کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدانیال

دانیال ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە نەبوخودنەسری پاشاوە، بۆ هەموو گەل و نەتەوە و خەڵکی هەموو زمانەکان کە لە هەموو زەویدا نیشتەجێن: هەر سەرکەوتوو بن!

٢بە باشم زانی ئەو نیشانە و پەرجووانە ڕابگەیەنم کە خودای هەرەبەرز لەگەڵ مندا کردی.

٣نیشانەکانی چەند گەورەن و کارە پەرجووەکانی چەند بەهێزن! پاشایەتییەکەی پاشایەتی هەتاهەتاییە و دەسەڵاتیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.

٤من نەبوخودنەسرم، لە ماڵەکەم بێ خەم بووم و لەناو کۆشکەکەمدا ئاسوودە بووم.

٥خەونێکم بینی منی ترساند، کاتێک لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، ئەو شتانەی بە مێشکمدا هاتن و بینینەکەم منیان تۆقاند.

٦ئینجا فەرمانم کرد هەموو داناکانی بابل بهێننە بەردەمم بۆ لێکدانەوەی خەونەکەم.

٧کاتێک جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوە هاتن، خەونەکەم بۆ گێڕانەوە، بەڵام نەیانزانی لێکی بدەنەوە.

٨لە کۆتاییدا دانیال هاتە بەردەمم، ئەوەی ناوی بێلتەشەسرە، کە ناوی خوداوەندەکەمە، ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانی تێدایە، خەونەکەم بۆی گێڕایەوە.

٩گوتم: «بێلتەشەسر، گەورەی جادووگەران، لەبەر ئەوەی کە دەزانم ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانت تێدایە، هیچ نهێنییەک بۆ تۆ قورس نییە. ئەوە خەونەکەمە، بۆم لێکبدەوە.

١٠کە لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، ئەم بینینانەم بۆ ئاشکرا کرا: تەماشام کرد، لەبەردەمم دارێکی زۆر بەرز لە ناوەڕاستی خاکەکەیە.

١١دارەکە گەشەی کرد و بەهێز بوو، بەرزی گەیشتە ئاسمان، لەوپەڕی زەوی دەبینرا.

١٢گەڵاکانی جوان بوو، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو. گیانلەبەرانی دەشتودەر لەژێر سێبەرەکەیدا بوون، باڵندەکانی ئاسمان لە لقەکانیدا نیشتەجێ بوون، هەموو بوونەوەر لێیان خوارد.

١٣«لەو بینینانەی بۆم ئاشکرا کران کاتێک لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، تەماشام کرد، فریشتەیەکی پیرۆز لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە.

١٤بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: ”دارەکە ببڕنەوە و لقەکانی بشکێنن، گەڵاکانی بوەرێنن و بەرەکەی پەرتوبڵاو بکەنەوە. با گیانلەبەران لە ژێری و باڵندە لە لقەکانی هەڵبێن.

١٥بەڵام با بنەدارەکە و ڕەگەکەی کە بە ئاسن و بڕۆنز بەستراون لەناو گژوگیای زەوی بمێننەوە. «”با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ گیانلەبەران لەنێو گژوگیای زەوی بژیێت.

١٦با مێشکی لە مرۆڤەوە بگۆڕێت و مێشکی ئاژەڵی بدرێتێ، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.

١٧«”ئەو بڕیارە لەلایەن فریشتەکانەوە ڕاگەیەنرا، ئەو حوکمە بە پیرۆزەکان دراوە، بۆ ئەوەی زیندووان بزانن کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتدارە بەسەر پاشایەتی مرۆڤدا، هەروەها دەیداتە هەر یەکێک بیەوێت، پایە نزمترین کەسی لەسەر دادەنێت.“

١٨«من نەبوخودنەسر پاشام، ئەم خەونەم بینی. ئێستا تۆ ئەی بێلتەشەسر، لێکی بدەوە، چونکە هەموو دانایانی پاشایەتییەکەم ناتوانن بۆمی لێک بدەنەوە. بەڵام تۆ دەتوانیت، چونکە ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانت تێدایە.»

١٩لەو کاتەدا دانیال کە ناوی بێلتەشەسر بوو، بۆ ماوەیەک واقی وڕما و بیرکردنەوەکانی ترساندی، پاشاش گوتی: «بێلتەشەسر، با خەونەکە و لێکدانەوەکەی نەتترسێنن.» بێلتەشەسریش وەڵامی دایەوە: «گەورەم، خۆزگە خەونەکە بۆ نەیارانت و لێکدانەوەکەشی بۆ دوژمنانت بووایە!

٢٠ئەو دارەی کە بینیت گەورە و بەهێز بوو، بەرزییەکەی گەیشتە ئاسمان، لە هەموو زەوییەوە دەبینرا،

٢١گەڵاکانی جوان بوون، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو، لە ژێریدا گیانلەبەرانی دەشتودەر نیشتەجێ بوون و لە لقەکانیدا باڵندەکانی ئاسمان نیشتەجێ بوون.

٢٢ئەی پاشا، ئەو دارە تۆیت! تۆ گەورە بوویت و بەهێز بوویت، گەورەییت زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاسمان، دەسەڵاتیشت هەتا ئەوپەڕی زەوی.

٢٣«ئەی پاشا تۆ فریشتەیەکت بینی، پیرۆزێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و گوتی: ”دارەکە ببڕنەوە و لەناوی ببەن، بەڵام واز لە بنەدارەکەی بهێنن، بە ئاسن و بڕۆنز بەستراوەتەوە، لەنێو گژوگیای زەویدا بێت، ڕەگەکانی لە زەویدا بمێنێتەوە. با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ ئاژەڵی کێوی بژیێت، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.“

٢٤«ئەی پاشا، ئەمە لێکدانەوەکەیەتی، ئەمە بڕیاری خودای هەرەبەرزە کە بەسەر پاشای گەورەمدا دێت:

٢٥لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت و بە شەونمی ئاسمان تەڕ دەکرێیت و حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.

٢٦ئەو فەرمانەی درا بە وازهێنان لە بنەدارەکە و ڕەگەکانی دارەکە، واتا پاشایەتییەکەت بۆ خۆت دەگەڕێتەوە، کاتێک دان بەوەدا دەنێیت کە ئاسمان دەسەڵاتدارە.

٢٧ئەی پاشا، لەبەر ئەوە با ڕاوێژەکەم لەلات پەسەند بێت: واز لە گوناه و تاوان بهێنە، چاکە بکە و لەگەڵ هەژارەکان میهرەبان بە، بەڵکو ئاسوودەییت بەردەوام بێت.»

٢٨هەموو ئەم شتانە بەسەر نەبوخودنەسری پاشادا هات.

٢٩پاش دوازدە مانگ کاتێک لە سەربانی کۆشکی پاشایەتی بابلدا هاتوچۆی دەکرد،

٣٠پاشا گوتی: «ئایا ئەمە بابلی مەزن نییە کە بۆ ماڵی پاشایەتی بە هێزی توانای خۆم و بۆ شانازی شکۆمەندی خۆم بنیادم نا؟»

٣١هێشتا وشەکە لە دەمی پاشادا بوو، دەنگێک لە ئاسمانەوە هات و گوتی: «ئەی نەبوخودنەسری پاشا، بڕیار لەسەر تۆ دراوە: پاشایەتیت لێ دەستێنرێتەوە.

٣٢لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت. حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.»

٣٣هەر لەو کاتەدا کارەکە بەسەر نەبوخودنەسردا جێبەجێ بوو. لەنێو خەڵک دەرکرا و وەک گا گیای خوارد. لاشەکەی بە شەونمی ئاسمان تەڕ بوو هەتا مووی وەک پەڕی هەڵۆ درێژ بوو و نینۆکەکانی وەک باڵندە.

٣٤لە کۆتایی ماوەکەدا، من نەبوخودنەسرم، چاوم بۆ ئاسمان هەڵبڕی و هۆشم گەڕایەوە. ئینجا سوپاس و ستایشی هەرەبەرزەکەم کرد و شکۆدارم کرد کە بۆ هەتاهەتایە زیندووە. دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتی هەتاهەتاییە و پاشایەتییەکەی بۆ نەوە دوای نەوەیە.

٣٥هەموو دانیشتووانی زەوی وەک هیچ دانراون. ئەو بە خواستی خۆی دەکات لەگەڵ هێزەکانی ئاسمان و دانیشتووانی زەوی. کەس نییە دەستی بگرێت یان پێی بڵێت، «چی دەکەیت؟»

٣٦لەو کاتەدا هۆشم گەڕایەوە، شانازی پاشایەتییەکەم بۆم گەڕایەوە لەگەڵ شکۆمەندی و گەورەییم. ڕاوێژکاران و گەورە پیاوەکانم داوایان کردمەوە، لەسەر پاشایەتییەکەم جێگیر بووم و گەورەییم زۆر زیادی کرد.

٣٧ئێستاش من نەبوخودنەسرم، سوپاس و ستایشی پاشای ئاسمان دەکەم و شکۆداری دەکەم، ئەوەی هەموو کارەکانی ڕاستن و ڕێگاکانی دادپەروەرن، ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە هەڵسوکەوت بکەن ئەو دەتوانێت زەلیلیان بکات.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.