کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزکۆلۆسی

کۆلۆسی ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١دەمەوێ بزانن چ خەباتێک دەکەم بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شاری لاودیکییان و هەموو ئەوانەی ڕووبەڕوو منیان نەبینیوە،

٢تاکو ورەیان بەرزبێتەوە و لە خۆشەویستیدا یەکبگرن بۆ ئەوپەڕی دەوڵەمەندی لە تێگەیشتنی تەواو، تاکو نهێنی خودا بناسین، واتا مەسیح،

٣کە لە ئەودا هەموو گەنجینەی دانایی و زانیاری شاردراوەتەوە.

٤ئەمە دەڵێم تاکو کەس بە قسەی لووس چەواشەتان نەکات.

٥هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح لەگەڵتانم، دڵشادم کاتێک ڕێکی و چەسپاوی باوەڕتان بە مەسیح دەبینم.

٦ئیتر هەروەک چۆن عیسای مەسیحتان بە پەروەردگاری خۆتان وەرگرتووە، بە یەکبوون لەگەڵ ئەو بەردەوام بن لە ژیان،

٧لە ئەودا ڕەگ دابکوتن و خۆتان بنیاد بنێن. وەک فێربوون چەسپاو بن لە باوەڕدا، هەروەها با دڵتان پڕ لە سوپاسگوزاری بێت.

٨ئاگاداربن کەس بە فەلسەفەی پووچ و هەڵخەڵەتێنەر دیلتان نەکات، کە پشت بە نەریتی خەڵک و بنەما بنەڕەتییەکانی جیهان دەبەستێت، نەک بە مەسیح.

٩خودا بە هەموو پڕیی خۆی لە جەستەی مەسیحدا نیشتەجێیە،

١٠ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پڕ بوون لە خودا. مەسیح سەری هەموو سەرۆکایەتی و دەسەڵاتێکە.

١١هەروەها بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحدا ئێوە خەتەنەیەک کراون کە بە دەستی مرۆڤ ناکرێت. پێشتر تەواوی سروشتە گوناهبارەکەتان لەلایەن جەستەوە بەڕێوەدەبردرا، بەڵام کاتێک ئێوە لەلایەن مەسیحەوە خەتەنە کران، سروشتە گوناهبارەکە داماڵرا.

١٢لە کاتی لەئاوهەڵکێشانتان لەگەڵ ئەودا نێژران، لەگەڵ ئەویش هەستێنرانەوە بەهۆی باوەڕتان بە توانای خودا، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.

١٣ئێوەش کە بەهۆی گوناه و خەتەنە نەکردنی جەستەتان مردبوون، خودا لەگەڵ مەسیحدا زیندووی کردنەوە. لە هەموو گوناهەکانمان خۆشبوو.

١٤ئەو تۆمارە یاساییەی سڕییەوە کە ئێمەی پێ گوناهبار ببووین و لە دژمان بوو، هەڵیگرت و بە خاچەوە بزمارکوتی کرد.

١٥سەرۆکەکان و دەسەڵاتدارانی چەککرد و بە ئاشکرا کردنییە پەند و لە خاچدا بەسەریاندا زاڵبوو.

١٦بۆیە با کەس لە خواردن و خواردنەوە یان لەبارەی جەژن یان ئاهەنگی دەستپێکی مانگ یان شەممە حوکمتان نەدات.

١٧ئەمانە سێبەری داهاتوون، بەڵام ڕاستییەکە لە مەسیحدایە.

١٨مەهێڵن ئەوانەی کە حەز دەکەن خۆیان بە درۆ نزم بکەنەوە و فریشتەکان بپەرستن لە خەڵاتەکە بێبەشتان بکەن. ئەو جۆرە کەسانە زۆر بە وردی باسی ئەو شتانە دەکەن کە بینیویانە، لەخۆبایی بوون بەو بیرۆکە پووچە دنیاییانەی کە لە مێشکیاندایە.

١٩ئەم جۆرە کەسانە دەست بە مەسیحەوە ناگرن، ئەوەی کە سەری تەواوی جەستەیە و بەهۆیەوە هەموو جەستەکە هێز وەردەگرێت، لە ڕێگەی جومگە و بەستەرەکانەوە بە یەکتر بەستراونەتەوە، بەو شێوەیەی کە خودا دەیەوێت گەشە دەکات.

٢٠لە کاتێکدا ئێوە سەبارەت بە بنەماکانی جیهان لەگەڵ مەسیحدا مردن، ئیتر بۆچی وەک ئەوەی لە جیهاندا بژین، ملکەچی ئەم ئەرکانە دەبن:

٢١«مەیگرە! تامی مەکە! دەستی لێ مەدە!»؟

٢٢ئەمانە هەموویان ئەرکی تایبەتن بەو شتانەی کە لەناودەچن، تەنها چەند یاسا و فێرکردنێکن کە خەڵک دایناون.

٢٣بە ڕواڵەت شێوەی داناییان هەیە، لە پەرستنی هەڵبەستراو و خۆدەرخستن بە بێفیزی و توندوتیژی جەستە، بەڵام ئەوانە لە دامرکاندنەوەی هەوەسەکانی جەستە کاریگەرییان نییە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.