١لە ساڵی یەکەمی داریوشی مادی، لەگەڵی وەستام تاکو پشتگیری لێ بکەم و بیپارێزم.
٢«ئێستاش ڕاستیت پێ دەڵێم: سێ پاشای دیکە لە فارس پەیدا دەبن، پاشان چوارەمیان لە هەموویان دەوڵەمەندتر دەبێت. سامانەکەی بۆ بەدەستهێنانی هێز بەکاردەهێنێت، هەمووان لە دژی شانشینی یۆنان دەورووژێنێت.
٣ئینجا پاشایەکی بە توانا پەیدا دەبێت و زۆر زاڵ دەبێت، چی پێ خۆش بێت دەیکات.
٤بەڵام ئیمپراتۆریەتەکە لەوپەڕی هێزیدا تێکدەشکێت و بەسەر چوار لای زەویدا دابەش دەبێت، بەڵام نەک بۆ نەوەکانی، بەڵکو بۆ خەڵکی دیکە دەبێت، دەسەڵاتی پێشتری نامێنێت، چونکە ئیمپراتۆریەتەکەی بنبڕ دەبێت.
٥«دوای ئەمە پاشای باشوور بەهێز دەبێت، بەڵام یەکێک لە میرەکانی لەو بەهێزتر دەبێت و بە دەسەڵاتێکی گەورەوە زاڵ دەبێت.
٦پاش چەند ساڵێک پەیمان دەبەستن، کچی پاشای باشوور بۆ پەیمان بەستنەکە دێتە لای پاشای باکوور، بەڵام کچەکە هێزی نامێنێت، پاشای باشووریش نە خۆی و نە هێزی بەردەوام نابن. لەو کاتەدا کچەکە و باوکی و ئەوانەی هێنایان و لەگەڵ ئەوەش کە پشتگیری دەکرد بە دەستەوە دەدرێن.
٧«ئینجا یەکێک لە بنەماڵەی کچەکە لە شوێنی ئەو هەڵدەستێتەوە. بەر لە سوپای پاشای باکوور دەگرێت و دەچێتە ناو قەڵاکەی، لێیان دەدات و سەرکەوتوو دەبێت.
٨بت و پەیکەرە داڕێژراوەکان و قاپوقاچاغە بەنرخەکانیان کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون دەباتە میسر. دوای ئەمە ماوەی چەند ساڵێک واز لە پاشای باکوور دەهێنێت.
٩ئینجا پاشای باکوور هێرش دەباتە سەر شانشینی پاشای باشوور، بەڵام دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی.
١٠کوڕەکانی دەوروژێن و ئاپۆرەی سوپایەکی گەورە کۆدەکەنەوە کە وەک لافاوێکی بەهێز ڕادەماڵێت، بڵاو دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت، هەتا شەڕ دەهێنێتە سەر قەڵای پاشای باشوور.
١١«ئیتر پاشای باشوور ڕقی هەڵدەستێت و هێرش دەکاتە سەر پاشای باکوور، کە وا خەریکە سوپایەکی زۆر گەورەی کۆدەکاتەوە، بەڵام دەشکێنرێت.
١٢کاتێک سوپاکە ڕادەماڵرێت، پاشای باشوور بەفیز دەبێت و دەیان هەزار دەکوژێت، بەڵام سەرناکەوێت،
١٣چونکە پاشای باکوور دەگەڕێتەوە، سوپایەکی زۆرتر لەوەی جاری یەکەم کۆدەکاتەوە، پاش چەند ساڵێک بە سوپایەکی گەورە و چەک و تفاقێکی زۆرەوە پێشدەکەوێت.
١٤«لەو کاتەدا خەڵکانێکی زۆر لە دژی پاشای باشوور ڕادەپەڕن، بۆ بەدیهێنانی بینینەکە توندڕەوەکان لە گەلەکەت یاخی دەبن، بەڵام دەکەون.
١٥ئینجا پاشای باکوور دێت و مەتەرێزێک لێدەدات و شارە قەڵابەندەکە داگیر دەکات. هێزەکانی باشوور لەبەردەمیدا خۆیان ڕاناگرن، تەنانەت باشترین سەربازیشیان بەرگە ناگرێت.
١٦پاشای باکوور ئەوەی بیەوێ دەیکات، کەسیش نابێت بەرەنگاری بێتەوە. لەناو خاکە دڵگیرەکەدا ڕادەوەستێت و هەمووی لەژێر دەستی ئەودا دەبێت.
١٧مکوڕ دەبێت لەسەر ئەوەی بە هەموو دەسەڵاتی پاشایەتییەکەیەوە بێت و پەیمان لەگەڵ پاشای باشوور ببەستێت. کچەکەی دەداتێ بۆ ئەوەی پاشایەتی باشوور تێکبدات، بەڵام پیلانەکانی سەرناکەون و سوودمەند نابن.
١٨پاشان ڕوو دەکاتە کەنارەکان و زۆریان داگیر دەکات، بەڵام فەرماندەیەک کۆتایی بە لووتبەرزییەکەی دەهێنێت، بەڵکو لووتبەرزییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
١٩ئینجا دەگەڕێتەوە قەڵاکانی خاکەکەی خۆی، بەڵام ساتمە دەکات و دەکەوێت، ئیتر نامێنێت.
٢٠«جێنشینەکەی باجگرێک دەنێرێت بۆ بەردەوام بوونی شکۆمەندی پاشایەتییەکەی. لە ماوەیەکی کورتدا تێکدەشکێت، بەڵام نە بە تووڕەیی و نە بە جەنگ.
٢١«ئینجا ناکەس بەچەیەک شوێنی دەگێڕێتەوە کە شکۆمەندی پاشایەتی نەدراوەتێ. کاتێک خەڵکی بە ئاسوودەیی دەژین لەناکاو دێت و بە فێڵ دەست بەسەر پاشایەتییەکەدا دەگرێت.
٢٢چەندین سوپای زەبەلاح لە بەرامبەر ئەو تێکدەشکێن و ڕادەماڵرێن، هەروەها میری پەیمانیش.
٢٣هەرکە پەیمانێک دەبەستێت، فێڵ لە هاوپەیمانەکەی دەکات، بە خەڵکێکی کەمەوە دەگاتە دەسەڵات.
٢٤کاتێک هەرێمە دەوڵەمەندەکان لە ئارامیدان بەسەریاندا دەدات، ئەوە دەکات کە نە باوک و نە باپیرانی کردوویانە. تاڵانی و دەستکەوت و سامان بەسەر شوێنکەوتووانیدا دابەش دەکات. پیلان بۆ داگیرکردنی قەڵاکان دادەڕێژێت، بەڵام تەنها بۆ ماوەیەک دەبێت.
٢٥«بە سوپایەکی گەورە و بە ئازایەتییەوە هێزەکەی لە دژی پاشای باشوور دەوروژێنێت، پاشای باشووریش بە سوپایەکی گەورە و بەهێزەوە خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات، بەڵام بەرگە ناگرێت، چونکە پیلان لە دژی دەگێڕن.
٢٦ئەوانەی لە خواردنە خۆشەکانی دەخۆن، دەیشکێنن و سوپاکەی ڕادەماڵرێت، زۆر کەس دەکوژرێن.
٢٧ئەم دوو پاشایەش دڵیان لەلای خراپەیە، لەسەر یەک مێز دادەنیشن و درۆ بۆ یەکتری دەکەن، بەڵام سەرناکەون، چونکە کۆتایی لە کاتی دیاریکراودا دێت.
٢٨پاشای باکوور بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، بەڵام لە دڵەوە لە دژی پەیمانە پیرۆزەکەیە. دژایەتییەکە دەکات، ئینجا دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی.
٢٩«لە کاتی دیاریکراودا دەگەڕێتەوە و هێرش دەباتەوە بۆ باشوور، بەڵام ئەم جارەیان وەک جاری یەکەم نابێت.
٣٠لە کەنارەکانی ڕۆژئاواوە کەشتییەکان دێنە سەری، ئینجا کۆڵدەدات. دەگەڕێتەوە و لە پەیمانە پیرۆزەکە تووڕە دەبێت، ئەوانەش پاداشت دەکات کە وازیان لە پەیمانە پیرۆزەکە هێناوە.
٣١«سوپاکەی ئەو دێن و پیرۆزگای قەڵابەند گڵاو دەکەن، قوربانی ڕۆژانە دادەماڵن و قێزەونی وێرانکەر دادەنێن.
٣٢ئەوانەی پەیمان دەشکێنن بە فێڵ هەڵیاندەخەڵەتێنێت، بەڵام ئەو گەلەی خودای خۆیان دەناسن بەهێز دەبن و دژایەتی ئەو دەکەن.
٣٣«تێگەیشتووان خەڵکێکی زۆر فێر دەکەن، هەرچەندە بۆ ماوەیەک بە شمشێر و ئاگر دەکوژرێن یان تاڵان و ڕاپێچ دەکرێن.
٣٤کاتێک دەکەون بە کەمی یارمەتی دەدرێن، زۆر کەسیش بەبێ دڵسۆزی دەچنە ڕیزیان.
٣٥هەندێک لە تێگەیشتووان ساتمە دەکەن، بۆ پوختەبوون و پاکبوونەوە و بێ لەکە بوونیان هەتا کاتی کۆتایی، چونکە لە کاتی دیاریکراو دێت.
٣٦«پاشا بە ویستی خۆی دەکات. خۆی بە گەورە و بە زل دەزانێت لەسەر هەموو خودایەک، کفری ترسناک لە دژی خودای خودایان دەکات. هەتا کاتی تەواوبوونی تووڕەییەکە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە هەر دەبێت پیادە بکرێت.
٣٧نە گوێ بە خوداوەندەکانی باوباپیرانی دەدات و نە بەوەی ژن دایهێناوە، گوێ بە هیچ خوداوەندێک نادات. بەڵکو خۆی لە هەموویان بە گەورەتر دەزانێت.
٣٨لە جیاتی ئەوان ڕێز لە خوداوەندی قەڵاکان دەگرێت، خوداوەندێکە کە باوباپیرانی نەیانناسیوە، بە زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و دیاری بە نرخ ڕێزی لێ دەگرێت.
٣٩بە یارمەتی ئەو خوداوەندە بێگانەیە پەلاماری قەڵا پتەوەکان دەدات. زۆر ڕێز لەوانە دەگرێت کە دەچنە ژێر باڵی. دەیانکاتە فەرمانڕەوای خەڵکێکی زۆر، خاکەکە بە پاداشت دابەش دەکات.
٤٠«لە کاتی کۆتاییدا پاشای باشوور جەنگی لەگەڵدا بەرپا دەکات، پاشای باکووریش بە گالیسکە و سوار و بە کەشتیگەلی زۆرەوە وەک ڕەشەبا لە دژی هەڵدەکات. پەلاماری چەندین وڵات دەدات، وەک لافاو ڕایاندەماڵێت.
٤١هەروەها پەلاماری خاکە دڵگیرەکە دەدات. زۆر کەس دەکوژرێن، بەڵام ئەدۆم و مۆئاب و میرەکانی عەمۆنییەکان لە دەستی دەرباز دەبن.
٤٢دەسەڵاتی خۆی بەسەر زۆر وڵاتدا بڵاو دەکاتەوە، میسریش ڕزگاری نابێت.
٤٣دەست بەسەر گەنجینەکانی زێڕ و زیو و هەموو سامانی میسردا دەگرێت، لیبییەکان و کوشییەکانیش ملکەچی دەبن.
٤٤بەڵام چەند هەواڵێکی ترسناکی لە ڕۆژهەڵات و باکوورەوە پێ دەگات و ئەو دەهەژێنێت، بە تووڕەییەکی زۆرەوە بەڕێدەکەوێت بۆ کاولکردن و قڕکردنی خەڵکانێکی زۆر.
٤٥چادری شاهانەی لەنێوان دەریاکان و کێوی دڵگیری پیرۆز هەڵدەدات. بەڵام دەگاتە کۆتایی خۆی، کەسیش یارمەتی نادات.