١داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد.
٢گوتی: «یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
٣خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە، لە ستەم ڕزگارم دەکات.
٤«لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم،
٥چونکە شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم،
٦پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.
٧«لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، گوێی لە هاوارم بوو.
٨ئینجا زەوی لەرزی و هەژا، بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین، لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
٩دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە، ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە، وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
١٠ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە، هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
١١سواری کەڕوب بوو و فڕی، بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
١٢تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی، هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان.
١٣لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان.
١٤یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی، ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
١٥تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد، بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
١٦بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی یەزدان، لە گەرمی هەناسەی لووتی.
١٧«لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت، لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
١٨لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم، لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
١٩لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم، بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
٢٠منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین، ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.
٢١«یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم،
٢٢چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر، لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
٢٣هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان، لە فەرزەکانی لام نەداوە.
٢٤لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە.
٢٥یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.
٢٦«لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
٢٧لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
٢٨تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت.
٢٩ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت، یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
٣٠بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.
٣١«ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
٣٢لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
٣٣خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
٣٤پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات، لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
٣٥مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ، تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
٣٦تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم، هاوکاریت گەورەم دەکات.
٣٧جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت، تاکو پێم نەخلیسکێت.
٣٨«دوژمنەکانم ڕاونا و وردوخاشم کردن، هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
٣٩لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە، لەژێر پێم کەوتن.
٤٠کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ، وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
٤١دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد، من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
٤٢هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو، هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
٤٣وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی، وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن.
٤٤«لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم، تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە. گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن،
٤٥بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن، هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن.
٤٦بێگانەکان ورە بەر دەدەن و بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.
٤٧«یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم! خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە!
٤٨خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، گەلان ملکەچی من دەکات،
٤٩لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت. پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم، لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم.
٥٠لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.
٥١«سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت، خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت، بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»