کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئامۆس

ئامۆس ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمە پەیامی ئامۆسە کە یەکێک بوو لە شوانەکانی شارۆچکەی تەقۆعە، دوو ساڵ پێش بوومەلەرزەکە لە سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا و لە سەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل، ئەم بینینەی دەربارەی ئیسرائیل بۆ ئاشکرا کرا.

٢گوتی: «یەزدان لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت، لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی دێت، لەوەڕگای شوانەکان شیوەن دەگێڕن و لووتکەی کارمەل وشک دەبێت.»

٣یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دیمەشق یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی بە جەنجەڕی ئاسن گلعادیان شێلا،

٤ئاگر دەنێرمە سەر ماڵی حەزائێل، قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات.

٥شەوبەندی دەروازەکانی دیمەشق دەشکێنم، فەرمانڕەواکە لە دۆڵی ئاڤەن ڕیشەکێش دەکەم، هەروەها گۆچان بەدەست لە بێت‌عەدەن. گەلی ئارام بۆ قییر ڕاپێچ دەکرێن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٦یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «غەزە یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی چەند کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی بە دیل گرت و بە ئەدۆمی فرۆشت،

٧ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی غەزە، قەڵاکانی دەخوات.

٨فەرمانڕەواکە لە ئەشدۆد ڕیشەکێش دەکەم و گۆچان بەدەست لە ئەسقەلان. دەستم دەگەڕێنمەوە سەر عەقرۆن، پاشماوەی فەلەستییەکان لەناودەچن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

٩یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «سور یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی تەواوی چەند کۆمەڵگایەکی بە دیلگیراوی فرۆشتە ئەدۆم و پەیمانی برایەتییان نەهێنایەوە یادیان،

١٠ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی سور، قەڵاکانی دەخوات.»

١١یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئەدۆم یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی بە شمشێرەوە دوای براکەی کەوت، بەبێ دەربڕینی بەزەیی. هەروەها لەبەر ئەوەی تووڕەییەکەی بەردەوام لە جۆش بوو، قینیشی بۆ هەتاهەتایە هەڵدەگرت،

١٢هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر تێمان، قەڵاکانی بۆزرا دەخوات.»

١٣یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «عەمۆن یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی سکپڕەکانی گلعادیان هەڵدڕی، بۆ ئەوەی سنوورەکانیان بەرفراوان بکەن،

١٤ئاگر لە شووراکانی ڕەبە بەردەدەم قەڵاکانی دەخوات، بە هاتوهاوارەوە لە ڕۆژی جەنگدا، بە زریانەوە لە ڕۆژی باوباراندا.

١٥پاشاکەیان ڕاپێچ دەکرێت، ئەو و هەموو کاربەدەستەکانی بە یەک جار.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.