کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدواوتاری موسا

دواوتاری موسا ٢٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا و پەسەند نەبوو لەبەرچاوی، چونکە بێ ئابڕووییەکی تێدا بینی و تەڵاقنامەی بۆ نووسی و دایە دەستی، لە ماڵەکەی خۆی بەڕێی کرد،

٢ئەویش کە لە ماڵەکەی چووە دەرەوە، بووە ژنی پیاوێکی دیکە،

٣جا ئەگەر پیاوەکەی دووەم ڕقی لێی بووەوە و تەڵاقنامەی بۆ نووسی و دایە دەستی و لە ماڵەکەی خۆی بەڕێی کرد، یان ئەگەر پیاوەکەی دووەم کە هێنابووی مرد،

٤ئەوا مێردەکەی یەکەمی کە تەڵاقی دابوو ناتوانێت بیهێنێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ژنی دوای ئەوەی گڵاو بووە. ئەوە شتێکی قێزەونە لەلای یەزدان، جا گوناه مەهێنە سەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت بە میرات دەتداتێ.

٥ئەگەر پیاوێک ژنی هێنا ئەوا هەتا ساڵێک بۆ سەربازی ناچێت و هیچ لێپرسراویەتییەکی لەسەر شان نابێت، ئەو ساڵە لە ماڵەکەی ئازاد دەبێت و ژنەکەی دڵخۆش دەکات.

٦نابێت کەس دەستاڕ، تەنانەت بەرداشێکی بکاتە بارمتە، چونکە سەرچاوەی بژێوییە.

٧ئەگەر پیاوێک لە کاتی ڕفاندنی یەکێک لە براکانی لە نەوەی ئیسرائیل بگیردرێت و وەک کۆیلە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرد یان فرۆشتی، ئەوا کابرای ڕفێنەر دەبێت بمرێت، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.

٨لە کاتی نەخۆشی گولی زۆر ئاگاداربن و بەگوێرەی هەموو ئەوەی کاهینە لێڤییەکان فێرتان دەکەن ئاوا بکەن، ئەوەی من فەرمانم بەوان کردووە ئێوە بیکەن.

٩لە یادتان بێت یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕێگا چی بە مریەم کرد، پاش ئەوەی لە میسر هاتنە دەرەوە.

١٠ئەگەر قەرزت بە دراوسێکەت دا، مەچۆ ماڵەکەی هەتا شتێکی ماڵەکەی بکەیتە بارمتە،

١١لە دەرەوە دەوەستیت و ئەو پیاوەی قەرزی پێدەدەیت بارمتەکەت بۆ دەهێنێتە دەرەوە.

١٢ئەگەر کابرا هەژار بوو با بارمتەکە بۆ شەو لەلات نەمێنێتەوە،

١٣لەگەڵ ئاوابوونی خۆر بارمتەکەی بۆ بگەڕێنەوە هەتا لەناو جلوبەرگەکەی بنووێت و داوای بەرەکەتت بۆ بکات و بۆت ببێتە کارێکی ڕاست لەلای یەزدانی پەروەردگارت.

١٤ستەم لە کرێگرتەیەکی هەژار و نەدار مەکە، کە لە براکانت بێت یان لەو نامۆیانەی لە یەکێک لە شارۆچکەکانی خاکەکەتن.

١٥لە ڕۆژی خۆی کرێیەکەی دەدەیتێ، پێش ئاوابوونی خۆر، چونکە هەژارە و بۆ ئەمە خۆی هەڵگرتووە، نەوەک لەسەر تۆ هاوار بۆ یەزدان بکات، جا دەبێت بە گوناه بەسەرتەوە.

١٦باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.

١٧نامۆ و هەتیو لە دادپەروەری بێبەش مەکە، جلوبەرگی بێوەژن مەکە بارمتە،

١٨لە یادت نەچێت کە تۆش لە میسر کۆیلە بوویت و یەزدانی پەروەردگارت لەوێ تۆی کڕییەوە، بۆیە من فەرمانت پێدەدەم ئەم کارە بکەیت.

١٩کاتێک لە کێڵگەکەت خەریکی دروێنەکردنیت و دەسکێکت لە کێڵگە لەبیر چوو، مەگەڕێوە بۆ ئەوەی بیبەیتەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت، تاکو یەزدانی پەروەردگارت لە هەموو کاری دەستت بەرەکەتدارت بکات.

٢٠لە کاتی ڕاتەکاندنی دار زەیتوونەکەت، بەدوای ئەوانەدا مەچووەوە کە لە لقەکاندا ماوەتەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت.

٢١کاتێک ترێی ڕەزە مێوەکەت دەڕنیت، پاشماوەکەی هەڵمەگرەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت.

٢٢لە یادت نەچێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت، بۆیە من فەرمانت پێدەدەم ئەم کارە بکەیت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.