١ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن، ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین، ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان!
٢بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن، لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن. ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟ یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟
٣ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە،
٤لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون. ئێوە بەرخی ناو ڕان و جوانەگای قەڵەو دەخۆن.
٥لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن.
٦بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن، بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن.
٧لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت.
٨یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت: «من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و ڕقم لە قەڵاکانییەتی، ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.»
٩وای لێدێت، ئەگەر دە کەس لە خانووێکدا بمێننەوە ئەوانیش دەمرن.
١٠ئەگەر خزمێک هات بۆ دەرهێنانی تەرم لە خانووێک بۆ ئەوەی بیسووتێنێت، لە کەسێکی ناو خانووەکە بپرسێت، «ئایا کەسی دیکەت لەگەڵ ماوە؟» ئەو وەڵامی دەداتەوە «کەس نەماوە،» هەروەها دەڵێت: «وسبە، چونکە نابێت ناوی یەزدان بهێنین.»
١١لەبەر ئەوەی یەزدان فەرمان دەدات، لە ماڵی گەورە دەدات و وردوخاشی دەکات، ماڵی بچووکیش پارچەپارچە دەکات.
١٢ئایا ئەسپ لەسەر بەردەڵان ڕادەکات؟ یان کەس لەوێ بە گا کێڵان دەکات؟ بەڵام ئێوە دادپەروەریتان ژەهراوی کرد و بەری ڕاستودروستیشتان کردە زەقنەبووت.
١٣ئێوە بە لۆدەڤار دڵخۆشن، دەڵێن: «ئایا بە توانای خۆمان قەرنایممان وەرنەگرت؟»
١٤یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا نەتەوەیەکتان لێ ڕاست دەکەمەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا شیوی عەراڤا تەنگتان پێهەڵچنن.»