کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدواوتاری موسا

دواوتاری موسا ٢٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەگەر ناکۆکییەک هەبوو لەنێوان خەڵکی، دەبێت بیبەنە دادگا بۆ ئەوەی دادوەری لەنێوانیان بکرێت و بێتاوانەکە بێتاوان بکرێت و حوکم بەسەر تاوانبارەکەدا بدرێت.

٢جا ئەگەر ڕەوا بوو لە تاوانبارەکە بدرێت، ئەوا دادوەر چۆکی پێ دادەدات و لەبەردەمی بە ژمارە بەگوێرەی تاوانەکەی قامچی لێدەدرێت.

٣نابێت لە چل قامچی زیاتر بێت، نەوەک براکەت لەبەرچاوت سووک بێت، ئەگەر لێدانەکە زیاد بێت.

٤لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.

٥ئەگەر چەند برایەک پێکەوە ژیان و یەکێکیان مرد و کوڕی نەبوو، ئەوا ژنەکەی نابێت بۆ پیاوێکی لە خێڵێکی دیکەی دەرەوە بێت، برای مێردەکەی دەیخوازێت و دەیکاتە ژنی خۆی و بە ئەرکی شووبرایەتی هەڵدەستێت بۆی،

٦ئەو کوڕە نۆبەرەیەشی کە بۆی لەدایک دەبێت، بە ناوی برا مردووەکەی ناودەبردرێت، نەوەک ناوی لە ئیسرائیلدا بسڕێتەوە.

٧ئەگەر پیاوەکە ڕازی نەبوو براژنەکەی بخوازێت، ئەوا براژنەکەی دەچێتە لای دەروازەی شارۆچکەکە بۆ لای پیران و دەڵێت: «شووبرایەکەم ڕازی نەبوو ناوێک بۆ براکەی لە ئیسرائیلدا درێژە پێبدات، نەیویست بە ئەرکی شووبرایەتی هەستێت بۆم.»

٨جا پیرانی شارۆچکەکەی بانگی دەکەن و لەگەڵی دەدوێن، ئەگەر سوور بوو و گوتی، «ڕازی نیم بیخوازم،»

٩ئەوا براژنەکەی لەبەرچاوی پیران لێی دەچێتە پێش و یەکێک لە پێڵاوەکانی کابرا لە پێی دادەکەنێت و تف لە دەموچاوی دەکات و ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت: «ئاوا لە پیاوێک دەکرێت کە ماڵی براکەی بنیاد نەنێتەوە.»

١٠جا لە ئیسرائیل ناوی لێ دەنرێت، خێڵی پێڵاو داکەنراو.

١١ئەگەر دوو پیاو لەگەڵ یەکتری کردیان بە شەڕ، ژنی یەکێکیان هات بۆ ئەوەی فریای پیاوەکەی بکەوێت لە دەست ئەوەی لێی دەدات، جا دەستی درێژکرد و گونی گرت،

١٢دەستی ببڕنەوە و بەزەییتان پێی نەیەتەوە.

١٣با لە توورەکەکەت کێشی جیاواز نەبێت، قورس و سووک.

١٤با لە ماڵەکەت پێوانەی جیاواز نەبێت، گەورە و بچووک.

١٥کێشی تەواو و ڕاستت دەبێت، پێوانەی تەواو و ڕاستت دەبێت، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بیت لەسەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەدات،

١٦چونکە هەر یەکێک ئەوە بکات، هەر یەکێک ساختەکاری بکات، یەزدانی پەروەردگارت قێزی لێ دەبێتەوە.

١٧لە یادتان بێت ئەوەی عەمالێقییەکان لە ڕێگا لە کاتی هاتنە دەرەوەتان لە میسر پێیان کردن،

١٨کە چۆن لە ڕێگا بەرەو ڕووتان هاتن و لە پشتتانەوە هەموو لاوازەکانی دواوەی ئێوەیان بڕییەوە، ئێوەش پەککەوتە و ماندوو بوون و ئەوانیش لە خودا نەترسان.

١٩جا کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی حەساندەوە لە هەموو دوژمنەکانتان کە لە چواردەورتانن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن وەک میرات، ئەوا ناوی عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕنەوە، لەبیری نەکەن!

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.