کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئامۆس

ئامۆس ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «مۆئاب یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی ئێسکەکانی پاشای ئەدۆمی سووتاند هەتا ئەوەی بووە گەچ،

٢هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر مۆئاب، قەڵاکانی قەریۆت دەخوات. مۆئاب لەناو هاژەهاژ دەمرێت، لەنێو هاتوهاوار و دەنگی کەڕەنا.

٣فەرمانڕەوا لە ناوەڕاستیدا ڕیشەکێش دەکەم و هەموو کاربەدەستەکانی لەگەڵیدا دەکوژم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٤یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «یەهودا یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی فێرکردنی یەزدانیان ڕەتکردەوە و فەرزەکانی ئەویان بەجێنەهێنا، چونکە درۆکانیان فریوی دان ئەوەی باوکانیان دوایان کەوتن،

٥هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر یەهودا، قەڵاکانی ئۆرشەلیم دەخوات.»

٦یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئیسرائیل یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، کەسانی ڕاستودروست بە زیو دەفرۆشن، نەداریش بۆ جووتێک پێڵاو.

٧سەری هەژاران لەسەر خۆڵی زەوی پێشێل دەکەن، ڕێگای کڵۆڵان خوار دەکەنەوە. پیاوێک و باوکی بۆ لای یەک کچ دەچن، تاکو ناوی پیرۆزم بزڕێنن.

٨لەسەر جلوبەرگێک ڕادەکشێن کە بە بارمتە وەریانگرتووە لە پاڵ هەموو قوربانگایەک، شەرابی بە سەرانە وەرگیراو دەخۆنەوە لەناو ماڵی خوداوەندیان.

٩«من بووم کە ئەمۆرییەکانم لەپێشیان لەناوبرد، ئەوانەی باڵایان وەک باڵای دار ئورز بوو، وەک دار بەڕوو بەهێز بوون. بەروبوومی ئەوانم لە سەرەوە لەناوبرد و ڕەگوڕیشاڵیان لە ژێرەوە.

١٠من بووم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا بەڕێم خستن، بۆ ئەوەی دەست بەسەر خاکی ئەمۆرییەکاندا بگرن.

١١«لەنێو کوڕەکانتان پێغەمبەرانم بۆ دانان و لەنێو لاوەکانتان ئەوانەی نەزریان لە خۆیان گرتبوو. ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا وا نەبوو؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

١٢«بەڵام ئێوە شەرابتان دەرخواردی ئەوانە دا کە نەزریان لە خۆیان گرتبوو، فەرمانتان بە پێغەمبەران کرد پێشبینی نەکەن.

١٣«ئەوەتا من لە شوێنی خۆتان دەتانچەقێنم وەک چۆن جەنجەڕ دەچەقێت لەبەر پڕی گوڵەگەنمەکان.

١٤ئەوەی خێرایە هەڵنایەت، بەهێز هێزی خۆی توندوتۆڵ ناکات و پاڵەوان گیانی خۆی دەرباز ناکات.

١٥تیرهاوێژ خۆی ڕاناگرێت، ئەوەی پێیەکانی سووک بێت هەڵنایەت و ئەسپ سواریش گیانی خۆی دەرباز ناکات.

١٦ئەوەی بەجەرگە لەنێو پاڵەوانان لەو ڕۆژەدا بە ڕووتی هەڵدێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.