١ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەم پەیامە بگرن، ئەم لاوانەوەیە کە من بەسەر ئێوەیدا هەڵدەدەم:
٢«ئیسرائیلی پاکیزە کەوت، جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە، فڕێدرایە سەر خاکەکەی، کوا ئەوەی هەڵیدەستێنێتەوە؟»
٣سەبارەت بەمەش یەزدانی باڵادەست بەم جۆرە دەفەرموێت: «ئەو شارەی لە ماڵی ئیسرائیل هەزار سەرباز دەنێرێت، سەد سەربازی بۆ دەمێنێتەوە، ئەو شارۆچکەیەی سەد سەرباز دەنێرێت، دە سەربازی بۆ دەمێنێتەوە.»
٤لەبەر ئەوە یەزدان ئاوا بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەفەرموێت: «ڕوو لە من بکەن و بژین،
٥ڕوو لە بێتئێل مەکەن و مەچن بۆ گلگال و بۆ بیری شابەع مەپەڕنەوە، چونکە گلگال بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکرێت و بێتئێل دەبێتە نەبوو.»
٦ڕوو لە یەزدان بکەن و بژین، ئەگینا وەک ئاگر پڕدەداتە بنەماڵەی یوسف، ئاگرەکەش دانیشتووانی بێتئێل دەخوات و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.
٧ئەی ئەوانەی دادپەروەریتان کردە زەقنەبووت، ڕاستودروستیش بە زەویدا دەدەن!
٨ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە، سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات، ئاوی دەریا بانگ دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت، ناوی یەزدانە،
٩ئەوەی وێرانی بەسەر قەڵادا دەبارێنێت و وێرانی بەسەر شاری قەڵابەنددا دێت.
١٠ئەوان لە دادگا ڕقیان لە سەرزەنشتکار دەبێتەوە و قێزیان لە کەسی ڕاستگۆ دەبێتەوە.
١١لەبەر ئەوەی ئێوە هەژار پێشێل دەکەن و بەشە گەنمی لێ دەستێنن، ئەوا ئەو کۆشکەی کە لە بەردی داتاشراو بنیاد نراوە، تێیاندا دانانیشن، ئەو ڕەزەمێوە بەردارەی چاندووتانە، لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
١٢دەزانم یاخیبوونەکانتان زۆرن، گوناهەکانتان گەورەن. ستەمکارانی ڕاستودروست و بەرتیلخۆران، مافی هەژاران لە دادگادا دادەماڵن.
١٣لەبەر ئەوە لەو کاتەدا کەسی وریا بێدەنگ دەبێت، چونکە کاتێکی خراپە.
١٤دوای چاکە بکەون نەک خراپە، بۆ ئەوەی بژین، جا وا دەبێت، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵتاندا دەبێت، وەک خۆتان گوتتان.
١٥ڕقتان لە خراپە بێتەوە و حەزتان لە چاکە بێت، دادپەروەری لە دادگادا بچەسپێنن، ڕەنگە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵ پاشماوەی یوسف میهرەبان بێت.
١٦لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: «لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شیوەن دەگێڕن و لە هەموو شەقامەکاندا دەڵێن: ”ئای! ئای!“ جوتیارەکان بۆ گریان بانگ دەکەن و ئەوانەی وەستای لاوانەوەشن بۆ شیوەن گێڕان.
١٧لە هەموو ڕەزەمێوەکاندا شیوەن دەبێت، چونکە بە ناوەڕاستتدا تێدەپەڕم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
١٨قوڕبەسەر ئەوانەی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن! بۆچی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن؟ ئەو ڕۆژە تاریکییە نەک ڕووناکی.
١٩وەک پیاوێک لەبەردەم شێر هەڵبێت و تووشی ورچێک بێت، یان بێتە ماڵەوە و دەستی لەسەر دیوارەکە دابنێت و مار پێوەی بدات.
٢٠ئایا ڕۆژی یەزدان تاریک و بێ ڕووناکی نابێت؟ ئایا ئەنگوستەچاو و بێ تروسکایی نابێت؟
٢١«ڕقم لە جەژنەکانتان دەبێتەوە و ڕەتیان دەکەمەوە، چێژ لە کۆڕەکانتان نابینم.
٢٢تەنانەت ئەگەر قوربانی سووتاندنەکان و پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەتان پێشکەش بکەن ڕازی نابم، ئاوڕ لە قوربانی هاوبەشی نادەمەوە، لە دابەستەکانتان.
٢٣ژاوەژاوی گۆرانییەکانتانم لێ دووربخەنەوە! گوێ لە ئاوازی سازەکانتان ناگرم.
٢٤لەبری ئەوە با دادپەروەری وەک زێ بڕوات و ڕاستودروستیش وەک ڕووبارێکی هەمیشەیی.
٢٥«ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
٢٦بەڵکو نزرگەی پاشای خۆتان، بنکەی بتەکانتان هەڵگرت، پەیکەرەکانتان بۆ کەیوان، ئەستێرەی خوداوەندەکەتان، کە بۆ خۆتان دروستتان کرد.»
٢٧لەبەر ئەوە یەزدان کە ناوی خودای سوپاسالارە، دەفەرموێت: «من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە دیمەشق دوورترە.»