کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم ساموئێل

دووەم ساموئێل ٢٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمانەش دواهەمین وشەکانی داودن: «ئەمە وەک سروش درا بە داودی کوڕی یەسا، ئەو پیاوەی کە لەلایەن خودای هەرەبەرز پایەبەرز بووە، دەستنیشانکراوەکەی خودای یاقوب و زەبووربێژە دەنگ خۆشەکەی ئیسرائیل:

٢«ڕۆحی یەزدان لە ڕێگەی منەوە دوا، وشەکەشی لەسەر زمانم بوو.

٣خودای ئیسرائیل فەرمووی، تاشەبەردەکەی ئیسرائیل لەگەڵ من دوا: ”کاتێک کەسێک بە ڕاستودروستی فەرمانڕەوایەتی خەڵک دەکات، کاتێک بە لەخواترسییەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات،

٤ئەوا وەک ڕووناکی بەیانە لە کاتی خۆرهەڵاتن لە بەیانییەکی ساماڵ، وەک ڕووناکی بێگەردی پاش بارانە کە گیای تازە لە زەوییەوە دەهێنێتە دەرەوە.“

٥«ئایا ماڵەکەم لەلای خودا بەم جۆرە نییە؟ پەیمانێکی هەتاهەتایی لەگەڵ بەستووم، کە لە هەموو ڕووێکەوە ڕێکوپێک و مسۆگەرە. ئەی هەموو ڕزگاری و ئارەزووێکم ناهێنێتە دی؟

٦بەڵام بەدکاران هەموویان وەک دڕک فڕێدەدرێن، کە بە دەست کۆناکرێنەوە.

٧هەرکەسێک کە خۆی لە دڕکەکان بدات، ئامێری ئاسن و داری ڕم بەکاردەهێنێت؛ ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا بە ئاگر دەسووتێنرێن.»

٨ئەمانەش ناوی پاڵەوانەکانی داودن: یۆشێڤ بەشەڤەتی تەحکەمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا هەشت سەد کەسی کوشت.

٩پاش یۆشێڤ، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. ئەو لە پەس دەممیم لەگەڵ داود بوو، کاتێک گاڵتەی بەو فەلەستییانە کرد کە بۆ جەنگ کۆببوونەوە، پیاوانی ئیسرائیلیش پاشەکشەیان کرد.

١٠ئەو هەستا و هەتا دەستی شل بوو لە فەلەستییەکانی دا، دەستی بە شمشێرەکەیەوە نووسا و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا ڕزگارییەکی گەورەی ئەنجام دا. کاتێک لەشکرەکەشی بۆ لای ئەلعازار گەڕانەوە هیچ نەمابوو تەنها تاڵانکردن نەبێت.

١١پاش ئەلعازاریش، شەممای کوڕی ئاگێی هاراری دێت. کاتێک فەلەستییەکان لەشکریان لە شوێنی پەڵە نیسکێکدا کۆکردەوە، لەشکری ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات.

١٢بەڵام شەمما لە ناوەڕاستی پەڵە نیسکەکەدا ڕاوەستا و بەرگری کرد و لە فەلەستییەکانی دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشی.

١٣سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت لە وەرزی دروێنەدا دابەزین بۆ لای داود لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون.

١٤لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو.

١٥داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «خۆزگە کەسێک لە بیرەکەی لای دەروازەکەی بێت‌لەحم ئاوی بۆ دەهێنام!»

١٦ئیتر سێ پاڵەوانەکە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی.

١٧گوتی: «ئەی یەزدان، لە من بەدوور بێت ئەمە بکەم. ئەمە خوێنی ئەو پیاوانەیە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.» لەبەر ئەوە داود نەیویست بیخواتەوە. ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.

١٨ئەبیشەی برای یۆئاب، کوڕی چەرویاش ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو.

١٩ئایا ئەو زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ نەدەگیرا؟ ئەو بوو بە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.

٢٠بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت.

٢١ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی.

٢٢ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد.

٢٣لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.

٢٤ئەمانە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکە بوون: عەساهێلی برای یۆئاب، ئێلحانانی کوڕی دۆدۆی بێت‌لەحمی،

٢٥شەممای حەرۆدی، ئەلیقای حەرۆدی،

٢٦حەلەچی پەلتیی، عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،

٢٧ئەبیعەزەری عەناتۆتی، مەڤونەیی حوشاتی،

٢٨چەلمۆنی ئەحۆحی، مەهەرەیی نەتۆفایی،

٢٩حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفایی، ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین،

٣٠بەنایای پیرعاتۆنی، هیدەی لە شیوەکانی گاعەشەوە،

٣١ئەبی‌عەلڤۆنی عەرڤاتی، عەزماڤێتی بەرحومی،

٣٢ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی، کوڕەکانی یاشێن، یۆناتانی کوڕی

٣٣شەممای هاراری، ئەحیامی کوڕی شاراری هاراری،

٣٤ئەلیفەلەتی کوڕی ئەحەسبەیی مەعکاتی، ئەلیعامی کوڕی ئەحیتۆفەلی گیلۆنی،

٣٥حەسرۆی کارمەلی، پەعەرەیی ئەربی،

٣٦یەگالی کوڕی ناتانی چۆڤائی، کوڕی هەگری،

٣٧چەلەقی عەمۆنی، نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،

٣٨عیرای یەتری، گارێڤی یەتری و

٣٩ئوریای حیتی. هەموویان سی و حەوت کەس بوون.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.