١پاش پێنج ڕۆژ حەنانیای سەرۆکی کاهینان و هەندێک پیر و پارێزەرێک بە ناوی تەرتولۆس هاتنە قەیسەرییە و لەلای فەرمانڕەوا سکاڵایان لە پۆڵس کرد.
٢کاتێک پۆڵس بانگکرا، تەرتولۆس دەستی بە سکاڵاکە کرد و گوتی: «فیلیکسی پایەبەرز، بەهۆی دووربینیت وا لە ئاشتییەکی زۆرداین و ئەم گەلە چاکسازی بۆ دەکرێت،
٣بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو شوێنێک بە سوپاسەوە بەمە دەزانین.
٤بەڵام تاکو زیاتر ماندووت نەکەم، داواکارم بە نەرمونیانی خۆت، بە کورتی گوێمان لێ بگریت.
٥«بینیمان ئەم پیاوە گێرەشێوێنە و لەناو هەموو جولەکەی جیهاندا ئاژاوە دەنێتەوە. پێشەوای ڕێبازی ناسیرەییەکانە و
٦هەوڵی دا پەرستگا گڵاو بکات، بەڵام ئێمە گرتمان. [ویستمان بەگوێرەی تەوراتی خۆمان حوکمی بدەین.
٧بەڵام لیسیاسی فەرماندە هات و بە زەبری هێز لە دەستی سەندین و
٨فەرمانی بە سکاڵاکارانی کرد بێنە لات.] جا ئەگەر خۆت لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەیت، ڕاستی سکاڵاکانی ئێمەت بۆ دەردەکەوێت.»
٩جولەکەکانی دیکە پشتگیری خۆیان نیشان دا و پێداگرییان لەسەر ڕاستیی قسەکانی کردەوە.
١٠کاتێک فەرمانڕەوا ئاماژەی بۆ پۆڵس کرد قسە بکات، ئەویش وەڵامی دایەوە: «دەزانم ساڵانێکی زۆرە تۆ دادوەری ئەم گەلەیت، بۆیە بە خۆشییەوە بەرگری لە خۆم دەکەم.
١١دەتوانیت دڵنیابیت، دوازدە ڕۆژ تێپەڕی نەکردووە کە بۆ پەرستن هاتوومەتە ئۆرشەلیم.
١٢نە لە پەرستگا منیان بینیوە مشتومڕ لەگەڵ کەسێک بکەم و نە خەڵکم وروژاندووە، نە لە کەنیشتەکان و نە لە هیچ شوێنێکی ئەم شارە.
١٣ناتوانن ئەو شتانە بسەلمێنن کە ئێستا پێی تاوانبارم دەکەن.
١٤بەڵام من دان بەوەدا دەنێم کە بەگوێرەی ئەو ڕێگایەی کە ئەوان پێی دەڵێن ڕێبازی چەوت، خودای باوباپیرانم دەپەرستم. باوەڕم هەیە بە هەموو ئەوەی بەگوێرەی تەوراتە و لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە،
١٥هەروەها هەمان ئەو هیوایەم بە خودا هەیە کە ئەو پیاوانە هەیانە، کە هەستانەوە بۆ ڕاستودروستان و خراپەکارانیش دەبێت.
١٦لەبەر ئەوە تێدەکۆشم تاکو هەمیشە ویژدانێکی پاکم بەرامبەر خودا و خەڵک هەبێت.
١٧«لەدوای ساڵانێکی زۆر گەڕامەوە تاکو پیتاک بۆ گەلەکەم بهێنم و قوربانی بکەم.
١٨منیان لە حەوشەکانی پەرستگادا لە کاتی خۆپاککردنەوەدا بینی، بەڵام نە لەناو خەڵک و نە لەناو ئاژاوە.
١٩بەڵام هەندێک لەو جولەکانەی ئاسیا، ئەگەر شتێکیان لە دژی من هەبووایە، دەهاتنە لات و سکاڵایان لەسەرم دەکرد.
٢٠یان با خۆیان بڵێن چ تاوانێکیان دۆزییەوە، کاتێک لەبەردەم ئەنجومەنی باڵادا ڕاوەستام،
٢١جگە لەم ڕاگەیاندنە کاتێک لەنێویان ڕاوەستابووم هاوارم کرد: ”سەبارەت بە هەستانەوەی مردووانە ئەمڕۆ ئێوە حوکمم دەدەن!“»
٢٢فیلیکس کە زانیارییەکی باشی دەربارەی ڕێگاکە هەبوو، دادگاییەکەی دواخست و گوتی: «کە لیسیاسی فەرماندە هات، ئەوا بڕیار لە بابەتەکانی ئێوە دەدەم.»
٢٣ئینجا فەرمانی بە سەرپەلەکە دا کە چاودێری پۆڵس بکرێت، بەڵام هەندێک سەربەستی هەبێت، کەسیش ڕێگا لە هاوڕێیەکانی نەگرێت بۆ خزمەتکردنی.
٢٤پاش چەند ڕۆژێک فیلیکس و دروسیلای ژنی هاتن، کە جولەکە بوو، پۆڵسی بانگکرد و لەبارەی باوەڕ بە عیسای مەسیح گوێی لێ گرت.
٢٥کاتێک پۆڵس لەبارەی ڕاستودروستی و بەسەرخۆدا زاڵبوون و حوکمدانی داهاتوو دەدوا، فیلیکس ترسا و گوتی: «ئێستا بڕۆ. کەی کاتم هەبوو بانگت دەکەمەوە.»
٢٦بە هیوا بوو پۆڵس بەرتیلی بداتێ، بۆیە بەردەوام بانگی دەکرد و قسەی لەگەڵ دەکرد.
٢٧دوو ساڵ تێپەڕی و پورکیۆس فێستۆس شوێنی فیلیکسی گرتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە دەیویست ڕەزامەندی جولەکە بەدەستبهێنێت، پۆڵسی لە بەندیخانە هێشتەوە.