کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پوختەی مێژوو

دووەم پوختەی مێژوو ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١سلێمان قوربانگایەکی بڕۆنزی دروستکرد کە درێژییەکەی بیست باڵ و پانییەکەشی بیست باڵ و بەرزییەکەی دە باڵ بوو.

٢حەوزە بڕۆنزییەکەشی بە بازنەیی بە قاڵب دروستکرد، لە لێوارەوە هەتا لێوار دە باڵ بوو، پێنج باڵ بەرزی، چێوەکەشی گوریسێکی سی باڵ بوو.

٣لەژێر لێوارەکەی لە هەر چواردەورەی وێنەی گا نەخشێنرابوو، دە وێنە بۆ هەر باڵێک، بەدەوری حەوزە بڕۆنزییەکە بە دوو ڕیز، وێنەی گایەکان لەگەڵ حەوزە بڕۆنزییەکە لەقاڵبدرابوون.

٤حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەر دوازدە گا ڕاوەستابوو، سێیان ڕوویان لە باکوور، سێ ڕوویان لە ڕۆژئاوا، سێ ڕوویان لە باشوور، سێش ڕوویان لە ڕۆژهەڵات بوو، حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەریان دانرابوو، هەمووشیان پاشەڵیان ڕوو لەناوەوە بوو.

٥ئەستووراییەکەی چوار پەنجە بوو، لێوارەکەی وەک لێواری جام دروستکرابوو، لە شێوەی گوڵی سەوسەن. جێی سێ هەزار بەتی تێدا دەبووەوە.

٦هەروەها دە دەستشۆری دروستکرد، پێنجی لەلای باشوور و پێنجیشی لەلای باکوور دانا، بۆ شوشتن لە کاتی ئەنجامدانی قوربانی سووتاندن، بەڵام کاهینەکان ئاوی حەوزە بڕۆنزییەکەیان بۆ شوشتن بەکاردەهێنا.

٧چرادانی زێڕیش دەی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە دروستکرد و لەناو پەرستگاکە داینان، پێنج لەلای باشوور و پێنج لەلای باکوور.

٨دە مێزیشی دروستکرد و لە پەرستگاکە داینان، پێنج لەلای باشوور و پێنجیش لەلای باکوور. سەد تاسی زێڕیشی دروستکرد.

٩ئینجا حەوشەی کاهینەکان و ماڵە گەورەکەی دروستکرد لەگەڵ دەرگاکانی ماڵەکە و دەرگاکانیشی بە بڕۆنز ڕووکەش کرد.

١٠حەوزە بڕۆنزییەکەشی لە سووچی باشووری ڕۆژهەڵاتی پەرستگاکەوە دانا.

١١هەروەها حورام مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکانی دروستکرد. حورام کارەکانی تەواو کرد، ئەوانەی بۆ سلێمان پاشا بۆ پەرستگای خودا کردی:

١٢دوو کۆڵەکەکە؛ دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛ دوو تۆڕەکە بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛

١٣هەروەها چوار سەد هەنارەکە بۆ دوو تۆڕەکە، دوو ڕیز هەنار بۆ هەر تۆڕێک بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛

١٤عەرەبانەکان و دەستشۆرەکانی سەر عەرەبانەکان؛

١٥حەوزە بڕۆنزییەکە و دوازدە گایەکەی ژێری؛

١٦هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز و چەنگاڵەکان، لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغەکانیان. حورام‌ئابی هەموو ئەو کەلوپەلانەی لە بڕۆنزی سافکراو بۆ سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دروستکرد.

١٧پاشا لە دەشتی ڕووباری ئوردون لەنێوان سوکۆت و چەرەتان لە قاڵبی قوڕ دایڕشتن.

١٨سلێمانیش هێندە شتومەکی زۆری دروستکرد، کە کێشی بڕۆنزەکەی نەدەزانرا.

١٩هەروەها سلێمان هەموو ئەو کەلوپەلانەی دروستکرد کە لە پەرستگای خودا بوون: قوربانگا زێڕینەکە و ئەو مێزانەی کە نانی تەرخانکراوی لەسەر بوو بۆ خودا؛

٢٠چرادان و چراکانیان هەتا بەپێی ڕێسا لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز دابگیرسێن، لە زێڕی بێگەرد؛

٢١هەروەها گوڵ و چرا و مەقاشەکان تەواو زێڕ بوون؛

٢٢مەقەست، تاس، چەمچە و بخووردانەکان لە زێڕی بێگەرد؛ هەروەها ئەمانە دەرگا زێڕینەکانی پیرۆزگا بوون: دەرگای ناوەوەی شوێنی هەرەپیرۆز و دەرگاکانی هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.