کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدانیال

دانیال ٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١من کە دانیالم، لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی بێلشەسر، لەپاش ئەو بینینەی کە ماوەیەک لەمەوپێش بۆم ئاشکرا کرابوو، بینینێکی دیکەشم بۆ ئاشکرا کرا.

٢لە بینینەکەمدا سەیرم کرد لە قەڵای شوشم، ئەوەی لە هەرێمی ئیلامە. لە بینینەکەدا لەلای نۆکەندی ئولای بووم.

٣چاوم هەڵبڕی و بینیم بەرانێک لەلای نۆکەندەکە ڕاوەستاوە و دوو قۆچی هەیە، هەردوو قۆچەکە درێژ بوون، یەکێکیان لەوەی دیکەیان درێژتر بوو، هەرچەندە دواتر سەری دەرهێنابوو.

٤بینیم بەرانەکە بەلای ڕۆژئاوا و باکوور و باشووردا قۆچ دەوەشێنێت، هیچ گیانلەبەرێکیش لە ڕووی نەوەستایەوە، هیچ لە دەستی دەرباز نەبوو، ئەوەی پێی خۆشبوو کردی و مەزن بوو.

٥لەو کاتەدا کە ڕامابووم تەگەیەک لە ڕۆژئاواوە بەسەر زەویدا دەهات و پێیەکانی بەر زەوی نەدەکەوت، تەگەکە شاخێکی بەرزی هەبوو لەنێوان هەردوو چاوی.

٦چووە لای ئەو بەرانەی کە دوو قۆچی هەبوو، ئەوەی بینیم لەلای نۆکەندەکە وەستابوو، زۆر بە تووڕەییەوە هێرشی کردە سەری.

٧بینیم گەیشتە سەر بەرانەکە و بەربووە سەری و لە بەرانەکەی دا، دوو قۆچەکەی شکاند. بەرانەکە هێزی ئەوەی نەبوو لەبەردەمی ڕابوەستێت، تەگەکە فڕێیدایە سەر زەوی و پێی لێنا، بەرانەکە کەسی نەبوو لە دەستی دەربازی بکات.

٨ئینجا تەگەکە زۆر خۆی بە زل زانی، بەڵام کاتێک لەخۆبایی بوو شاخە گەورەکەی شکا، لە جێی ئەو شاخەش چوار شاخی گەورەتر بەرەو چوار بایەکەی ئاسمان دەرچوون.

٩لە یەکێک لەوانەوە شاخێکی بچکۆلە دەرکەوت، ڕووەو باشوور و ڕۆژهەڵات و خاکە دڵگیرەکە گەشەی کرد.

١٠زۆر بەهێز بوو، تەنانەت گەیشتە هێزەکانی ئاسمانیش، هەندێک لە هێز و ئەستێرەکانی فڕێدایە خوارەوە بۆ سەر زەوی و پێی لێنان.

١١خۆی بە گەورە زانی تاوەکو خۆی یەکسان بکات بە خودای سوپاسالاری ئاسمان. قوربانی ڕۆژانە لەکارخرا و پیرۆزگاکەی وێران کرا.

١٢لەبەر یاخیبوون، سوپا پیرۆزەکان و پێشکەشکردنی قوربانی ڕۆژانە درانە دەستی شاخەکە. ڕاستی خرایە ژێر پێ، شاخەکەش لە هەموو ئەوەدا سەرکەوتوو بوو کە کردی.

١٣ئینجا گوێم لە فریشتەیەکی پیرۆز بوو قسەی دەکرد، فریشتەیەکی پیرۆزی دیکە بەوی دەگوت: «ڕووداوەکانی ئەم بینینە کەی دێنە دی؟ هەتا کەی قوربانی ڕۆژانە لەکاردەخەن؟ هەتا کەی یاخیبوون بەردەوام دەبێت لە کاولبوونی پیرۆزگا و پێشێلکردنی سوپا پیرۆزەکە؟»

١٤ئەویش پێی گوتم: «دوو هەزار و سێ سەد بەیانی و ئێوارە، ئینجا پیرۆزگا دەگەڕێتەوە باری پیرۆزی خۆی.»

١٥من دانیالم، هێشتا خەریکی سەیرکردنی بینینەکەم و هەوڵدەدەم کە لێی تێبگەم، ئەوەتا یەکێک لە شێوەی پیاوێک لەبەردەمم ڕاوەستاوە.

١٦گوێم لە دەنگی مرۆڤێک بوو لەلای نۆکەندی ئولایەوە بانگی کرد و گوتی: «ئەی جبرائیل، واتای بینینەکە لەم پیاوە بگەیەنە.»

١٧ئەویش هاتە ئەو شوێنەی کە لێی ڕاوەستابووم، کاتێک هات ترسام و بەسەر ڕوومدا کەوتم. پێی گوتم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بزانە کە بینینەکە سەبارەت بە سەردەمی کۆتاییە.»

١٨کاتێک قسەی لەگەڵم دەکرد کەوتبوومە خەونێکی قووڵەوە و ڕووم ڕووەو زەوی بوو. ئینجا دەستی لێدام و هەڵیستاندمە سەر پێ.

١٩گوتی: «من پێت دەڵێم کە لە کاتی تووڕەیی چی ڕوودەدات، چونکە بینینەکە سەبارەت بە سەردەمی کۆتایی دیاریکراوە.

٢٠ئەو بەرانەی کە بینیت دوو قۆچی هەبوو، ئەوە پاشاکانی ماد و فارسە.

٢١تەگەکە پاشای یۆنانە، ئەو قۆچە گەورەیەش کە لەنێوان هەردوو چاوی بوو یەکەمین پاشایە.

٢٢بەڵام ئەو چوار قۆچەی کە لە شوێنی قۆچە شکێنراوەکە پەیدابوون، ئەوا چوار پاشایەتی لە نەتەوەکەی ئەوەوە پەیدا دەبن، بەڵام هەمان هێزی ئەویان نابێت.

٢٣«لە دوایین پاشایەتییان، کاتێک یاخیبوون لە دژی خودا دەگاتە ئەوپەڕی، پاشایەکی ڕوو وشک و فێڵباز پەیدا دەبێت.

٢٤هێزی زۆر دەبێت، بەڵام نەک بە هێزی خۆی، لە ڕادەبەدەر وێرانکاری دەکات و سەرکەوتوو دەبێت لە هەرچی بیەوێت بیکات. تواناداران و گەلە پیرۆزەکە لەناودەبات.

٢٥بە تەڵەکەبازی وا دەکات فێڵبازی سەرکەوتوو بێت، دڵی لەخۆبایی دەبێت. کاتێک لە ئاسوودەییدا زۆران لەناودەبات و لە دژی میری میران دەوەستێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تێکدەشکێنرێت، بەڵام بەبێ هێزی مرۆڤانە.

٢٦«ئەو بینینەی ئێوارە و بەیانی کە بە تۆ درا ڕاستە، بەڵام تۆ بینینەکە بە نهێنی بهێڵەوە، چونکە بۆ داهاتووی دوورە.»

٢٧من کە دانیالم، بۆ چەند ڕۆژێک بێهێز و لاواز بووم، ئینجا هەستام و دەستم کردەوە بە کاروبارەکانی پاشا. واقم وڕمابوو لە بینینەکە، لە سەرووی تێگەیشتنەوە بوو.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.