کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پوختەی مێژوو

دووەم پوختەی مێژوو ٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک سلێمان هەموو کارەکانی پەرستگای یەزدانی تەواو کرد، شتە تەرخانکراوەکانی داودی باوکی کە لە زێڕ و زیو بوون و کەلوپەلەکانی هێنا پێشکەشی کرد بە گەنجینەکانی پەرستگای خودا.

٢لەو کاتەدا سلێمان لە ئۆرشەلیم پیرانی ئیسرائیلی کۆکردەوە، هەموو سەرکردەی هۆزەکان و گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە سییۆنەوە، کە بە شاری داود ناسراوە.

٣هەروەها لەو جەژنەی کە لە مانگی حەوتە هەموو گەلی ئیسرائیل لەلای پاشا کۆبوونەوە.

٤ئیتر هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتن و لێڤییەکانیش سندوقەکەیان هەڵگرت،

٥سندوقەکە و چادری چاوپێکەوتن و هەموو کەلوپەلە پیرۆزەکانی ناو چادرەکەیان هێنا. کاهینە لێڤییەکان هێنایانە سەرەوە،

٦سلێمانی پاشاش لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کە لەگەڵی کۆببوونەوە لەبەردەم سندوقەکە بوون، مەڕ و مانگایان سەردەبڕی کە لە زۆریدا نە تۆمار دەکرا و نە دەژمێردرا.

٧ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە.

٨کەڕوبەکان باڵەکانیان بەسەر سندوقەکەدا کردبووەوە، سندوقەکە و هەردوو داردەستەکەشیان دادەپۆشی کە بۆ هەڵگرتنیەتی.

٩ئەم داردەستانەش ئەوەندە درێژ بوون کە لە ئەمسەر و ئەوسەری سندوقەکەوە دەرچووبوون، هەروەها سەری داردەستەکان لەو دیوی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز دەبینران، بەڵام لە دەرەوەی شوێنە پیرۆزەکەوە نەدەبینران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێدان.

١٠ناو سندوقەکەش هیچی تێدا نەبوو، جگە لەو دوو تەختە بەردەی کە موسا لە حۆرێڤ تێیدا داینابوون کاتێک یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر پەیمانی لەگەڵ بەستن.

١١ئینجا کاهینەکان لە شوێنی پیرۆز کشانەوە. هەموو کاهینە ئامادەبووەکان خۆیان پیرۆز کردبوو بێ ڕەچاوکردنی بەشەکانیان.

١٢هەروەها لێڤییە گۆرانیبێژەکانیش کە بریتی بوون لە ئاساف و هێیمان و یەدوتون و کوڕەکانیان و براکانیان، هەموویان کەتانی ناسکیان لەبەرکردبوو بە سەنج و بە قیسارە و بە سازەوە ڕاوەستابوون و لەلای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکەوە، سەد و بیست کاهینیشیان لەگەڵدا بوو کە کەڕەنایان لێدەدا.

١٣کەڕەنا لێدەر و گۆرانیبێژەکان بە یەک دەنگ ستایش و سوپاسی یەزدانیان کرد، دەنگیان بەرزکردەوە و بە کەڕەنا، سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە ستایشی یەزدانیان کرد و گوتیان: «بێگومان خودا چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» ئینجا پەرستگای یەزدان پڕبوو لە هەور و

١٤کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پەرستگای خودای پڕکرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.