١لە ساڵی یەکەمی داریوشی کوڕی ئەحەشوێرۆش لە نەوەی مادەکان کە بووە بە فەرمانڕەوای شانشینی بابلییەکان،
٢لە ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی ئەو، من کە دانیالم لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە بەپێی فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر تێگەیشتم کە ماوەی کاولبوونی ئۆرشەلیم حەفتا ساڵ دەبێت.
٣منیش ڕووم لە خودای پەروەردگار کرد، بە نوێژ و پاڕانەوەوە داوام دەکرد، بە ڕۆژوو و بە پۆشینی جلوبەرگی گوش و بە خۆڵەمێش بەسەرخۆدا کردن.
٤نزام بۆ یەزدانی پەروەردگارم کرد و دانم پێدا نا: «ئەی پەروەردگار، خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت و فەرمانەکانت بەجێدەگەیەنن،
٥گوناهمان کرد و تاوانمان کرد، خراپەمان کرد و یاخی بووین، لە فەرمانەکان و یاساکانی تۆ لاماندا.
٦گوێمان لە بەندە پێغەمبەرەکانت نەگرت، ئەوانەی بە ناوی تۆوە قسەیان بۆ پاشا و میر و باوباپیرانمان و هەموو گەلی خاکەکە کرد.
٧«ئەی پەروەردگار، تۆ ڕاستودروستیت، بەڵام ئەمڕۆ شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، بۆ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، بۆ هەموو ئیسرائیلە، نزیک و دوورەکان لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەرتکردووین، لەبەر ئەو ناپاکییەی لەگەڵ تۆدا کردمان.
٨ئەی یەزدان، شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، لە پاشا و میر و باوباپیرانمان، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
٩خودای پەروەردگارمان بە بەزەیی و بەخشندەیە، هەرچەندە ئێمە لێی یاخی بووین.
١٠گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین بۆ ئەوەی بە ڕێگای فێرکردنەکانیدا بڕۆین، کە لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە پێیداین.
١١هەموو ئیسرائیل سەرپێچی فێرکردنەکانی تۆیان کرد، لایاندا و گوێڕایەڵبوونی تۆیان ڕەتکردەوە. «لەبەر ئەوە ئەو نەفرەت و سوێندەت بەسەرماندا ڕژاند کە لە تەوراتی موسای بەندەی خودا نووسرابوو، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
١٢ئەو ئاگادارکردنەوانەت هێنایە دی کە لەسەر ئێمە و ئەو دادوەرانەمان فەرمووبووت کە دادوەرییان بۆمان دەکرد، بۆ ئەوەی بەڵایەکی گەورەمان بەسەردا بهێنیت. لەژێر ئاسماندا شتی وا ڕووینەدابێت، وەک ئەوەی بەسەر ئۆرشەلیم هات.
١٣هەروەک ئەوەی لە تەوراتی موسادا نووسرابوو هەموو ئەم بەڵایانە بەسەرماندا هات، بەڵام لە تاوانەکانمان نەگەڕاینەوە و سەرنجمان نەدایە ڕاستییەکەی تۆ، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی یەزدانی پەروەردگارمان بەدەستبهێنین.
١٤جا یەزدان مکوڕ بوو کە بەڵاکەمان بەسەربهێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو کارەکانی کە کردی ڕاستودروستە، ئێمەش گوێڕایەڵی نەبووین.
١٥«ئێستاش ئەی خودای پەروەردگارمان، کە بە دەستێکی بەهێزەوە گەلی خۆتت لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە، ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، ئێمە گوناهمان کرد و خراپەمان کرد.
١٦ئەی پەروەردگار، بەپێی هەموو ڕاستودروستییەکەت، تکایە تووڕەیی و هەڵچوونەکەت لەسەر شارەکەت، ئۆرشەلیم، دابمرکێنەوە کە کێوی پیرۆزی خۆتە. بەهۆی گوناهەکانمان و تاوانەکانی باوباپیرانمان ئۆرشەلیم و گەلەکەت لەلای هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرمانن ڕیسوا بوون.
١٧«ئێستاش ئەی خودای ئێمە، گوێ لە نزاکانی خزمەتکارەکەت و لە پاڕانەوەکەی بگرە. ئەی پەروەردگار، لە پێناوی خۆت ڕووت بەسەر پیرۆزگا کاولەکەتدا بدرەوشێنەوە.
١٨ئەی خودای من، گوێت شل بکە و ببیستە، چاوەکانت بکەرەوە و کەلاوەکانمان و ئەو شارە ببینە کە ناوی تۆی هەڵگرتووە. لەبەر ڕاستودروستی خۆمان نییە کە پاڕانەوەکانمان دەخەینە بەردەمت، بەڵکو لەبەر بەزەییە زۆرەکەتە.
١٩ئەی پەروەردگار گوێ بگرە! ئەی پەروەردگار لێخۆشبە! ئەی پەروەردگار گوێ شل بکە و دەستبەکار بە! ئەی خودای من، لەبەر خۆت دوای مەخە، چونکە شارەکەت و گەلەکەت ناوی تۆیان هەڵگرتووە.»
٢٠لەو کاتەدا من قسەم دەکرد و نزام دەکرد، دانم بە گوناهی خۆم و بە گوناهی ئیسرائیلی گەلەکەمدا دەنا و سەبارەت بە کێوە پیرۆزەکەی پاڕانەوەکەم دەخستە بەردەم یەزدانی پەروەردگارم،
٢١هێشتا لە نزاکەمدا بووم، جبرائیل، ئەو پیاوەی کە پێشتر لە بینینێکی دیکەدا بۆم ئاشکرا کرابوو، لە کاتی قوربانی ئێوارە بە خێرایی فڕی و هاتە لام.
٢٢تێیگەیاندم و پێی گوتم: «ئەی دانیال، من ئێستا هاتم بۆ ئەوەی تێتبگەیەنم و بۆت ڕوون بکەمەوە.
٢٣هەرکە دەستت بە پاڕانەوە کرد، وەڵامێک دەرچوو، منیش هاتووم پێت بڵێم، چونکە تۆ خۆشەویستی. لەبەر ئەوە لە پەیامەکە ڕابمێنە و لە بینینەکە تێبگە.
٢٤«بڕیار دراوە حەفتا ”هەفتە“ بەسەر گەلەکەت و بەسەر شارە پیرۆزەکەتدا بچێت بۆ کۆتایی پێهێنانی یاخیبوون، نەهێشتنی گوناه، کەفارەتی تاوان، هێنانی ڕاستودروستی هەتاهەتایی، تەواوکردنی بینین و پەیامی پێغەمبەر و هەروەها دەستنیشانکردنی هەرەپیرۆز.
٢٥«جا بزانە و تێبگە کە لە دەرچوونی بڕیارەکە بۆ نوێکردنەوە و بنیادنانەوەی ئۆرشەلیم، هەتا هاتنی پاشای دەستنیشانکراو، حەوت ”هەفتە“ و شەست و دوو ”هەفتە“ی پێ دەچێت. ئۆرشەلیم بە شەقامەکان و شوورابەندیەوە بنیاد دەنێتەوە، سەرباری ئەوەی کاتەکە تەنگانەیە.
٢٦پاش شەست و دوو ”هەفتە“ دەستنیشانکراوەکە دەکوژرێت و هیچی نابێت. سوپای پاشایەکی دیکە دێت و شارەکە و پیرۆزگاکە وێران دەکات. کۆتاییەکەی وەک لافاوێک دێت و هەتا کۆتایی جەنگ بەردەوام دەبێت، بڕیاری کاولکردنی دراوە.
٢٧ئەم فەرمانڕەوایە لە یەک ”هەفتە“دا لەگەڵ زۆردا پەیمانی بەهێز دەبەستێت. لە ناوەڕاستی ئەو ”هەفتەیە“دا کۆتایی بە قوربانی و پێشکەشکراوەکان دەهێنێت، لەسەر لووتکەی پەرستگا قێزەونی وێرانکەر دادەنێت، بۆ ئەوەی سزای حوکمی کۆتایی لەسەر ئەم وێرانکەرەدا بڕژێتەوە.»