١لە شاری قەیسەرییە پیاوێک بە ناوی کۆرنیلیۆس هەبوو، سەرپەل بوو لەو لیوایەی پێی دەگوترا ئیتالی.
٢خۆی و هەموو ماڵەکەی خواپەرست و لەخواترس بوون، زۆر هاوکاری خەڵکی هەژاری دەکرد و هەموو کاتێک نوێژی بۆ خودا دەکرد.
٣نزیکەی کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ، بە ڕوونی فریشتەیەکی خودا لە بینینێکدا هاتە لای و پێی گوت: «کۆرنیلیۆس!»
٤بە ترسەوە سەیری کرد و گوتی: «بەڵێ گەورەم؟» پێی گوت: «نوێژەکانت و چاکەکانت وەک یادەوەری بەرز بوونەتەوە بەردەم خودا.
٥ئێستا چەند پیاوێک بۆ یافا بنێرە و ئەو شیمۆنەی پێی دەگوترێ پەترۆس بیهێنن.
٦لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، ماڵەکەی لەسەر دەریایە.»
٧کاتێک ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵی کرد ڕۆیشت، دووان لە خزمەتکارەکانی و سەربازێکی خواپەرستی بانگکرد کە یەکێک بوو لە دارودەستە تایبەتەکەی،
٨هەموو شتێکی بۆ گێڕانەوە و ناردیانی بۆ یافا.
٩بۆ بەیانی، کاتێک بە ڕێگاوە بوون و لە شارەکە نزیک دەبوونەوە، نزیکەی کاتژمێر دوازدە، پەترۆس بۆ نوێژکردن چووە سەربان.
١٠ئیتر برسی بوو و دەیویست نان بخوات، بەڵام لە کاتی ئامادەکردنی خواردندا، لەهۆش خۆی چوو.
١١ئاسمانی بە کراوەیی بینی، شتێک لە شێوەی چەرچەفێکی گەورە دەهاتە خوارەوە بۆ سەر زەوی کە لە هەر چوار لاوە گرێدرا بوو.
١٢هەموو جۆرە ئاژەڵی چوارپێ و خشۆکی سەر زەوی و باڵندەی ئاسمانی تێدابوو.
١٣ئینجا دەنگێک بانگی کرد: «پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!»
١٤پەترۆس گوتی: «نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز شتی گڵاو یان حەرامم نەخواردووە.»
١٥دیسان دەنگەکە لەگەڵی دوا: «ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.»
١٦ئەمەش سێبارە بووەوە و دەستبەجێ چەرچەفەکە بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە.
١٧کە پەترۆس سەرسام بوو لەوەی کە ئاخۆ دەبێت ئەو بینینە چی بێت، ئەو پیاوانەی کە کۆرنیلیۆس ناردبوونی، بە پرسیار ماڵی شیمۆنیان دۆزییەوە و لە بەردەرگا وەستان.
١٨بانگیان کرد و پرسییان، ئاخۆ ئەو شیمۆنەی نازناوی پەترۆسە لێرەیە.
١٩لە کاتێکدا پەترۆس هەر بیری لە بینینەکە دەکردەوە، ڕۆحی پیرۆز پێی فەرموو: «سێ پیاو لە بەردەرگا لێت دەپرسن.
٢٠هەستە بڕۆ خوارەوە و بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆ، چونکە من ئەوانم ناردووە.»
٢١پەترۆسیش بۆ لای پیاوەکان هاتە خوارەوە و گوتی: «ئەوەی دەتانەوێ منم. بۆچی هاتوون؟»
٢٢گوتیان: «کۆرنیلیۆسی سەرپەل، پیاوێکی ڕاستودروست و لەخواترسە، هەموو گەلی جولەکەش شایەتی بۆ دەدەن. بەهۆی فریشتەیەکی پیرۆز ڕێنمایی کرا کە بۆ ماڵەکەی خۆی بانگت بکات و گوێ لە قسەکانت بگرێت.»
٢٣جا پەترۆس بۆ ژوورەوە بانگهێشتی کردن و میوانداری کردن. بۆ بەیانی پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، هەروەها هەندێک لە باوەڕدارانی خەڵکی یافاش یاوەری بوون.
٢٤بۆ ڕۆژی دووەم چوو بۆ قەیسەرییە. کۆرنیلیۆس چاوەڕێی دەکردن، خزم و دۆستانی نزیکی خۆی کۆکردبووەوە.
٢٥کاتێک پەترۆس هاتە ژوورەوە، کۆرنیلیۆس پێشوازی لێکرد و لەبەرپێی کەوت و کڕنۆشی برد.
٢٦پەترۆس هەڵیستاندەوە و گوتی: «هەستە! منیش مرۆڤم!»
٢٧کاتێک پەترۆس قسەی لەگەڵ دەکرد چووە ژوورەوە و خەڵکێکی زۆری بینی کۆبوونەتەوە،
٢٨پێی گوتن: «دەزانن بۆ جولەکە ڕێپێنەدراوە تێکەڵاوی ناجولەکە بێت یان بچێتە لای. بەڵام خودا پیشانی دام بە کەس نەڵێم گڵاو یان پیس.
٢٩بۆیە کە بانگکرام بێ ناڕەزایی دەربڕین هاتم. دەکرێت بپرسم بۆچی منتان بانگکردووە؟»
٣٠کۆرنیلیۆس گوتی: «چوار ڕۆژ لەمەوبەر، لەم کاتەدا کە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ بوو، لە ماڵی خۆم نوێژم دەکرد. لەپڕ پیاوێک بە جلی بریسکەدارەوە لەبەردەمم ڕاوەستا،
٣١گوتی: ”کۆرنیلیۆس نوێژەکانت بیستران و خێرەکانت لەبەردەم خودا یادکرانەوە.
٣٢بۆیە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا بنێرە کە نازناوی پەترۆسە. لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، لەسەر دەریا.“
٣٣منیش دەستبەجێ بەدوای تۆدا ناردم، تۆش چاکت کرد کە هاتی. ئێستا هەموو لەبەردەم خودا ئامادەین، تاکو گوێ بگرین لە هەموو ئەوەی پەروەردگار فەرمانی پێکردووی.»
٣٤پەترۆس دەمی کردەوە و گوتی: «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات،
٣٥بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە.
٣٦ئەو پەیامە دەزانن کە خودا بۆ گەلی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە ڕادەگەیەنێت، کە پەروەردگاری هەمووانە.
٣٧ئەو شتانە دەزانن کە لە هەموو یەهودیا ڕوویدا، بە دەستپێکردن لە جەلیلەوە دوای ئەوەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانەکەی ڕاگەیاند،
٣٨چۆن خودا بە ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیرەیی دەستنیشان کرد، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس دەستی بەسەریاندا گرتبوو چاکی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو.
٣٩«ئێمە شایەتی هەموو ئەو شتانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و ئۆرشەلیم کردی. ئەوەی بە هەڵواسینی بە دارەوە کوشتیان،
٤٠بەڵام خودا لە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە وای کرد دەربکەوێت،
٤١نەک بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ ئەو شایەتانەی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردن، بۆ ئێمە کە پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان، لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە.
٤٢ئینجا فەرمانی پێداین جاڕبدەین بۆ گەل و شایەتی بدەین کە خودا ئەوی بە دادوەری زیندووان و مردووان داناوە.
٤٣هەموو پێغەمبەران شایەتیی بۆ دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت، بە ناوی ئەو گوناهەکانی دەبەخشرێت.»
٤٤کاتێک پەترۆس باسی ئەم شتانەی دەکرد، ڕۆحی پیرۆز ڕژایە سەر هەموو ئەوانەی گوێیان لە پەیامەکە گرتبوو.
٤٥ئەو باوەڕدارە خەتەنەکراوانەی کە لەگەڵ پەترۆس بوون سەریان سوڕما کە ڕۆحی پیرۆز وەک دیارییەک بەسەر ناجولەکەکانیشدا ڕژا،
٤٦چونکە گوێیان لێیان بوو بە زمانە ڕۆحییەکان دەدوێن و ستایشی خودا دەکەن. ئینجا پەترۆس گوتی:
٤٧«کەس هەیە ڕێگا بگرێت لە لەئاوهەڵکێشانی ئەمانە کە وەک ئێمە ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرتووە؟»
٤٨بۆیە فەرمانی پێدان بە ناوی عیسای مەسیح لە ئاو هەڵبکێشرێن. ئینجا داوایان لە پەترۆس کرد چەند ڕۆژێک لەلایان بمێنێتەوە.