١پاش ئەوەی حەزقیا بە دەستپاکییەوە هەموو ئەم شتانەی جێبەجێ کرد، سەنحێریبی پاشای ئاشور هات و هێرشی کردە سەر یەهودا، شارە قەڵابەندەکانی گەمارۆ دا، بە نیازی ئەوەی بۆ خۆی دایانببڕێت.
٢کاتێک حەزقیا بینی کە سەنحێریب هاتووە بە نیازە شەڕ لەگەڵ ئۆرشەلیم بکات،
٣ڕاوێژی لەگەڵ کاربەدەستان و ئەفسەرە باڵاکانی کرد بۆ پڕکردنەوەی ئاوی ئەو کانییانەی کە لە دەرەوەی شارەکەن، ئەوانیش یارمەتییان دا.
٤خەڵکێکی زۆریان کۆکردەوە و هەموو کانیاوەکان و ئەو ڕووبارەی بە ناوەڕاستی زەوییەکەدا تێپەڕ دەبوو، پڕ کردەوە و گوتیان: «بۆچی پاشاکانی ئاشور بێن و ئاوێکی زۆر بدۆزنەوە؟»
٥پاشان ورەی دایە بەرخۆی و هەموو شوورا ڕووخاوەکەی بنیاد نایەوە و بەرزی کردەوە هەتا قوللەکان. شوورایەکی دیکەشی لە دەرەوە بنیاد نا و تەلانی شاری داودی تۆکمە کرد، هەروەها چەک و قەڵغانێکی زۆری دروستکرد.
٦سەرکردەکانی سوپای بەسەر گەلەوە دانا و بۆ گۆڕەپانی دەروازەی شارەکە کۆی کردنەوە و ورەی بەرز کردنەوە و گوتی:
٧«بەهێزبن و ئازابن و مەترسن و لەبەردەم پاشای ئاشور و هەموو ئەو کۆمەڵەی لەگەڵیدایە، ورە بەرمەدەن، چونکە ئەوەی لەگەڵ ئێمەیە بەهێزترە لەوەی لەگەڵ ئەوە.
٨ئەو تەنها هێز و بازووی مرۆڤی لەگەڵدایە، بەڵام ئێمە یەزدانی پەروەردگارمان لەگەڵدایە هەتا یارمەتیمان بدات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.» بەم قسەیە حەزقیای پاشای یەهودا گەلەکەی هاندا.
٩پاشان سەنحێریبی پاشای ئاشور کە خۆی و هەموو هێزەکانی گەمارۆی لاخیشیان دابوو، ئەفسەرەکانی ناردە ئۆرشەلیم بۆ لای حەزقیای پاشای یەهودا و بۆ لای هەموو گەلی یەهودا کە لە ئۆرشەلیمدا بوون و گوتیان:
١٠«سەنحێریبی پاشای ئاشور دەڵێت: پشتتان بە چی دەبەستن و لە ئۆرشەلیم لەژێر گەمارۆدا دەمێننەوە؟
١١کە حەزقیا دەڵێت: ”یەزدانی پەروەردگارمان لە دەست پاشای ئاشور دەربازمان دەکات،“ ئایا فریوتان نادات بۆ ئەوەی بە برسیێتی و بە تینووێتی بتانداتە دەست مردن؟
١٢ئایا حەزقیا نەبوو کە نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا کە هی ئەم خوداوەندە بوو، بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ”لەبەردەم یەک قوربانگادا کڕنۆش دەبەن و قوربانی لەسەر دەسووتێنن“؟
١٣«ئایا نازانن من و باوباپیرانم چیمان بەسەر هەموو گەلانی خاکەکانی دیکەدا هێناوە؟ ئایا خوداوەندەکانی نەتەوەکانی ئەو خاکانە توانییان خاکەکانیان لە دەست من دەرباز بکەن؟
١٤کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی کە باوباپیرانم قڕیان کردن، توانی گەلەکەی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ چۆن خوداکەتان دەتوانێت لە دەستی من دەربازتان بکات؟
١٥ئێستا با حەزقیا هەڵتاننەخەڵەتێنێت و بەم شێوەیە فریوتان نەدات. بڕوای پێ مەکەن، چونکە خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک و هیچ پاشایەتییەک نەیتوانیوە گەلەکەی لە دەستی من و لە دەستی باوباپیرانم دەرباز بکات. ئیتر چۆن خوداوەندەکەتان دەتوانێت لە دەستم ڕزگارتان بکات؟»
١٦ئەفسەرەکانی سەنحێریب قسەی زیاتریان لە دژی یەزدانی پەروەردگار و لە دژی حەزقیای خزمەتکاری کرد.
١٧هەروەها چەند نامەیەکی نووسی بۆ سووکایەتیکردن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل و لە دژی خودا گوتی: «هەروەک چۆن خوداوەندی نەتەوەکان لە خاکەکانی خۆیان گەلەکانیان لە دەستی من ڕزگار نەکرد، ئاواش خوداکەی حەزقیا گەلەکەی لە دەستی من ڕزگار ناکات.»
١٨ئینجا بە دەنگی بەرز بە زمانی عیبری هاواریان لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد کە لەسەر شووراکە بوون، بۆ ئەوەی بیانترسێنن و ورەیان بەر بدەن هەتا شارەکە بگرن.
١٩قسەیان بە خودای ئۆرشەلیمیش گوت، هەروەک چۆن قسەیان بە خوداوەندەکانی خاکەکانی دیکە گوت، کە دروستکراوی دەستی مرۆڤ بوون.
٢٠حەزقیای پاشا و ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ بۆ ئەوە نوێژیان کرد و هاواریان بۆ ئاسمان کرد.
٢١یەزدانیش فریشتەیەکی نارد و هەموو پاڵەوانێکی بەهێز و سەرکردە و فەرماندەیەکی لەناو ئۆردوگاکەی پاشای ئاشور لەناوبرد. ئەویش بە سەرشۆڕییەوە گەڕایەوە بۆ خاکەکەی خۆی، کە چووە ناو پەرستگای خوداوەندەکەی، لەوێ وەچەکانی خۆی بە شمشێر کوشتیان.
٢٢بەو شێوەیە یەزدان حەزقیا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمی لە سەنحێریبی پاشای ئاشور و لە دەست هەموو دوژمنەکانی دیکەیان ڕزگار کرد و لە هەموو لایەکەوە پاراستنی.
٢٣ئینجا خەڵکانێکی زۆر پێشکەشکراویان دەهێنایە ئۆرشەلیم بۆ یەزدان، دیاری گرانبەهاش بۆ حەزقیای پاشای یەهودا. پاش ئەمە هەموو نەتەوەکان بە چاوی ڕێزەوە سەیریان دەکرد.
٢٤لەو ڕۆژانەی حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، نوێژی بۆ یەزدان کرد و ئەویش وەڵامی دایەوە و پەرجووێکی وەکو نیشانە پێدا.
٢٥بەڵام حەزقیا بەو شێوەیەی چاکەی لەگەڵ کرابوو کاردانەوەی نەبوو، چونکە لەخۆبایی ببوو، لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانی هێنایە سەر خۆی و یەهودا و ئۆرشەلیم.
٢٦ئینجا حەزقیا تۆبەی لە لەخۆباییبوونەکەی کرد، خۆی و دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش، لەبەر ئەوە لە ماوەی پاشایەتی حەزقیا تووڕەییەکەی یەزدان بەسەریاندا نەهات.
٢٧حەزقیا دەوڵەمەندی و ڕێزێکی زۆری هەبوو، گەنجینەی بۆ زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و بۆنوبەرام و قەڵغان و هەموو شتێکی بەهاداری بۆ خۆی دروستکرد.
٢٨کۆگا بۆ بەروبوومەکانی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، پشتیریش بۆ هەموو جۆرە ئاژەڵێک و بۆ مێگەلەکانیش.
٢٩هەروەها چەند گوندێکی بنیاد نا و بووە خاوەنی مەڕوماڵات و مانگایەکی زۆر، چونکە خودا سامانێکی زۆری پێدابوو.
٣٠حەزقیا بوو کە ڕێڕەوی سەرووی ئاوی گیحۆنی گرتەوە، بە جۆگایەک لەژێر زەوی بۆ بەری ڕۆژئاوای شاری داود بردی، هەروەها لە هەموو کارەکانی سەرکەوتوو بوو.
٣١بەڵام کاتێک سەرکردەکانی بابل باڵوێزیان نارد بۆ ئەوەی سەبارەت بەو نیشانەیە لێی بپرسن کە لە خاکەکەدا ڕوویدابوو، خودا وازی لێ هێنا بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە هەتا هەموو ئەوەی لە دڵیدایە بیزانێت.
٣٢ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا و کارە چاکەکانی، لە بینینەکەی ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ، لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیلدا تۆمار کراون.
٣٣حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە بەشی سەرەوەی گۆڕستانی نەوەی داود ناشتیان، لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕێزیان لێ گرت. ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.