١مەنەشە کوڕێکی دوازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و
٢لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون.
٣جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی ڕووخاندنی، هەروەها چەند قوربانگایەکی بۆ بەعلەکان دانا و ستوونە ئەشێراکانی دروستکرد و کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست.
٤چەند قوربانگایەکیشی لە پەرستگای یەزدان بنیاد نا، ئەوەی یەزدان لەبارەیەوە فەرمووبووی: «بۆ هەتاهەتایە ناوم لە ئۆرشەلیمدا دەبێت.»
٥لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان قوربانگای بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان بنیاد نا.
٦ئەوە بوو لە دۆڵی بەنهینۆم کوڕەکانی خۆی بەناو ئاگردا تێپەڕاند، بەخت خوێندنەوە و فاڵگرتنەوە و جادووگەری کرد، نێوانگر و ڕۆح ئامادەکاری بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی.
٧هەروەها ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە دروستی کردبوو، بردی و لەناو پەرستگای خودا داینا کە خودا لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم.
٨جارێکی دیکە وا ناکەم ئیسرائیل ئەو خاکە بەجێبهێڵێت کە بۆ باوباپیرانیان دیاریم کرد، تەنها ئەگەر ئاگاداربن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوون لە ڕێگەی موساوە لە هەموو فێرکردن و فەرز و حوکمەکان.»
٩بەڵام مەنەشە یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمی گومڕا کرد، هەتا لەو گەلانە خراپتر بکەن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا قڕی کردن.
١٠یەزدان لەگەڵ مەنەشە و گەلەکەیدا دوا، بەڵام گوێیان نەگرت.
١١ئیتر یەزدان سەرکردەکانی هێزەکانی پاشای ئاشوری هێنایە سەریان، ئەوانیش مەنەشەیان بە دیل گرت و لووتەوانەیان کردە لووتی و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیان بۆ بابل.
١٢لە تەنگانەدا لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی پاڕایەوە و لەبەردەم خودای باوباپیرانیدا خۆی زۆر نزم کردەوە.
١٣نوێژی کرد، خوداش وەڵامی دایەوە و گوێی لە پاڕانەوەکەی گرت، گەڕاندییەوە ئۆرشەلیم بۆ سەر تەختی پاشایەتییەکەی خۆی. ئەو کاتە مەنەشە زانی کە یەزدان خودایە.
١٤پاشان ئەو شوورایەی بنیاد نایەوە کە لە دەرەوەی شاری داود بوو بەلای ڕۆژئاوای کانی گیحۆن لە دۆڵەکە هەتا دەگاتە دەروازەی ماسی، بەدەوری گردی عۆفێل؛ هەروەها زۆر بەرزتری کردەوە. سەرکردەکانی سوپای لە هەموو شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا دانا.
١٥خوداوەندە نامۆکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی ناو پەرستگای یەزدانی لابرد، هەروەها هەموو ئەو قوربانگایانەشی کە لە کێوی پەرستگای یەزدان و ئۆرشەلیمدا بنیادی نابوو؛ هەموو ئەوانەی فڕێدایە دەرەوەی شارەکە.
١٦ئینجا قوربانگاکەی یەزدانی نۆژەن کردەوە، قوربانی هاوبەشی و قوربانی سوپاسگوزاری لەسەر سەربڕی و فەرمانی بە خەڵکی یەهودا کرد کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بپەرستن.
١٧لەگەڵ ئەمەش گەل هێشتا لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی، بەڵام تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆیان.
١٨ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەشە و نزاکەی لە خودا و قسەکانی ئەو کەسانەی کە بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە پەیامیان پێ ڕادەگەیاند، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کران.
١٩نوێژەکەی و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی خودا، لەگەڵ هەموو گوناه و ناپاکییەکانی، هەروەها ئەو شوێنانەی کە پێش ئەوەی بێفیز بێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێدا بنیاد نا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانی دانا، هەمووی لە تۆمارەکانی ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودادا نووسراون.
٢٠مەنەشە لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە کۆشکەکەی خۆیدا ناشتیان. ئیتر ئامۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
٢١ئامۆن گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
٢٢ئەمیش وەک مەنەشەی باوکی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. قوربانی بۆ هەموو ئەو بتانە سەربڕی کە مەنەشەی باوکی دروستی کردن، ئامۆن هەموو ئەوانی پەرست.
٢٣ئەو بە پێچەوانەی مەنەشەی باوکیەوە لەبەردەم یەزداندا خۆی نزم نەکردەوە، بەڵکو زیاتر خۆی تاوانبار کرد.
٢٤خزمەتکارەکانی ئامۆن پیلانیان لە دژی ئامۆن گێڕا و لە کۆشکەکەی خۆی کوشتیان.
٢٥ئینجا گەلی خاکەکە هەموو پیلانگێڕەکانی ئامۆن پاشایان کوشت، هەروەها یۆشیای کوڕییان لە جێی ئەو کردە پاشا.