کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدانیال

دانیال ١٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە ساڵی سێیەمی کۆرشی پاشای فارس، پەیامێک بۆ دانیال ئاشکرا کرا، کە ناونرابوو بێلتەشەسر. پەیامێکی ڕاست بوو سەبارەت بە جەنگی گەورە. تێگەیشتنی پەیامەکە لە ڕێگەی بینینێکەوە بۆی هات.

٢لەو ڕۆژانەدا، من کە دانیالم سێ هەفتەی تەواو شیوەنم گێڕا.

٣هیچ خواردنێکی خۆشم نەخوارد، گۆشت و شەراب نەچووە دەممەوە، بۆنم لە خۆم نەدا هەتا سێ هەفتەکە تەواو بوو.

٤لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی یەکدا کاتێک لەسەر کەناری ڕووبارە گەورەکە بووم کە دجلەیە،

٥سەرم هەڵبڕی و تەماشام کرد، پیاوێک کەتانی لەبەردا بوو، پشتێنێکی زێڕی ئوفازیشی لە کەمەری بەستبوو.

٦لەشی وەک زەبەرجەد، ڕووی وەک شێوەی بروسکە، چاوەکانی وەک چرای ئاگر، قۆڵ و قاچەکانی وەک بریسکەی بڕۆنزی سافکراو بوون و هەروەها دەنگیشی وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر بوو.

٧من کە دانیالم، بە تەنها من بینینەکەم بۆ ئاشکرا کرا، ئەو پیاوانەی لەگەڵمدا بوون نەیانبینی، بەڵام ترسێکی گەورە لەسەریان نیشت، ڕایانکرد و خۆیان شاردەوە.

٨جا من بە تەنها مامەوە و تەماشای ئەم بینینە گەورەیەم دەکرد. هێزم تێدا نەما و ڕووم ڕەنگی مردووی لێ نیشت، لە پەلوپۆ کەوتم.

٩گوێم لە قسەکانی بوو، لەو کاتەش کە گوێم لێی دەگرت، چوومە ناو خەوێکی قووڵەوە، ڕووشم ڕووەو زەوی بوو.

١٠دەستێکم بەرکەوت و بە لەرزەوە لەسەر دەست و ئەژنۆم داینام.

١١پێی گوتم: «ئەی دانیال، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە! ئەو قسەیەی کە پێت دەڵێم لێی تێبگە و هەستە سەر پێت، چونکە من ئێستا نێردراوم بۆ لای تۆ.» کە بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ کردم، بە لەرزەوە هەستامە سەر پێ.

١٢پێی گوتم: «ئەی دانیال، مەترسە. لەبەر ئەوەی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کە مکوڕ بوویت تێبگەیت و لەبەردەم خوداکەت خۆتت زەلیل کرد، پاڕانەوەکەت بیسترا، منیش لەبەر ئەمانە هاتووم.

١٣سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی شانشینی فارس ماوەی بیست و یەک ڕۆژ بەرەنگارم بووەوە، ئینجا میکائیل کە یەکێک لە سەرۆک فریشتەکانە بۆ هاریکاریم هات، چونکە من لەوێ لەلای پاشای فارس دواخرابووم.

١٤جا هاتووم بۆ ئەوەی ئەوەت تێبگەیەنم کە لە ڕۆژی کۆتایی بەسەر گەلەکەتدا دێت، چونکە بابەتی بینینەکە ڕۆژانی داهاتووە.»

١٥کاتێک ئەو قسانەی لەگەڵمدا دەکرد، سەرم دانەواند و بێدەنگ بووم.

١٦ئینجا فریشتەکە، کە لە شێوەی مرۆڤ بوو، دەستی لە لێوەکانم دا، منیش دەمم کردەوە و قسەم کرد. بەوەم گوت کە لەبەردەممدا وەستابوو: «گەورەم، بە بینینەکە ئازارێکی زۆرم چێژت و لە پەلوپۆ کەوتم.

١٧ئەی گەورەم، من خزمەتکاری تۆم، چۆن قسەت لەگەڵ بکەم؟ من ئێستا هێزم لێ بڕاوە و هەناسەم تێدا نەماوە.»

١٨دووبارە ئەوەی لە مرۆڤ دەچوو دەستی لێم دا و هێزی هێنایەوە بەرم.

١٩گوتی: «مەترسە، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە. ئاشتیت لەسەر بێت! ئازابە و بەهێزبە!» کاتێک قسەی لەگەڵدا کردم، بەهێز بووم و گوتم: «با گەورەم قسە بکات، چونکە بەهێزت کردم.»

٢٠ئەویش گوتی: «ئایا دەزانیت بۆچی هاتمە لات؟ ئێستاش دەگەڕێمەوە و لەگەڵ سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی فارس دەجەنگم، دوای ئەوەی من دەڕۆم سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی یۆنان دێت.

٢١بەڵام ئێستا ئەوەت پێ دەڵێم کە لە پەڕتووکی ڕاستیدا نووسراوە. کەس لە دژی ئەم سەرۆکانە پشتگیریم ناکات، جگە لە میکائیلی سەرۆکتان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.