کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزژیرمەندی

ژیرمەندی ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١وتەکانی وتاربێژی ژیرمەند، کوڕی داود، پاشا لە ئۆرشەلیم:

٢وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتایە! بێ واتایە! بێ واتا، هەر بێ واتایە! هەرچی هەیە بێ واتایە.»

٣مرۆڤ لە هەموو ماندووبوونەکەی چی بۆ دەمێنێتەوە، کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبێت؟

٤نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات، بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە.

٥خۆر هەڵدێت و خۆرئاوا دەبێت، بە پەلەیە بۆ شوێنەکەی لەوێوە هەڵدێت.

٦با هەڵدەکات بەرەو باشوور و دەسووڕێتەوە بەرەو باکوور، دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە، هەمیشە بۆ خولگەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.

٧هەرچەندە هەموو ڕووبارەکان بەرەو دەریا دەچن، بەڵام دەریا هەر پڕ نابێت. ڕووبارەکان بۆ شوێنەکەی خۆیان دەچنەوە، بۆ ئەوێ دەڕۆن و دەگەڕێنەوە.

٨هەموو شتەکان ماندووکەرن، مرۆڤ ناتوانێت دەریانببڕێت. چاو لە سەیرکردن تێر نابێت و گوێ لە بیستن پڕ نابێت.

٩ئەوەی بووە هەر ئەو دەبێت، ئەوەی کراوە هەر ئەو دەکرێت، هیچی نوێ لەسەر زەوی نییە.

١٠هیچ شتێک نییە کە بگوترێت: «سەیر بکە، ئەمە نوێیە!» لە دێرزەمانەوە هەر بووە، لە سەردەمانی پێش ئێمەوە.

١١کەس یادی نەوەکانی پێشوو ناکاتەوە، تەنانەت نەوەکانی داهاتووش نایەنەوە یادی ئەوانەی کە لەپاش ئەوان دێن.

١٢من کە وتاربێژی ژیرمەندم، پاشای ئیسرائیل بووم لە ئۆرشەلیم.

١٣لە ڕێگای داناییەوە خۆمم تەرخان کرد بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هەموو ئەو کارانەی کە لەسەر زەوی کراون. بارێکی گرانە کە خودا لەسەر شانی مرۆڤی داناوە!

١٤ڕوانیمە هەموو کردارەکان کە لەسەر زەویدا کراون و ئەوەتا هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.

١٥خوار ناتوانرێت ڕاست بکرێتەوە و ونبوو ناتوانرێت بژمێردرێت.

١٦لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەتا من مەزن بووم، داناییم زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لەسەر تەختی ئۆرشەلیم بوون و دڵم دانایی و زانینی زۆری بینی.»

١٧ئینجا خۆمم تەرخان کرد بۆ تێگەیشتن لە دانایی، هەروەها شێتی و گێلی، ئەو کاتە بۆم دەرکەوت ئەمەش بە هەمان شێوە گڤەی بایە،

١٨چونکە لە زۆری دانایی، پەستی زۆر دەبێت و ئەوەی زانینی زیاتر بێت خەمی زیاد دەبێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.