کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزکۆلۆسی

کۆلۆسی ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ مەسیحدا هەستێنرانەوە، کەواتە بۆ ئەو شتانەی سەرەوە کۆشش بکەن، لەوێ مەسیح لە دەستەڕاستی خودا دانیشتووە.

٢بایەخ بەو شتانەی سەرەوە بدەن، نەک ئەوانەی لەسەر زەوین،

٣چونکە ئێوە مردن، ژیانیشتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاردراوەتەوە.

٤کاتێک مەسیح دەردەکەوێت کە ژیانتانە، ئەوسا ئێوەش لەگەڵیدا لە شکۆمەندیدا دەردەکەون.

٥کەواتە ئارەزووە دنیاییەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەسبازی، ئارەزووی خراپ، چاوبرسیێتی کە جۆرێکە لە بتپەرستی،

٦چونکە بەهۆیانەوە تووڕەیی خودا دێتە سەر یاخیبووان.

٧ئێوەش جاران ئاوا هەڵسوکەوتتان دەکرد، کاتێک تێیاندا دەژیان.

٨بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە فڕێبدەن: هەڵچوون، تووڕەیی، قین، بوختان، قسەی ناشیرین لە زارتان.

٩لەگەڵ یەکتری درۆ مەکەن، چونکە مرۆڤە کۆنەکە و کردەوەکانتان داکەندووە و

١٠مرۆڤێکی نوێتان لەبەرکردووە، ئەوەی بەگوێرەی وێنەی بەدیهێنەرەکەی بە ناسینی نوێ بووەتەوە.

١١لەوێدا جولەکە و ناجولەکە نییە، خەتەنەکراو و خەتەنەنەکراو، بەربەری و سکیسی، کۆیلە و ئازاد نییە، بەڵکو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەمووتاندایە.

١٢بۆیە، ئێوە کە گەلی پیرۆز و خۆشەویست و هەڵبژێردراوی خودان، میهرەبانی و نیانی و بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتن لەبەر بکەن.

١٣بەرگەی یەکتری بگرن، ئەگەر یەکێک سکاڵای لەسەر یەکێک هەبوو، گەردنی یەکتری ئازاد بکەن. وەک مەسیحی باڵادەست لێتان خۆشبوو، ئێوەش لێیان خۆشبن.

١٤لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە خۆشەویستی لەبەر بکەن، کە لە یەکێتییەکی تەواودا هەموویان دەبەستێتەوە.

١٥با ئاشتی مەسیح حوکمی دڵتان بکات، چونکە وەکو ئەندامانی جەستەیەک بۆ ئاشتی بانگکران، هەروەها سوپاسگوزار بن.

١٦با پەیامی مەسیح بە دەوڵەمەندی لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، بەوپەڕی دانایی یەکتری فێر بکەن و ئاگادار بکەنەوە، بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بە سوپاسگوزاری لە دڵتاندا گۆرانی بۆ خودا بڵێن.

١٧هەر شتێک دەڵێن و دەیکەن، هەمووی بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بیکەن، لە ڕێگەی عیساوە سوپاسی خودای باوک بکەن.

١٨ئەی ژنەکان، ملکەچی مێردەکانتان بن، وەک لە شوێنکەوتووی مەسیح دەوەشێتەوە.

١٩ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، لەگەڵیان ڕەق مەبن.

٢٠ئەی منداڵان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە ئەمە جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە.

٢١ئەی باوکەکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، نەوەک نائومێد بن.

٢٢ئەی کۆیلەکان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی گەورەکانی ئەم جیهانەتان بن، نەک تەنها ئەو کاتەی کە چاودێریتان دەکەن بۆ ئەوەی لێتان ڕازی بن بەڵکو دڵسۆزانە، چونکە ئێوە لە مەسیحی گەورەکەتان دەترسن.

٢٣هەر چییەک دەکەن، بە دڵ بیکەن، وەک بۆ مەسیح بێت، نەک بۆ خەڵکی،

٢٤بزانن لەلایەن مەسیحەوە پاداشتی میرات وەردەگرن، چونکە خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ دەکەن.

٢٥بەڵام ئەوەی کاری خراپ بکات سزای خراپەی خۆی وەردەگرێت، خودا لایەنگری ناکات.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.