کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدواوتاری موسا

دواوتاری موسا ٣٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل داوای کرد، بەر لە مردنی،

٢گوتی: «یەزدان لە سیناوە هات و لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات، لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو، لە بنارەکانی باشوورەوە.

٣بێگومان ئەوە تۆی کە هەموو گەلانت خۆشدەوێت، هەموو پیرۆزەکان لەنێو دەستی تۆدان، ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن، ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن.

٤موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین، میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب.

٥لەنێو یەشوروون بوو بە پاشا، بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل، هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە.

٦«با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت، با پیاوەکانی کەم نەبن.»

٧سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت: «ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و بۆ لای گەلەکەی بیهێنە، دەستەکانی بەسە بۆی، ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!»

٨سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی: «تومیم و ئوریمی تۆ بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە، ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد.

٩ئەوەی سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی، ”ڕەچاوم نەکردوون،“ دانی بە براکانیشیدا نەنا و منداڵەکانیشی نەناسی، بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و پەیمانەکەی تۆی پاراست.

١٠نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات، بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت.

١١ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و بە کرداری دەستی ڕازی بە، لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە، هەتا هەڵنەستنەوە.»

١٢سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی: «ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت، بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.»

١٣سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی: «با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان، بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە،

١٤بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ،

١٥بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان، بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان،

١٦بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی، لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە، با بەسەر سەری یوسفەوە بن، بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە.

١٧نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی، قۆچەکانی قۆچی گای کێوین، بەوان قۆچ لە گەلان دەدات، پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی، ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و هەزارانی مەنەشەن.»

١٨سەبارەت بە نەوەی زەبولون گوتی: «ئەی زەبولون بە کۆچکردنت دڵخۆش بە و تۆش ئەی یەساخار بە چادرەکانت،

١٩گەلان بۆ چیا بانگ دەکەن، لەوێ قوربانی ڕاستودروستی سەردەبڕن، هەتا لە پڕی دەریا بمژن و لەو گەنجینەیەی لەژێر لم شاردراوەتەوە.»

٢٠سەبارەت بە نەوەی گاد گوتی: «بەرەکەتدارە ئەوەی سنووری خاکی گادی فراوان کرد! وەک شێرە مێ نیشتەجێ بوو، قۆڵی پارچەپارچە کرد لەگەڵ تەپڵی سەر،

٢١باشترین خاکی بۆ خۆی دانا، بەشی فەرماندەی بۆ خۆی هەڵگرت، کاتێک سەرکردەکانی گەل کۆبوونەوە، دادوەری یەزدانی جێبەجێ کرد و حوکمەکانیشی سەبارەت بە ئیسرائیل.»

٢٢سەبارەت بە نەوەی دان گوتی: «دان بەچکە شێرە، لە باشان قەڵەمباز بەرەو پێش دەدات.»

٢٣سەبارەت بە نەوەی نەفتالی گوتی: «ئەی نەفتالی، تێر بە لە ڕەزامەندی و پڕ بە لە بەرەکەتی یەزدان، دەست بەسەر ڕۆژئاوا و باشووری خاکەکەتدا بگرە.»

٢٤سەبارەت بە نەوەی ئاشێر گوتی: «با ئاشێر لەنێو کوڕان بەرەکەتدار بێت، با لەلای براکانی پەسەند بێت، با پێی بکاتە ناو زەیت،

٢٥دەروازەکانت لە ئاسن و بڕۆنزن، بەگوێرەی درێژی تەمەنت هێزت پێ دەبەخشێت.»

٢٦«خودای یەشوروون هاوتای نییە، سواری ئاسمان دەبێت بۆ یارمەتیدانت، هەروەها هەورەکان لە شکۆی خۆیدا.

٢٧خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە. دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و فەرمووی: ”لەناو ببە!“

٢٨جا ئیسرائیل بە تەنها و بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت، جێنشینی یاقوب گیروگرفتی نابێت، لە خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ دەبێت، ئاسمانەکەشی شەونم دەتکێنێت.

٢٩ئەی ئیسرائیل، خۆزگەت پێ دەخوازرێت، کێ وەک تۆیە، گەلێکی ڕزگار بوو لەلایەن یەزدانەوە؟ قەڵغانی یارمەتی و شمشێری شکۆمەندیتە، جا دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن، تۆش نزرگەکانی سەر بەرزاییان پێشێل دەکەیت.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.