١ئینجا سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد لە ئۆرشەلیم لە کێوی مۆریا، کە لەوێدا یەزدان خۆی بۆ داودی باوکی دەرخستبوو. پەرستگاکە لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو، ئەو شوێنەی کە داود ئامادەی کردبوو.
٢لە دووی مانگی دووەمی ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی دەستی بە بنیادنان کرد.
٣سلێمان ئەم بناغەیەی لێدا بۆ بنیادنانی پەرستگای خودا، درێژییەکەی بە باڵ بەپێی پێوانە کۆنەکە، شەست باڵ و پانییەکەی بیست باڵ بوو.
٤هەیوانی بەردەم پیرۆزگاکە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو، بەرزییەکەشی بیست باڵ بوو. لەناوەوەش بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد.
٥هۆڵە سەرەکییەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر داپۆشی و بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و وێنەی دار خورما و زنجیری لەسەر هەڵکۆڵین و
٦پەرستگاکەی بە بەردی گرانبەها ڕازاندەوە بۆ جوانی و زێڕەکەش زێڕی پەرڤایم بوو.
٧کاریتە و چوارچێوەی دەرگاکان، دیوارەکان و دەرگاکانی پیرۆزگاکەی بە زێڕ ڕووکەش کرد و وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دیوارەکان هەڵکۆڵی.
٨شوێنی هەرەپیرۆزیشی بنیاد نا کە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو و پانییەکەشی بیست باڵ بوو و بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد کە کێشەکەی شەش سەد تالنت بوو.
٩کێشی بزمارەکانیش پەنجا شاقل زێڕ بوو، بەشەکانی سەرەوەشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.
١٠لە شوێنی هەرەپیرۆزدا پەیکەری دوو کەڕوبی تاشی و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.
١١درێژی باڵەکانی هەردوو کەڕوبەکە بیست باڵ بوو: درێژی باڵی کەڕوبەکەی یەکەم پێنج باڵ بوو، بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت، درێژی باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو، بەر باڵی کەڕوبەکەی دووەم دەکەوت؛
١٢بە هەمان شێوە درێژی باڵی کەڕوبەکەی دووەم پێنج باڵ بوو و بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت و باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو و بەر باڵی کەڕوبەکەی یەکەم دەکەوت.
١٣باڵەکانی ئەم دوو کەڕوبە کرابوونەوە و بیست باڵ درێژ بوون، لەسەر پێیەکانیان ڕاوەستا بوون و ڕووشیان ڕووەو هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکە بوو.
١٤پەردەکەی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری تۆخ و کەتانی ناسک دروستکرد و وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر چنی.
١٥لەبەردەم پپرۆزگاکەدا دوو کۆڵەکەی دروستکرد کە درێژی هەریەکەیان سی و پێنج باڵ بوو و ئەو تاجەی کە لەسەر هەر یەکێکیان بوو پێنج باڵ بوو.
١٦زنجیری هۆنییەوە و لەسەر سەری دوو کۆڵەکەکە داینان، سەد هەناریشی دروستکرد و بە زنجیرەکانەوە هەڵیواسین.
١٧دوو کۆڵەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکە ڕاگرت، یەکێکیان لەلای باشوور و ئەوی دیکەیان لەلای باکوور، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناو نا یاکین و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناو نا بۆعەز.