١ئەی گەورەکان، لەگەڵ کۆیلەکان بە دادپەروەری و یەکسانی هەڵسوکەوت بکەن، چونکە دەزانن ئێوەش گەورەتان هەیە لە ئاسمان.
٢پەیوەست بن بە نوێژکردنەوە، بە سوپاسەوە ئێشکی لێ بگرن.
٣بۆ ئێمەش نوێژ بکەن کە خودا دەرگایەکمان بۆ بکاتەوە بۆ پەیامەکە، بۆ ئەوەی نهێنیی مەسیح ڕابگەیەنین، هەر لەبەر ئەمەش گیراوم.
٤هەروەها نوێژ بکەن بۆ ئەوەی وەک پێویستە بە ڕوونی پەیامەکە ڕابگەیەنم.
٥بە دانایی لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە ڕەفتار بکەن، کات بقۆزنەوە.
٦با قسەتان هەردەم پڕبێت لە نیعمەت، بە خوێ سوێر کرابێت، تاکو بزانن چۆن پێویستە وەڵامی هەرکەسێک بدەنەوە.
٧تیخیکۆس هەموو هەواڵێکی منتان دەداتێ، برایەکی خۆشەویست و خزمەتکارێکی دڵسۆز و هاوکاری ئێمەیە لە خزمەتکردنی مەسیحی باڵادەستدا.
٨بە تایبەتی بۆ ئەوە ناردمە لاتان کە هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە.
٩ئەو لەگەڵ ئۆنسیمۆسی برای خۆشەویست و دڵسۆز، ئەوەی لە خۆتانە، هەواڵی هەموو شتێکی ئێرەتان دەدەنێ.
١٠ئەریستارخۆسی هاوڕێی بەندیێتیم سڵاوتان لێدەکات، مەرقۆسی ئامۆزای بەرناباسیش. دەربارەی ئەو ڕاسپاردەتان وەرگرتووە. ئەگەر هاتە لاتان پێشوازیی لێ بکەن.
١١هەروەها عیسا کە بە یوستۆس ناودەبردرێت، ئەویش سڵاوی بۆتان هەیە. تەنها ئەمانە لەنێوان هاوکارانم بۆ شانشینی خودا لە جولەکەکانن، ئەوانەی بوونە هاندەرم.
١٢ئەپەفراسی بەندەی عیسای مەسیح، ئەویش لە خۆتانە و سڵاوتان لێدەکات، هەردەم لە نوێژەکانیدا لە پێناوتاندا تێدەکۆشێت، تاکو لە تەواویدا بچەسپێن و تەواو دڵنیا بن لە هەموو خواستی خودا.
١٣شایەتیی بۆ دەدەم کە زۆر ماندوو دەبێت بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شارەکانی لاودیکییان و هیراپۆلیسن.
١٤لۆقای پزیشکی خۆشەویست و دیماس سڵاوتان لێدەکەن.
١٥سڵاو بکەن لە خوشکان و برایانی لاودیکییا و نیمفاس و ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیەتی.
١٦کاتێک ئەم نامەیەتان بۆ خوێنرایەوە، وابکەن لە کڵێسای لاودیکییەکانیش بخوێنرێتەوە، ئەوەی هی لاودیکییاشە ئێوە بیخوێننەوە.
١٧بە ئەرخیپۆس بڵێن: «سەیری ئەو خزمەتە بکە کە لە مەسیحی باڵادەستەوە وەرتگرتووە، تاکو تەواوی بکەیت.»
١٨من پۆڵسم، ئەم سڵاوە دەستخەتی خۆمە. یادی کۆتەکانم بکەن. نیعمەت لەگەڵتان بێت.