١ئایا دیسان دەست بەوە بکەینەوە بە خۆماندا هەڵبدەین؟ ئایا وەک هەندێک کەس، پێویستیمان بە ڕاسپاردەنامەیە بۆ ئێوە یان لە ئێوەوە؟
٢ئێوە نامەی ئێمەن، کە لە دڵماندا نووسراوە و هەموو خەڵک دەیخوێننەوە و دەیزانن.
٣دەرکەوت ئێوە نامەیەکن لە مەسیحەوە، کە ئێمە خزمەتمان کردووە، بە مەرەکەب نەنووسراوە بەڵکو بە ڕۆحی خودای زیندوو، نەک لەسەر تەختە بەرد، بەڵکو لەسەر تەختە دڵی مرۆڤ.
٤بەهۆی مەسیحەوە متمانەی ئاوامان بە خودا هەیە.
٥ئێمە خۆمان لێهاتوو نین کە بیر لە شتێک بکەینەوە و پێمان وابێت لە خۆمانەوەیە، بەڵکو لێهاتووییمان لە خوداوەیە.
٦ئەو لێهاتووی کردین تاکو ببینە خزمەتکاری پەیمانی نوێ، پەیمانی ڕۆح نەک پەیمانی نووسراو بە پیت، چونکە ئەو پیتە نووسراوە دەکوژێت، بەڵام ڕۆحەکە ژیان دەدات.
٧ئەگەر بێتو ئەو خزمەتەی کە بووە هۆی مردن و بە پیت لەسەر بەرد هەڵکەنراو بوو بە شکۆوە هاتبێت، تەنانەت نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانی تەماشای ڕووی موسا بکەن، لەبەر شکۆی ڕووی کە فەوتاوە،
٨ئیتر چەند زیاتر خزمەتی ڕۆحی پیرۆز شکۆدارتر دەبێت؟
٩چونکە ئەگەر خزمەتی تاوانبارکردن شکۆمەندی بێت، ئاخۆ دەبێ خزمەتی بێتاوانکردن چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا بێت؟
١٠شکۆدارکراویش لە بەراورد بە شکۆی لە ڕادەبەدەر شکۆی نەماوە،
١١چونکە ئەگەر فەوتاو لە شکۆمەندیدا بێت، ئەی ئەوەی هەمیشەییە چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا دەبێت!
١٢لەبەر ئەوەی هیوایەکی ئاوامان هەیە، زۆر ئازایانە دەجوڵێینەوە،
١٣نەک وەکو موسا کە پێچەی لەسەر ڕووی دادەنا تاکو نەوەی ئیسرائیل تەماشای کۆتایی شکۆی فەوتاو نەکەن.
١٤بەڵکو مێشکیان تاریک بووە، چونکە هەتا ئەمڕۆش، کاتێک پەیمانی کۆن دەخوێنرێتەوە هەمان پێچە ماوە و لانەدراوە، چونکە تەنها بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەتوانرێت لاببردرێت.
١٥تەنانەت هەتا ئەمڕۆ کاتێک تەوراتی موسا دەخوێنرێتەوە پێچە لەسەر دڵیان دانراوە.
١٦بەڵام ئەگەر یەکێک بۆ یەزدان گەڕایەوە، ئەوا پێچەکە لادەچێت،
١٧چونکە یەزدان ڕۆحەکەیە، هەروەها ڕۆحی یەزدان لەکوێ بێت، ئازادی لەوێیە.
١٨هەموومان بە ڕووێکی ئاشکرا وەک ئاوێنە وێنەی شکۆی خودا دەدەینەوە، لە شکۆیەک بۆ شکۆیەک بۆ هەمان وێنە دەگۆڕدرێین، ئەوەش لە یەزدانەوەیە کە ڕۆحەکەیە.