١ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن و بە وریاییەوە کار بە هەموو ئەو فەرمانانەی بکەن کە من ئەمڕۆ پێتان دەدەم، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانی سەر زەویتان دادەنێت.
٢هەموو ئەم بەرەکەتانەتان دێتە سەر و پێتان دەگات، ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون:
٣لە شار بەرەکەتدار دەبن و لە دەشتودەریش بەرەکەتدار دەبن.
٤بەری سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان بەرەکەتدار دەبن، بەری ئاژەڵە ماڵییەکانیشتان، گوێرەکەی گاگەلەکەتان و کاریلە و بەرخی مێگەلەکەتان.
٥سەبەتە و تەشتی هەویرتان بەرەکەتدار دەبێت.
٦لە چوونە ژوورەوەتان بەرەکەتدار دەبن و لە هاتنەدەرەوەشتان بەرەکەتدار دەبن.
٧یەزدان وا دەکات ئەو دوژمنانەتان کە سەرهەڵدەدەن لەبەردەمتان ببەزن، لە یەک ڕێگا بۆتان دێنە دەرەوە و لە حەوت ڕێگا لەبەردەمتان هەڵدێن.
٨یەزدان فەرمانی بەرەکەتتان بۆ دەدات لە هەموو شتە ئەمبارکراوەکانتان و لە هەموو شتێک کە دەستی بۆ دەبەن و بەرەکەتدارتان دەکات لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
٩ئەگەر فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان پاراست و ڕێگاکانی ئەوتان گرتەبەر، ئەوا یەزدان بە گەلێکی پیرۆزتان دادەنێت بۆ خۆی، وەک سوێندی بۆ خواردن.
١٠جا هەموو گەلانی زەوی دەبینن کە ناوی یەزدان بە ئێوەوە نراوە، ئیتر لێتان دەترسن.
١١یەزدانیش سەروەت و سامانتان زیاتر دەکات لە بەری سکتان و بەری ئاژەڵە ماڵییەکانتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، لەسەر ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ.
١٢یەزدان ئەمبارە باشەکەی ئاسمانتان بۆ دەکاتەوە، هەتا بارانی خاکەکەتان لە کاتی خۆیدا بداتێ و هەموو کاری دەستتان بەرەکەتدار بکات، ئینجا قەرز بە زۆر نەتەوە دەدەن و خۆتان قەرز ناکەن.
١٣یەزدانیش دەتانکات بە سەر نەک بە کلک و تەنها لە بەرزبوونەوە دەبن نەک لە نزمبوونەوە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، هەتا بیپارێزن و کاری پێ بکەن.
١٤لە هەموو ئەو وشانەش کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بەلای چەپ یان ڕاستدا لا نەدەن، بۆ ئەوەی بەدوای خودای دیکە بکەون هەتا بیپەرستن.
١٥بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون، بۆ ئەوەی ئاگاداربن کە کار بە هەموو فەرمانەکانی و فەرزەکانی بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و پێتان دەگات.
١٦لە شار نەفرەت لێکراو دەبن و لە کێڵگەش نەفرەت لێکراو دەبن.
١٧سەبەتە و تەشتی هەویرتان نەفرەت لێکراو دەبێت.
١٨بەری سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، گوێرەکەی گاگەلەکەشتان و کاریلە و بەرخی مێگەلەکەتان، نەفرەت لێکراو دەبن.
١٩کە دێنە ژوورەوە نەفرەتتان لێ دەکرێت و کە دەچنە دەرەوە نەفرەتتان لێ دەکرێت.
٢٠لەبەر ئەوەی پشتم تێ دەکەن و کاری خراپە ئەنجام دەدەن، هەر کارێک کە دەتانەوێت بیکەن، یەزدان نەفرەت و سەرلێشێوان و سەرزەنشتتان دەنێرێتە سەر هەتا ئەو کاتەی دەفەوتێن و بە خێرایی لەناودەچن.
٢١یەزدان دەردتان پێوە دەنووسێنێت، هەتا لەو خاکە لەناوتان ببات کە ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن.
٢٢یەزدان تووشی سیل و گرانەتا و هەوکردن، گەرما و وشکەساڵی، بای گەرمەسێر و کەڕووتان دەکات، جا بەدواتانەوە دەبێت هەتا لەناوتان دەبات.
٢٣ئاسمانیش کە لەسەر سەرتانە دەبێتە بڕۆنز و ئەو خاکەی ژێریشتان دەبێتە ئاسن.
٢٤یەزدانیش بارانی خاکەکەتان دەکاتە تۆز و خۆڵ و لە ئاسمانەوە بۆتان دێتە خوارەوە هەتا لەناودەچن.
٢٥یەزدان لەبەردەم دوژمنەکانتان دەتانشکێنێت، لە یەک ڕێگا بۆیان دەچن و لە حەوت ڕێگا لەبەردەمیان هەڵدێن و هەموو شانشینەکانی زەوی دەتۆقن کاتێک ئەو ڕووداوە دەبینن کە بەسەر ئێوە هاتووە.
٢٦تەرمیشتان دەبێتە خۆراکی هەموو باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی زەوی و کەسیش نابێت هەڵیانبفڕێنێ.
٢٧یەزدان تووشی دومەڵی میسر و ئاوسان و گەڕی و خورشتتان دەکات کە نەتوانن چاک ببنەوە.
٢٨یەزدان تووشی شێتی و کوێری و سەرلێشێواویتان دەکات.
٢٩لە نیوەڕۆدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک نابینایان لە تاریکیدا و لە ڕێگاکانتان سەرکەوتوو نابن، بەڵکو هەموو ڕۆژانتان زۆرلێکراو و تاڵانکراو دەبن و کەسیش نابێت ڕزگارتان بکات.
٣٠ژنێک مارە دەکەن بەڵام پیاوێکی دیکە دەیبات و لەگەڵی دەنوێت. خانووێک بنیاد دەنێن بەڵام تێیدا دانانیشن. ڕەزە مێوێک دەڕوێنن بەڵام لە بەرەکەی ناخۆن.
٣١گایەکەتان لەبەرچاوتان سەردەبڕدرێت بەڵام لێی ناخۆن. لەبەرچاوتان دەست بەسەر گوێدرێژەکەتاندا دەگرن بەڵام بۆتان ناگەڕێتەوە. مەڕەکانتان دەدرێنە دەست دوژمنەکانتان و ڕزگارکەریشتان نییە.
٣٢کوڕان و کچانتان دەدرێنە دەست گەلێکی دیکە و بە درێژایی ڕۆژ چاوەکانتان تەماشایان دەکەن هەتا ماندوو دەبن و هیچیشتان لەدەست نایەت.
٣٣بەروبوومی خاکەکەتان و هەموو ماندووبوونتان، گەلێک دەیخوات کە نایناسن، جا هەموو ڕۆژانتان تەنها زۆرلێکراو و پێشێلکراو دەبن.
٣٤لەبەر سەرسامی ئەوەی کە دەیبینن شێت دەبن.
٣٥یەزدان تووشی دومەڵی پیستان دەکات، لەسەر ئەژنۆکانتان و قاچەکانتان، کە نەتوانن چاک ببنەوە، لە بنی پێتانەوە هەتا تەپڵی سەرتان.
٣٦یەزدان بە خۆتان و پاشاکەتانەوە کە بۆ خۆتانی دادەنێن، دەتانبات بۆ لای نەتەوەیەک کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان ناسیویانە و لەوێ خودای دیکە دەپەرستن، واتا ئەو بتانەی کە لە دار و لە بەردن.
٣٧هەموو ئەو گەلانەی یەزدان ئێوە بۆ ناو ئەوان ڕادەپێچێت دەتۆقن لەوەی بەسەر ئێوە هاتووە و دەبنە پەند و گاڵتەجاڕی بۆیان.
٣٨تۆوێکی زۆر دەکەن بە کێڵگەوە، بەڵام کەم کۆدەکەنەوە، چونکە کوللە دەیخوات،
٣٩ڕەزەمێو دەچێنن و خزمەتی دەکەن، بەڵام شەراب ناخۆنەوە و ترێ لێ ناکەنەوە، چونکە کرم دەیخوات.
٤٠لەناو هەموو سنوورەکەتان زەیتوونتان دەبێت، بەڵام خۆتان بە زەیت چەور ناکەن، چونکە زەیتوونەکەتان دەوەرێت.
٤١کوڕ و کچتان بۆ لەدایک دەبێت، بەڵام بۆ ئێوە نابن، چونکە بە دڵنیاییەوە ڕاپێچ دەکرێن.
٤٢پۆلە کوللەی باڵدار دەست دەگرن بەسەر هەموو دار و بەروبوومی زەوییەکەتانەوە.
٤٣ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان پلە بە پلە پایەبەرزتر دەبن، بەڵام ئێوە پلە بە پلە پایەنزم دەبن.
٤٤ئەوان قەرزتان پێدەدەن، بەڵام ئێوە قەرزیان پێ نادەن، ئەوان سەر دەبن، بەڵام ئێوە کلک.
٤٥هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و دواتان دەکەوێت و پێتان دەگات هەتا لەناودەچن، چونکە ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون هەتا فەرمانەکان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردن.
٤٦ئیتر بۆ هەتاهەتایە لەنێو ئێوە و لەنێو نەوەکەتان دەبنە پەند و نیشانە.
٤٧لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بە دڵخۆشی و دڵسافییەوە نەپەرست، کاتێک هەموو شتێک زۆر بوو،
٤٨کەواتە لە برسیێتی و تینووێتی و ڕووتی و نەداری لە هەموو شتێک، دەبنە کۆیلەی دوژمنەکانتان، کە یەزدان بۆ سەر ئێوەی دەنێرێت. ئەویش نیری ئاسن دەخاتە سەر ملتان هەتا لەناودەچن.
٤٩یەزدان نەتەوەیەکتان دەهێنێتە سەر لە دوورەوە لەوپەڕی زەوییەوە وەک شاڵاوی هەڵۆ، نەتەوەیەک لە زمانی ناگەن،
٥٠نەتەوەیەکی ڕووگرژ، نە ڕێز بۆ پیر دادەنێت و نە سۆزی بۆ منداڵ دەجوڵێت.
٥١بەری ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی زەویتان دەخوات هەتا لەناودەچن و هیچ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و گوێرەکەی گاگەل و کاریلە و بەرخی مێگەلتان بۆ ناهێڵێتەوە هەتا لەناوتان دەبات.
٥٢لە هەموو شارەکان گەمارۆتان دەدات، هەتا شوورا بەرزە قاییمەکان کە ئێوە پشتی پێ دەبەستن دەڕمێت، لە هەموو خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات گەمارۆتان دەدات.
٥٣جا بەری سکتان، گۆشتی کوڕ و کچەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون دەخۆن، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن.
٥٤پیاوی دڵناسک و زۆر هەستیار لەنێوتان بەرچاوتەنگ دەبێت، سەبارەت بە براکەی خۆی و بە ژنە خۆشەویستەکەی و بە پاشماوەی منداڵەکانی کە ماونەتەوە،
٥٥هەتا لە گۆشتی منداڵەکەی کە دەیخوات بە کەسیان نادات، چونکە هیچی بۆ نەماوەتەوە لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن لە هەموو شارەکانتاندا.
٥٦ئەو ژنەی دڵناسک و هەستیارە لەنێوتان کە لەبەر دڵناسکی و هەستیارییەکەی دڵی نایەت بنی پێی بە زەویدا بنێت، بەرچاوتەنگ دەبێت سەبارەت بە پیاوە خۆشەویستەکەی و کوڕ و کچەکەی،
٥٧لەو یۆڵداشەی لەنێو هەردوو قاچی دێتەدەر و لە منداڵەکانی کە دەیبێت، چونکە بە نهێنی لە نەداری دەیانخوات، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان لە شارەکانتاندا تەنگتان پێ هەڵدەچنن.
٥٨ئەگەر ئاگادار نەبن بۆ ئەوەی کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن کە لەم پەڕتووکە نووسراون، بۆ ئەوەی لەم ناوە شکۆدارە سامناکە بترسن، لە یەزدانی پەروەردگارتان،
٥٩ئەوا یەزدان وا دەکات لێدانەکانتان و لێدانەکانی نەوەکەتان سەرسوڕهێنەر بێت، لێدانی سەخت و بەردەوام، نەخۆشی بە ئازار و هەمیشەیی.
٦٠هەموو دەردەکانی میسریش کە لێی تۆقین، بەسەرتاندا دێتەوە و پێتانەوە دەنووسێن.
٦١هەروەها هەر نەخۆشییەک و هەر لێدانێک کە لەم پەڕتووکەی تەورات نەنووسراوە، یەزدان بەسەرتاندا دەدات هەتا لەناودەچن.
٦٢چەند کەسێکی کەم دەمێنن لە جێی ئەوەی وەک ئەستێرەی ئاسمان بوون لە زۆریدا، چونکە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون.
٦٣هەروەک چۆن یەزدان پێتان دڵخۆش بوو کە چاکەتان لەگەڵ بکات و زۆرتان بکات، هەروەها پێشتان دڵخۆش دەبێت هەتا بتانفەوتێنێت و لەناوتان ببات. لەو خاکە ڕیشەکێش دەکرێن کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن.
٦٤ئینجا یەزدان لەنێو هەموو گەلان پەرشوبڵاوتان دەکاتەوە، لەوپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی، لەوێ خودای دیکە دەپەرستن لە دار و بەرد کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان نەیانناسیوە.
٦٥لەنێو ئەو نەتەوانەدا ناحەوێنەوە و پێیەکانتان جێگیر نابن، بەڵکو یەزدان لەوێ دڵێکی لەرزۆک و چاوێکی ماندوو و گیانێکی لاوازتان دەداتێ.
٦٦ژیانیشتان هەڵواسراو دەبێت لەبەردەمتان و شەو و ڕۆژ دەترسن و لە ژیانتان دڵنیا نابن.
٦٧لە ترسی دڵتان کە دەترسن و لە تێڕوانینی چاوەکانتان کە تێدەڕوانن، بە ڕۆژ دەڵێن، «خۆزگە شەو بێت،» بە شەویش دەڵێن، «خۆزگە ڕۆژ بێت.»
٦٨یەزدان بە کەشتی بەو ڕێگایەدا دەتانگەڕێنێتەوە بۆ میسر کە پێم گوتن، کە ئیتر نایبیننەوە، جا لەوێ وەک کۆیلە و کەنیزە بە دوژمنەکانتان دەفرۆشرێن و کەسیش ناتانکڕێت.