۆ خودای ئیسرائیل نەکرد.

٨لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر یەهودا و ئۆرشەلیمدا هاتە خوارەوە، ئەویش کردنی بە پەند و مایەی سەرسوڕمان و تانە و تەشەر، هەروەک بە چاوی خۆتان دەیبینن.

٩لەبەر ئەمە باوباپیرانمان بە شمشێر کوژران و کوڕ و کچ و ژنەکانمان دیلن.

١٠ئێستاش لە دڵمدایە پەیمانێک لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ببەستم، بەڵکو گڕی تووڕەییەکەی لە ئێمە دابمرکێتەوە.

١١کوڕەکانم، ئێستا کەمتەرخەمی مەکەن، چونکە یەزدان ئێوەی هەڵبژارد هەتا لەبەردەمی ڕابوەستن و خزمەتی بکەن و ببن بە خزمەتکار و بخوور بسووتێن بۆی.»

١٢ئینجا ئەم لێڤییانە هەستان بە خزمەتەکەیان: لە نەوەی قەهاتییەکان، مەحەتی کوڕی عەماسەی و یۆئێلی کوڕی عەزەریا؛ لە نەوەی مەراری، قیشی کوڕی عەبدی و عەزەریای کوڕی یەهەلەلئێل؛ لە گێرشۆنییەکانیش، یۆئاحی کوڕی زیما و عەدەنی کوڕی یۆئاح؛

١٣لە نەوەی ئەلیچافان، شیمری و یەعیێل؛ لە نەوەی ئاساف، زەکەریا و مەتەنیا؛

١٤لە نەوەی هێیمان، یەحیێل و شیمعی؛ لە نەوەی یەدوتون، شەمەعیا و عوزیێل.

١٥کاتێک برا لێڤییەکانیان کۆکردبووەوە و خۆیان تەرخان کردبوو، بە فەرمانی پاشا چوونە ژوورەوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان پەرستگاکە پاک بکەنەوە.

١٦کاهینەکان چوونە ناو پیرۆزگای یەزدانەوە بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە و هەموو ئەو گڵاوییەی لەناو پەرستگای یەزداندا دۆزییانەوە، بردیانە دەرەوە بۆ حەوشەی پەرستگای یەزدان و لێڤییەکانیش هەڵیانگرت بۆ ئەوەی دەریبکەنە دەرەوە بۆ دۆڵی قدرۆن.

١٧لە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکدا دەستیان بە تەرخانکردنەکە کرد و لە ڕۆژی هەشتی مانگدا گەیشتنە هەیوانەکەی پەرستگای یەزدان. لەپاش ئەوە هەشت ڕۆژی دیکەش پەرستگای یەزدانیان تەرخان کرد و لە ڕۆژی شازدەی مانگی یەکدا کۆتاییان پێهێنا.

١٨ئینجا چوونە ژوورەوە بۆ لای حەزقیای پاشا و گوتیان: «هەموو پەرستگای یەزدان و قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و مێزی نانی تەرخانکراو و هەموو قاپوقاچاغەکانیمان پاککردەوە،

١٩لەگەڵ هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی کە ئاحازی پاشا فڕێیدا لە سەردەمی پاشایەتییەکەیدا لە ناپاکییەکەی، ئامادە و تەرخانمان کردوون و ئێستا لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانن.»

٢٠بەیانی زوو حەزقیای پاشا هەستا و کاربەدەستەکانی شاری کۆکردەوە و چوو بۆ پەرستگای یەزدان.

٢١حەوت گا و حەوت بەران و حەوت بەرخی نێر و حەوت گیسکی نێریان هێنا بۆ قوربانی گوناه لە پێناوی پاشایەتییەکە و پیرۆزگا و یەهودا. فەرمانی بە کاهینەکان کە لە نەوەی هارون بوون کرد سەریان بخەنە سەر قوربانگاکەی یەزدان.

٢٢ئیتر گایەکانیان سەربڕی و کاهینەکان خوێنەکەیان وەرگرت و بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندیان؛ دواتر بەرانەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە؛ ئینجا بەرخەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە.

٢٣پاشان گیسکەکانی قوربانی گوناهیان بردە بەردەم پاشا و کۆمەڵ و ئەوانیش دەستیان لەسەر دانان.

٢٤ئینجا کاهینەکان سەریان بڕین و خوێنەکەیان پێشکەش کردە سەر قوربانگاکە وەک قوربانی گوناه و کەفارەتیان بۆ هەموو ئیسرائیل کرد، چونکە پاشا گوتی، قوربانی سووتاندن و قوربانییەکەی گوناه بۆ هەموو ئیسرائیلە.

٢٥ئینجا لێڤییەکانی لە پەرستگای یەزدان ڕاگرت، بە سەنج و قیسارە و سازەوە، بەگوێرەی فەرمانی داود و گاد کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند و ناتانی پێغەمبەریش، چونکە فەرمانەکە لەلایەن یەزدانەوە بوو لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانییەوە.

٢٦ئیتر لێڤییەکان بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودەوە و کاهینەکانیش بە کەڕەناوە ڕاوەستان.

٢٧حەزقیاش فەرمانی دا بە سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکە بۆ سەر قوربانگاکە و لە کاتی دەستپێکردنی قوربانی سووتاندنەکەدا، ستایشی یەزدان دەستی پێ کرد لەگەڵ لێدانی کەڕەنا و ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پاشای ئیسرائیل.

٢٨هەموو کۆمەڵەکەش کڕنۆشیان دەبرد و گۆرانیبێژەکان گۆرانییان دەگوت و کەڕەنا لێدەرەکانیش فوویان بە کەڕەناکانیاندا دەکرد، هەر هەموو بەردەوام بوون هەتا قوربانی سووتاندنەکە کۆتایی پێهات.

٢٩لە کاتی تەواوبوونی قوربانی سووتاندنەکە، پاشا و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا بوون چەمانەوە و کڕنۆشیان برد.

٣٠حەزقیای پاشا و کاربەدەستەکان بە لێڤییەکانیان گوت کە بە وشەکانی داود و ئاسافی پێشبینیکەر ستایشی یەزدان بکەن، ئەوانیش بە خۆشییەوە ستایشیان کرد و چەمانەوە و کڕنۆشیان برد.

٣١ئینجا حەزقیا گوتی: «ئێستا خۆتان بۆ یەزدان تەرخان کردووە، وەرنە پێش و قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزاری بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن.» پاشان کۆمەڵەکە قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزارییان هێنا و هەرکەسێکیش لە دڵەوە ئارەزووی کرد قوربانی سووتاندنی هێنا.

٣٢ژمارەی ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە کۆمەڵەکە هێنایان، حەفتا گا و سەد بەران و دوو سەد بەرخی نێر بوو، هەموو ئەمانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بوون.

٣٣ئاژەڵە تەرخانکراوەکانیش شەش سەد گا و سێ هەزار مەڕ و بزن بوون.

٣٤بەڵام کاهینەکان کەم بوون و نەیانتوانی هەموو قوربانی سووتاندنەکان کەوڵ بکەن، لەبەر ئەوە برا لێڤییەکانیان یارمەتییان دان، هەتا کارەکە تەواو بوو و هەتا کاهینی دیکەش خۆیان تەرخان کرد، چونکە لێڤییەکان بۆ خۆتەرخانکردن لە کاهینەکان دڵسۆزتر بوون.

٣٥هەروەها قوربانی سووتاندنەکان زۆر بوون بە پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی و بە شەرابی پێشکەشکراوی قوربانی سووتاندنەکان. بەم شێوەیە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان جارێکی دیکە بەردەوامی پێدرایەوە.

٣٦حەزقیا و هەموو گەلیش دڵشاد بوون لەبەر ئەوەی خودا گەلی ئامادە کرد، چونکە کارەکە کتوپڕ بوو.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.