کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزکردار

کردار ٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١شاول هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی عیسای خاوەن شکۆ دەکرد و هەوڵی کوشتنی دەدان. چوو بۆ لای سەرۆکی کاهینان،

٢داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی دیمەشق، تاکو ئەگەر یەکێک ببینێت و سەر بە ڕێگاکە بێت، چ ژن و چ پیاو، بە بەندکراوی بۆ ئۆرشەلیمیان ببات.

٣کە دەڕۆیشت و لە دیمەشق نزیک بووەوە، لەپڕ ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە لە دەوروبەری بریسکەی دایەوە،

٤کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو، پێی فەرموو: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟»

٥شاول پرسیاری کرد: «گەورەم، تۆ کێیت؟» فەرمووی: «من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. [بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.]

٦بەڵام هەستە، بڕۆ ناو شار، لەوێ پێت دەگوترێ دەبێ چی بکەیت.»

٧ئەو پیاوانەی لە گەشتەکەدا لەگەڵی بوون بە بێدەنگی وەستان، دەنگەکەیان بیست بەڵام کەسیان نەبینی.

٨شاول لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، بەڵام کاتێک چاوی کردەوە هیچی نەبینی، بۆیە دەستیان گرت و هێنایانە ناو دیمەشق.

٩سێ ڕۆژ هیچی نەبینی، هەروەها هیچی نەخوارد و هیچی نەخواردەوە.

١٠لە دیمەشق قوتابییەک هەبوو ناوی حەنانیا بوو، مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینیندا پێی فەرموو: «حەنانیا!» گوتی: «ئەوەتام گەورەم!»

١١مەسیح پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ ئەو شەقامەی پێی دەگوترێ ڕاست، لە ماڵی یەهوزا پرسیار لە پیاوێکی تەرسۆسی بکە ناوی شاولە، وا نوێژ دەکات.

١٢لە بینیندا پیاوێکی بۆ دەرکەوت بە ناوی حەنانیا کە دێتە لای و دەستی لە سەری دادەنێت تاکو بینایی بۆ بگەڕێتەوە.»

١٣حەنانیا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، لە زۆر کەس ئەو خراپانەم بیستووەتەوە کە ئەم پیاوە لە ئۆرشەلیم بە گەلە پیرۆزەکەی تۆی کردووە.

١٤هەروەها لە کاهینانی باڵاوە دەسەڵاتی پێدراوە و هاتووە بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە بگرێت کە بە ناوی تۆوە دەپاڕێنەوە.»

١٥بەڵام مەسیح پێی فەرموو: «بڕۆ! ئەم پیاوە بۆ من ئامێرێکی هەڵبژێردراوە بۆ هەڵگرتنی ناوی من لەبەردەم ناجولەکەکان و پاشایان و نەوەی ئیسرائیل.

١٦پیشانی دەدەم دەبێت لەبەر ناوی من چەند ئازار بچێژێت.»

١٧حەنانیاش ڕۆیشت و چووە ماڵەکە، دەستی لەسەری دانا و گوتی: «شاولی برام، عیسای خاوەن شکۆ منی ناردووە، ئەوەی لەو ڕێگایەی پێیدا هاتی بۆت دەرکەوت، تاکو دیسان ببینیت و پڕبیت لە ڕۆحی پیرۆز.»

١٨دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی کەوتە خوارەوە، ئینجا بینی، هەستا و لە ئاو هەڵکێشرا.

١٩نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و چەند ڕۆژێکی لەگەڵ قوتابییەکان لە دیمەشق بەسەر برد.

٢٠شاول یەکسەر لە کەنیشتەکاندا دەستی کرد بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە عیسا کوڕی خودایە.

٢١هەموو ئەوانەی گوێیان دەگرت سەرسام ببوون و دەیانگوت: «ئەمە هەمان ئەو کەسە نییە ئەوانەی لەناودەبرد کە لە ئۆرشەلیم بەم ناوەوە دەپاڕانەوە؟ بۆ ئەمەش نەهاتە ئێرە، تاکو بە بەندکراوی بۆ کاهینانی باڵا بیانبات؟»

٢٢بەڵام شاول توانادارتر دەبوو، جولەکەی دانیشتووی دیمەشقی دەمکوت دەکرد و دەریدەخست کە عیسا مەسیحەکەیە.

٢٣پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن،

٢٤بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن.

٢٥بۆیە قوتابییەکان بە شەو بردیان و لەناو سەبەتەیەکدا لە شوورای شارەکەوە شۆڕیان کردەوە.

٢٦کاتێک شاول گەیشتە ئۆرشەلیم، هەوڵی دا بچێتە پاڵ قوتابییەکان، بەڵام هەموو لێی ترسان و باوەڕیان نەدەکرد کە بووبێتە قوتابی.

٢٧بەڵام بەرناباس بردی و هێنایە لای نێردراوان، بۆی گێڕانەوە چۆن لە ڕێگادا عیسای خاوەن شکۆی بینیوە و قسەی لەگەڵ کردووە، هەروەها چۆن لە دیمەشق ئازایانە بە ناوی عیساوە مزگێنیی ڕاگەیاندووە.

٢٨ئیتر لەگەڵیان لە ئۆرشەلیم دەهات و دەچوو، بە چاونەترسییەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە مزگێنیی ڕادەگەیاند.

٢٩هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن.

٣٠کاتێک باوەڕداران بەمەیان زانی بردیانە قەیسەرییە و بۆ تەرسۆسیان نارد.

٣١کڵێساش لە هەموو یەهودیا و جەلیل و سامیرەدا لە ئارامیدا بوو، بنیاد دەنرا و لە سایەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ و دڵنەوایی ڕۆحی پیرۆزدا لە زیادبووندا بوو.

٣٢کاتێک کە پەترۆس بە هەموو ناوچەکاندا تێدەپەڕی، بۆ لای گەلی پیرۆزی خودا لە شاری لودە دابەزی.

٣٣لەوێ پیاوێکی ئیفلیجی بینی کە ناوی ئینیاس بوو، هەشت ساڵ بوو لەناو جێگادا کەوتبوو.

٣٤پەترۆس پێی گوت: «ئینیاس، عیسای مەسیح چاکت دەکاتەوە. هەستە و جێگاکەت کۆبکەوە!» دەستبەجێ هەستا.

٣٥هەموو دانیشتووانی لودە و شارون بینییان، ئیتر بەرەو لای مەسیحی خاوەن شکۆ گەڕانەوە.

٣٦قوتابییەک لە یافا هەبوو ناوی تابیسا بوو، واتا ئاسک، کە هەمیشە خەریکی کاری چاکە و یارمەتیدانی هەژاران بوو.

٣٧ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا نەخۆش کەوت و مرد، جا شوشتیان و لە ژوورێکی سەرەوە دایاننا.

٣٨لودە لە یافاوە نزیک بوو، ئیتر کە قوتابییەکان بیستیان پەترۆس لەوێیە، دوو پیاویان نارد بۆ لای و تکایان لێکرد و گوتیان: «لە هاتن بۆ لامان دوامەکەوە.»

٣٩پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، کاتێک گەیشت، بردیانە ژووری سەرەوە، هەموو بێوەژنەکان لەلای ڕاوەستان، دەگریان و ئەو کراس و جلانەیان پیشانی دەدا کە ئاسکە کردبووی لەو کاتەی لەگەڵیان بوو.

٤٠پەترۆس هەموویانی ناردە دەرەوە، کەوتە سەر چۆک و نوێژی کرد، ئینجا ڕووی کردە تەرمەکە و گوتی: «تابیسا، هەستە!» ئەویش چاوی کردەوە و کاتێک پەترۆسی بینی دانیشت.

٤١ئیتر دەستی بۆ ڕاکێشا و هەڵیستاندەوە، ئینجا باوەڕداران و بێوەژنانی بانگکرد و بە زیندوویی ڕادەستی کردنەوە.

٤٢ئەم هەواڵە بە هەموو یافادا بڵاو بووەوە و زۆر کەس باوەڕیان بە مەسیح هێنا.

٤٣پەترۆس چەندین ڕۆژ لە یافا لەلای پێستەخۆشکەرێک مایەوە کە ناوی شیمۆن بوو.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.