١بێلشەسری پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەزار گەورە پیاوەکەی سازکرد و شەرابی لەگەڵیان خواردەوە.
٢لەو کاتەی کە بێلشەسر شەرابەکەی دەنۆشی فەرمانی دا ئەو قاپوقاچاغە زێڕ و زیوە بهێنن کە نەبوخودنەسری باوکی لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنابوون، بۆ ئەوەی پاشا و گەورە پیاو و ژن و کەنیزەکانی پێی بخۆنەوە.
٣ئینجا ئەو قاپوقاچاغە زێڕەیان هێنا کە لە پەرستگای ماڵی خودا لە ئۆرشەلیمەوە دەرهێنرابوو، پاشا و گەورە پیاو و ژن و کەنیزەکانی پێیان خواردەوە.
٤شەرابیان دەخواردەوە و ستایشی خوداوەندە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردینەکانیان دەکرد.
٥لەناکاو پەنجەکانی دەستێکی مرۆڤانە دەرکەوت و لەسەر گەچی دیوارەکەی کۆشکی پاشا لەتەنیشت چرادانەکە دەستی بە نووسین کرد، پاشاش تەماشای دەستەکەی کرد کە دەینووسی.
٦ئینجا ڕەنگی پاشا پەڕی و بیرکردنەوەکانی تۆقاندیان و قاچەکانی هێزیان لێ برا و ئەژنۆکانی کەوتنە لەرزین.
٧پاشا بە دەنگی بەرز هاواری کرد کە ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان بهێننە ژوورەوە. پاشا بەم دانایانەی بابلی گوت: «هەر پیاوێک ئەو نووسینە بخوێنێتەوە و بۆم لێکبداتەوە، ئەوا جلی ڕەنگی ئەرخەوانی لەبەر دەکرێت، ملوانکەی زێڕیش لە ملی دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبێتە سێیەم دەسەڵاتدار.»
٨ئینجا هەموو داناکانی پاشا چوونە ژوورەوە، بەڵام نەیانتوانی نووسینەکە بخوێننەوە و بۆ پاشا لێکی بدەنەوە.
٩لەبەر ئەوە بێلشەسر زۆر ترسا و ڕەنگی گۆڕا و گەورە پیاوەکانیش شڵەژان.
١٠بەڵام شاژنی دایک لەبەر دەنگی پاشا و گەورە پیاوانی چووە هۆڵی خوانەکە، شاژن بە پاشای گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! با بیرکردنەوەکانت نەتترسێنن و ڕەنگت نەگۆڕێت!
١١لە پاشایەتییەکەتدا پیاوێک هەیە ڕۆحی خودا پیرۆزەکانی تێدایە، لە سەردەمی باوکت ڕووناکبیری و زیرەکی و داناییەکی وەک دانایی خوداوەندەکانی تێدا بەدی کراوە. نەبوخودنەسری پاشای باوکت کردی بە گەورەی جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان.
١٢ئەو پیاوە دانیالە، کە پاشا ناوی لێناوە بێلتەشەسر، کە ڕۆحێکی تەواو و زانین و زیرەکی و لێکدانەوەی خەون و هەڵهێنانی مەتەڵ و چارەسەرکردنی گیروگرفتی تێدا بینراوە. با ئێستا دانیال بانگ بکرێت و لێکی بداتەوە.»
١٣ئینجا دانیال هێنرایە بەردەم پاشا، پاشاش پێی گوت: «ئایا تۆ ئەو دانیالەی کە لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایت، ئەوەی پاشای باوکم لە یەهوداوە هێنای؟
١٤بیستوومە کە ڕۆحی خوداوەندەکان و ڕووناکبیری و زیرەکی و دانایی تەواوت تێدایە.
١٥ئێستاش دانا و ئەفسونگەرەکان بۆ بەردەمم هێنرانە ژوورەوە، بۆ ئەوەی ئەم نووسینە بخوێننەوە و پێم بڵێن مەبەستی چییە، بەڵام نەیانتوانی لێکی بدەنەوە.
١٦من بیستوومە کە تۆ دەتوانیت شت لێکبدەیتەوە و نهێنییە شاراوەکان ئاشکرا بکەیت. ئەگەر ئێستا توانیت ئەو نووسینە بخوێنیتەوە و بۆم لێکبدەیتەوە، ئەوا جلی ڕەنگ ئەرخەوانیت لەبەر دەکرێت و ملوانکەی زێڕیش لە ملت دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبیتە سێیەم دەسەڵاتدار.»
١٧دانیالیش وەڵامی پاشای دایەوە: «با دیارییەکانت بۆ خۆت بن و پاداشتەکانت بە کەسێکی دیکە بدە، بەڵام من نووسینەکە بۆ پاشا دەخوێنمەوە و بۆی لێکدەدەمەوە.
١٨«ئەی پاشا، خودای هەرەبەرز پاشایەتی و گەورەیی و شکۆمەندی و هێزی دایە نەبوخودنەسری باوکت.
١٩بەهۆی ئەو گەورەییەی کە پێیدا، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان لەبەردەمی دەتۆقین و دەلەرزین. ئەوەی ویستی کوشتی و ئەوەی ویستی بە زیندوویی هێشتییەوە و ئەوەی ویستی بەرزی کردەوە و ئەوەی ویستی نزمی کردەوە.
٢٠بەڵام کاتێک دڵی بە فیز بوو و کەللە ڕەق بوو، لە تەختی پاشایەتی هێنرایە خوارەوە و شکۆیەکەی لێسەنرایەوە.
٢١لەنێو خەڵکدا دەرکرا و مێشکی وەک مێشکی ئاژەڵی لێهات، لەگەڵ کەرەکێوی دەژیا و وەک گا گژوگیای دەخوارد، لەشی بە شەونمی ئاسمان تەڕ بوو، هەتا دانی بەوەدا نا کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتی لەسەر پاشایەتی مرۆڤدا هەیە، دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.
٢٢«بەڵام تۆ ئەی بێلشەسری کوڕی، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەمەت زانی، خۆتت نزم نەکردووەتەوە.
٢٣بەڵکو خۆتت لە پەروەردگاری ئاسمان بە بەرزتر زانی، قاپوقاچاغەکانی پەرستگاکەی ئەویان هێنایە بەردەمت و تۆش خۆت و گەورە پیاوان و ژنەکانت و کەنیزەکانت تێیاندا شەرابتان خواردەوە. ستایشی بتە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردەکانت کرد، کە نابینن و تێناگەن و نازانن. بەڵام خودا ئەوەی هەناسەی تۆ و هەموو ڕێگاکانت بە دەستی ئەوە، ئەوت شکۆدار نەکرد.
٢٤لەبەر ئەوە ئەو دەستە لەلای ئەوەوە نێردرا و ئەم نووسینەی نووسی.
٢٥«ئەمە ئەو نووسینەیە کە نووسراوە: مەنێ، مەنێ، تەقێل و پەرسین.
٢٦«ئەمەش لێکدانەوەی وشەکانە: مەنێ: خودا ڕۆژانی پاشایەتییەکەی تۆی ژمارد و کۆتایی پێ هێنا.
٢٧تەقێل: بە تەرازووەکان کێشرایت و نەقوستان دەرچوویت.
٢٨پەرس: پاشایەتییەکەت دابەش کرا و درایە ماد و فارس.»
٢٩ئینجا بێلشەسر فەرمانی دا جلی ڕەنگی ئەرخەوانی لەبەر دانیال بکەن و ملوانکەی زێڕیش لە ملی بکەن و جاڕبدەن کە لە پاشایەتییەکەدا بووە سێیەم دەسەڵاتدار.
٣٠هەر لەو شەوەدا بێلشەسری پاشای بابلییەکان کوژرا،
٣١داریوشی ماد لە تەمەنی شەست و دوو ساڵیدا دەستی بەسەر پاشایەتییەکەدا گرت.