١لەبەر ئەوە بڕیارم دا دیدارێکی دیکەی پڕ لە خەم و ئازارم لەگەڵ ئێوەدا نەبێت،
٢چونکە ئەگەر من خەمبارتان بکەم، کێ دڵشادم دەکات، جگە لە ئێوە کە خەمبارم کردوون؟
٣بۆم نووسین، بۆ ئەوەی کاتێک هاتم بەهۆی ئەوانەوە خەمبار نەبم کە پێویستە پێیان شادبم. لە هەمووتان دڵنیام، کە شادی من هی هەمووتانە.
٤لە تەنگانەیەکی زۆر و دڵتەنگییەوە بە فرمێسکی زۆرەوە بۆم نووسین، نەوەک خەمبار بن، بەڵکو تاکو بزانن خۆشەویستیم بۆ ئێوە چەند قووڵە.
٥بەڵام ئەگەر یەکێک بووەتە هۆی خەمباری، ئەوا تەنها منی خەمبار نەکردووە، بەڵکو هەتا ڕادەیەک هەمووتانی خەمبار کردووە، ئەگەر زیادەڕۆییم نەکردبێت.
٦ئیتر بەسە ئەو سزایەی کە لەلایەن زۆرینەیە،
٧بە پێچەوانەوە، باشترە گەردنی ئازاد بکەن و دڵنەوایی بکەن، نەوەک لە خەفەتی زۆرەوە هەڵبلووشرێت.
٨لەبەر ئەوە تکاتان لێ دەکەم خۆشەویستی خۆتانی بۆ دووپات بکەنەوە،
٩چونکە بۆ ئەمە بۆم نووسین تاکو بە سەلماندنتان بزانم، ئاخۆ لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵن.
١٠منیش گەردنی ئەو کەسە ئازاد دەکەم کە ئێوە گەردنی ئازاد دەکەن. هەروەها ئەگەر پێویستی بەوە کردبێت گەردنی کەسێک ئازاد بکەم، ئەوا لەبەردەم مەسیح لەبەر ئێوە گەردنم ئازاد کردووە،
١١نەوەک شەیتان لەخشتەمان ببات، چونکە لە مەبەستەکانی بێئاگا نین.
١٢کاتێک هاتمە شاری ترۆئاس بۆ ئەوەی مزگێنیی مەسیح ڕابگەیەنم، مەسیحی باڵادەست دەرگایەکی بۆ کردمەوە.
١٣بەڵام گیانم پشووی نەدا، چونکە تیتۆسی برام نەدۆزییەوە. ئیتر ماڵئاواییم لێیان کرد و چووم بۆ مەکدۆنیا.
١٤بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئەوەی هەموو کاتێک لە کەژاوەی سەرکەوتنی مەسیحدا ڕابەرایەتیمان دەکات، لە هەموو شوێنێک بەهۆی ئێمەوە بۆنی خۆشی ناسینەکەی بڵاو دەکاتەوە،
١٥چونکە ئێمە بۆنی خۆشی مەسیحین بۆ خودا، لەنێوان ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت و لەنێوان ئەوانەی لەناودەچن.
١٦بۆ ئەوانە بۆنی مردنە بۆ مردن، بۆ ئەوانی دیکە بۆنی ژیانە بۆ ژیان. ئایا کێ شیاوە بۆ ئەم شتانە؟
١٧ئێمە وەک زۆر کەس بازرگانی بە پەیامی خوداوە ناکەین، بەڵکو بە بێ دووڕوویی لە خوداوە و لەبەردەم خودا بە ناوی مەسیح دەدوێین.