کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدواوتاری موسا

دواوتاری موسا ٣٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم، با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.

٢فێرکردنم وەک باران دەبارێت، وشەم وەک شەونم دەتکێت، وەک نمە باران بەسەر سەوزایی وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.

٣ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم، مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.

٤خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە، چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە، خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاریی تێدا نییە، ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.

٥لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە، نەوەیەکی چەوت و خوارن.

٦ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە، ئەی گەلی گێل و نادانا؟ ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە، ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟

٧یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە، لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە، لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت، لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.

٨کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد، کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد، سنووری بۆ گەلان دانا، بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.

٩بەشی یەزدان گەلەکەیەتی، یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.

١٠لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە، لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا، دەوری دا و بایەخی پێیدا، وەک گلێنەی چاوی پاراستی.

١١وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت، لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات، باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات، لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.

١٢ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد، هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.

١٣سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد، لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد، لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا، زەیتیش لە بەردەئەستێوە.

١٤دەڵەمە و شیری مەڕوماڵات، لەگەڵ دوگی بەرخ و بەرانی باشان و تەگە، لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم. تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.

١٥یەشوروون قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند، قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو داپۆشران. ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون، تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە.

١٦ئیرەییان وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد.

١٧بۆ بتەکان کە خودا نین قوربانییان سەربڕی، چەند خودایەک نەیانناسیون، تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون، کە باوکانتان لێیان نەترساون.

١٨ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا، ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.

١٩جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە، لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی.

٢٠فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە، سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت، ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن، ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە.

٢١ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم، بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم، منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.

٢٢بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە، گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە، زەوی و خەرمانەکەی دەخوات، بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.

٢٣«کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە، تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم.

٢٤کاتێک لە برسان کەوتوون، پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر، ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان، لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان.

٢٥لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و لەناو ماڵەوەشیان تۆقین، کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن، منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.

٢٦فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم، یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“

٢٧بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات، کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن، نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین، یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“»

٢٨ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون، کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟

٢٩خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت.

٣٠چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و دووان دە هەزار تێکدەشکێنن، ئەگەر تاشەبەردەکەیان ئەوانی نەفرۆشتبێت، یەزدان بەدەستەوەی نەدابن.

٣١لەبەر ئەوەی تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە نییە، تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن.

٣٢مێویان لە مێوی سەدۆمە و ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە، ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن.

٣٣شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە.

٣٤«ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە، لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟

٣٥تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم، لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت، چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و چارەنووسیان بۆیان خێرایە.»

٣٦یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت، کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە.

٣٧خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان، ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد،

٣٨ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن، شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟ با بێن و یارمەتیتان بدەن، با پارێزگاریتان لێ بکەن!

٣٩«ئێستا ببینن، من، من ئەوم، هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم. من دەمرێنم و دەژیێنم، بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە، کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات.

٤٠من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم: بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم،

٤١کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم، تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و ناحەزانم سزا دەدەم.

٤٢تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و شمشێرەکەم گۆشت دەخوات، لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان، لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.»

٤٣ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن، چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە، لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە، کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات.

٤٤جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە.

٤٥کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل،

٤٦پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن.

٤٧تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

٤٨یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو:

٤٩«سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نیبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم.

٥٠لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی،

٥١لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت.

٥٢لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.