کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزکردار

کردار ٢٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک فێستۆس گەیشتە هەرێمەکە، لەدوای سێ ڕۆژ لە قەیسەرییەوە چووە ئۆرشەلیم.

٢کاهینانی باڵا و ڕابەرانی جولەکە سکاڵایان لە پۆڵس کرد و لە فێستۆس پاڕانەوە،

٣تکایان لێکرد چاکەیەکیان لەگەڵ بکات بەوەی پۆڵس بنێرێتە ئۆرشەلیم، چونکە لەسەر ڕێگا بۆسەیان بۆ نابووەوە تاکو بیکوژن.

٤فێستۆس وەڵامی دایەوە: «پۆڵس لە قەیسەرییە دەستبەسەرە و خۆشم بە زوویی دەچم بۆ ئەوێ.»

٥ئینجا گوتی: «با گەورە پیاوانتان لەگەڵم بێن، ئەگەر پیاوەکە خراپەیەکی هەیە، با سکاڵای لێ بکەن.»

٦دوای ئەوەی کە فێستۆس هەشت بۆ دە ڕۆژێک لەگەڵیان مایەوە، چوو بۆ قەیسەرییە. بۆ بەیانی لەسەر کورسی دادوەری دانیشت و فەرمانی دا پۆڵس بهێنن.

٧کاتێک کە هێنایان، ئەو جولەکانەی لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لێی کۆبوونەوە و تاوانی زۆر و ترسناکیان خستە پاڵی، بەڵام نەیانتوانی بیسەلمێنن.

٨ئەوسا پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد: «هیچ شتێکم لە دژی تەوراتی جولەکە یان پەرستگا یان قەیسەر نەکردووە.»

٩بەڵام فێستۆس دەیویست چاکە لەگەڵ جولەکەدا بکات، لە پۆڵسی پرسی: «دەتەوێ بچیتە ئۆرشەلیم و لەوێ سەبارەت بەم شتانە دادگاییت بکەم؟»

١٠پۆڵس گوتی: «لەبەردەم کورسی دادوەری قەیسەر وەستاوم، دەبێت لێرەش دادگایی بکرێم. خراپەم لەگەڵ جولەکە نەکردووە، وەک چۆن خۆت باش دەزانیت.

١١ئەگەر تاوانێکم کردبێت شایانی سزای مردن بێت، ئەوا لە مردن ڕامنەدەکرد. بەڵام ئەگەر ئەو شتانەی منی پێ تاوانبار دەکەن ڕاست نەبێت، ئەوا کەس ناتوانێت بمداتە دەستیان. داواکەم دەدەمە قەیسەر!»

١٢دوای ئەوەی کە فێستۆس لەگەڵ ڕاوێژکارانی قسەی کرد، گوتی: «داواکەت دایە قەیسەر، دەچیتە لای قەیسەر!»

١٣دوای چەند ڕۆژێک شا ئەگریپاس و بەرنیکی هاتنە قەیسەرییە تاکو سڵاو لە فێستۆس بکەن.

١٤کاتێک چەند ڕۆژێکیان لەوێ بەسەربرد، فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا و گوتی: «پیاوێک لێرەیە فیلیکس بە گیراوی بەجێی هێشت.

١٥کاتێک چوومە ئۆرشەلیم، کاهینانی باڵا و پیرانی جولەکە داوایان خستە پێشم تاکو تاوانبار بکرێت.

١٦«جا پێم گوتن نەریتی ڕۆمانییەکان نییە پێش ڕووبەڕووکردنەوەی سکاڵا لێکراو و سکاڵاکاران کەسێک بەدەستەوە بدەن، تاکو دەرفەتی بەرگری لە دژی سکاڵاکە هەبێت.

١٧کاتێک لێرە کۆبوونەوە، خێرا بۆ بەیانییەکەی لەسەر کورسی دادوەری دانیشتم و فەرمانم دا کە پیاوەکە بهێنن.

١٨کاتێک سکاڵاکاران بەرامبەری وەستان، تۆمەتێکی وایان نەدایە پاڵی کە من چاوەڕێم دەکرد،

١٩بەڵکو مشتومڕیان لەسەر هەندێک بابەتی تایبەت بە ئایینەکەیان و پیاوێکی مردوو بوو بە ناوی عیسا، کە پۆڵس دەڵێت زیندووە.

٢٠کاتێک دڵنیا نەبووم چۆن لێکۆڵینەوە لەم شتانە بکەم، گوتم لەوانەیە حەز بکات بچێتە ئۆرشەلیم و لەوێ لەسەر ئەم شتانە دادگایی بکرێت.

٢١بەڵام کاتێک پۆڵس داواکارییەکەی بەرزکردەوە کە بۆ بڕیاری ئیمپراتۆر بهێڵدرێتەوە، فەرمانم دا بیهێڵنەوە هەتا بۆ قەیسەری دەنێرم.»

٢٢ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «من حەز دەکەم خۆم گوێ لەم پیاوە بگرم.» گوتی: «بەیانی گوێت لێی دەبێت.»

٢٣بۆ بەیانی ئەگریپاس و بەرنیکی بە پێشوازییەکی گەورە و شکۆدارەوە هاتن و لەگەڵ فەرماندە و پیاوماقوڵانی شاردا هاتنە هۆڵی گوێگرتن. فێستۆس فەرمانی دا و پۆڵس هێنرا.

٢٤فێستۆس گوتی: «شا ئەگریپاس و هەموو ئامادەبووان کە لەگەڵماندان، ئەم پیاوەی دەیبینن، ئەو کەسەیە کە هەموو گەلی جولەکە لە ئۆرشەلیم و لێرە لێم پاڕانەوە و هاواریان دەکرد کە نابێت چیتر بژیێت.

٢٥بۆم دەرکەوت هیچی نەکردووە شایانی مردن بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە خۆی داواکارییەکەی دایە ئیمپراتۆر، بڕیارم دا بینێرم بۆ لای.

٢٦لەبەر ئەوەی لەبارەی ئەمەوە شتێکم نییە کە بە دڵنیاییەوە بۆ قەیسەری خاوەن شکۆی بنووسم، بۆیە هێنامە بەردەمتان، بە تایبەتی بەردەمی تۆ، شا ئەگریپاس، تاکو کە لێکۆڵینەوە کرا، شتێکم هەبێت بینووسم،

٢٧چونکە بەلای منەوە شیاو نییە گیراوێک بنێرم بێ دیاریکردنی ئەو تاوانەی لە ئەستۆیەتی.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.