١لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،
٢بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری کۆلۆسی، ئەو خوشک و برا دڵسۆزانەی کە لەگەڵ مەسیح یەکن: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمانەوە لەگەڵتان بێت.
٣کاتێک نوێژتان بۆ دەکەین هەردەم سوپاسی خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەین،
٤چونکە هەواڵی باوەڕی ئێوەمان بە عیسای مەسیح پێگەیشت لەگەڵ ئەو خۆشەویستییەی بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا هەتانە.
٥ئەو باوەڕ و خۆشەویستییە دەرئەنجامی ئەو هیوایەیە کە لە ئاسماندا بۆتان دانراوە، ئەوەی پێشتر لە پەیامی ڕاستی ئینجیل بیستتان،
٦کە گەیشتە لاتان. وەک هەموو جیهان، ئەم ئینجیلە بەرهەمدارە و لەنێوانتاندا زیاد دەکات، لەو ڕۆژەوەی نیعمەتی ڕاستی خوداتان بیست و ناسیتان.
٧وەک لە ئەپەفراسی هاوکاری خۆشەویستمان فێربوون، کە لە پێناوتاندا خزمەتکارێکی دڵسۆزە بۆ مەسیح و
٨باسی خۆشەویستی ئێوەی کرد لە ڕۆحی پیرۆزدا.
٩لەبەر ئەم هۆیە ئێمەش لەو ڕۆژەوەی بیستمان، بێ وەستان لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکەین، داوا لە خودا دەکەین کە لە ڕێگای هەموو دانایی و تێگەیشتنێکی ڕۆحییەوە پڕ بن لە زانینی خواستی ئەو،
١٠بۆ ئەوەی بە شێوەیەک بژین کە شیاوی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت و بە تەواوی جێگای ڕەزامەندیی ئەو بێت، لە هەموو چاکەکارییەک بەرهەمدار بن و لە ناسینی خودا گەشە بکەن.
١١با مەسیح بەگوێرەی توانای شکۆی خۆی بە هەموو هێزێک بەهێزتان بکات، بۆ هەموو دانبەخۆداگرتن و ئارامگرتنێک، بە خۆشییەوە
١٢سوپاسی خودای باوک بکەن ئەوەی کە وای کرد ئێوە شایستەی هاوبەشی بن لە میراتی گەلی پیرۆزی خۆی لە پاشایەتی ڕووناکیدا.
١٣خودای باوک ئەوەی لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە،
١٤بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا کڕدراینەوە، واتا لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت.
١٥کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە،
١٦چونکە بەو هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی لە ڕێگەی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران.
١٧ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەو یەکیگرتووە.
١٨ئەو سەری جەستەیە کە کڵێسایە. ئەو سەرەتایە و نۆبەرەی نێو مردووانە، تاکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت،
١٩چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت،
٢٠لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ئاشت بکاتەوە و بە خوێنی خاچەکەی ئاشتی بنێتەوە، ئەگەر لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمان.
٢١ئێوە پێشتر لە خودا دابڕابوون و دوژمن بوون لە بیرکردنەوە بە خراپەکاری،
٢٢بەڵام ئێستا بە مردنی جەستەی مرۆڤانەی مەسیح ئاشتی کردنەوە، تاکو لەبەردەمی بە پیرۆزی و بێ لەکە و بێ کەموکوڕی پێشکەشتان بکات،
٢٣ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو باوەڕە و دامەزراو و چەسپاو بن، لانەدەن لە هیوای ئەو مزگێنییەی بیستتان، ئەوەی بۆ هەموو بەدیهێنراوانی ژێر ئاسمان ڕاگەیەنراوە، خۆشم وەک پۆڵس بۆی بوومە خزمەتکار.
٢٤ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا و پاشماوەی تەنگانەی مەسیح لە جەستەی خۆمدا تەواو دەکەم، لە پێناوی جەستەی ئەو، کە کڵێسایە.
٢٥من بووم بە خزمەتکاری کڵێسا بەپێی ئەو ئەرکەی کە لەلایەن خوداوە پێم سپێردراوە، تاوەکو تەواوی پەیامەکەی خوداتان پێ ڕابگەیەنم،
٢٦واتا ئەو نهێنییەی سەردەمانێکی زۆر و نەوە لەدوای نەوە شاردراوە بوو، ئێستا بۆ گەلی پیرۆزی خودا ئاشکرا کرا.
٢٧پلانی خودا ئەوەیە کە دەوڵەمەندی شکۆی نهێنییەکە بۆ گەلی خودا لەنێو نەتەوەکاندا ئاشکرا بکات، نهێنییەکەش ئەوەیە کە مەسیح لەناوتاندایە، ئەمەش هیوای شکۆدارییە.
٢٨ئێمە ئەو ڕادەگەیەنین، هەموو کەسێک ئاگادار دەکەینەوە و بەوپەڕی داناییەوە فێریان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەر یەکێکیان وەک کەسێکی پێگەیشتوو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بهێنینە بەردەم خودا.
٢٩بۆ ئەمەش ماندوو دەبم و تێدەکۆشم، بەگوێرەی کارەکەی کە بەهێزەوە لە مندا کار دەکات.