کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدواوتاری موسا

دواوتاری موسا ٢٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١موسا و پیرانی ئیسرائیل فەرمانیان بە گەل دا و گوتیان: «هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.

٢کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، چینێک بەردی گەورە بۆ خۆتان ڕاگیر بکەن و بە گەچ سواغیان بدەن.

٣هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنەی لەسەر بنووسن کاتێک دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناو ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، وەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان.

٤کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە، ئەم بەردانە ڕاگیر بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لە کێوی عێبال و بە گەچ سواغیان بدەن.

٥لەوێ قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بنیاد بنێن، قوربانگایەک لە بەرد بێت و ئامێری ئاسنی لێ بەکارمەهێنن.

٦لە بەردی نەتاشراو قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتان بنیاد بنێن و قوربانی سووتاندن سەربخەنە سەری بۆ یەزدانی پەروەردگارتان،

٧هەروەها قوربانی هاوبەشی سەرببڕن و لەوێ بیخۆن و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش بن.

٨هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنەش زۆر بە ڕوونی لەسەر بەردەکان بنووسن.»

٩ئینجا موسا و کاهینە لێڤییەکان لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئەی ئیسرائیل بێدەنگ بن و گوێتان لێ بێت، ئەمڕۆ بوونە گەل بۆ یەزدانی پەروەردگارتان،

١٠جا گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، کار بەو فەرمان و فەرزانەی بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.»

١١جا لەو ڕۆژەدا موسا فەرمانی بە گەل کرد و گوتی:

١٢ئەم هۆزانە لەسەر کێوی گەریزیم دەوەستن هەتا داوای بەرەکەت بۆ گەل بکەن کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە، شیمۆن و لێڤی و یەهودا و یەساخار و یوسف و بنیامین.

١٣ئەم هۆزانەش لەسەر کێوی عێبال دەوەستن بۆ نەفرەت، ڕەئوبێن و گاد و ئاشێر و زەبولون و دان و نەفتالی.

١٤جا لێڤییەکان ڕایدەگەیەنن و بە دەنگی بەرز بە هەموو گەلی ئیسرائیل دەڵێن:

١٥«نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پەیکەرێکی داتاشراو یان بتێکی لەقاڵبدراو بە دەستی پەیکەرتاش دروستدەکات و لە شوێنێکی شاردراوەی دادەنێت، ئەوە قێزەونە لەلای یەزدان.» هەموو گەلیش وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن، «ئامین!»

١٦«نەفرەت لێکراوە ئەوەی ڕێز لە دایک و باوک ناگرێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

١٧«نەفرەت لێکراوە ئەوەی سنووری زەوی بەردینی دراوسێکەی دەگوێزێتەوە.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

١٨«نەفرەت لێکراوە ئەوەی نابینا لە ڕێگا وێڵ دەکات.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

١٩«نەفرەت لێکراوە ئەوەی دادپەروەری بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن ناکات.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

٢٠«نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ باوەژنی خۆی جووت دەبێت، چونکە ناموسی باوکی بردووە.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

٢١«نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێک جووت دەبێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین.»

٢٢«نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ خوشکی خۆی جووت دەبێت، کچی باوکی یان کچی دایکی.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

٢٣«نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ خەسووی خۆی جووت دەبێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

٢٤«نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە نهێنی دراوسێکەی خۆی دەکوژێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

٢٥«نەفرەت لێکراوە ئەوەی بەرتیل وەردەگرێت بۆ ئەوەی یەکێکی بێتاوان بکوژێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

٢٦«نەفرەت لێکراوە ئەوەی پاڵپشتی وشەکانی ئەم فێرکردنە ناکات بۆ ئەوەی کاریان پێ بکات.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.