کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزژیرمەندی

ژیرمەندی ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١من لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئێستا وەرە با بە شادی تاقیت بکەمەوە، جا چاکە دەبینیت!» بەڵام ئەمیش بووە شتێکی بێ واتا.

٢لەبارەی پێکەنینەوە گوتم: «گێلایەتییە! ئەی شادی دەتگەیەنێتە چی؟»

٣هەوڵم دا ڕۆحی خۆم بە شەراب شاد و گێل بکەم، لەو کاتەی کە هێشتا بیرم بە دانایی ڕێنمایی دەکردم. ویستم ببینم چی بۆ مرۆڤ باشە کە بە درێژایی ڕۆژانی ژیانی لەژێر ئاسماندا بیکات.

٤کاری مەزنم ئەنجام دا، چەندین ماڵم بۆ خۆم بنیاد نا، چەندین ڕەزم بۆ خۆم چاند،

٥باخ و بێستانم دروستکرد، لەناویاندا هەموو جۆرە دارێکی بەردارم چاند.

٦حەوزی ئاوم دروستکرد هەتا لەوێوە دارستانە سەوزەکان ئاو بدەم.

٧کۆیلە و کەنیزەم کڕی و چەند کۆیلەیەکی دیکەشم هەبوو کە لە ماڵەکەم لەدایک ببوون. هەروەها سەرمایەی مەڕ و مانگام زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون.

٨زێڕ و زیو و گەنجینەی پاشاکان و هەرێمەکانم بۆ خۆم کۆکردەوە، چەندین ژن و پیاوی گۆرانیبێژ و کەنیزەم بۆ خۆم دانا. ئەوەی چێژ بداتە مرۆڤ بۆ خۆم دامنا.

٩مەزن و پایەدارتر بووم لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر بە دانایی مامەوە.

١٠هەرچی چاوم خواستی ڕێم لێ نەگرت، ئەوەی دڵم پێی خۆش بوو کردم. دڵم بە هەموو ماندووبوونەکەم خۆش بوو، ئەمەش پاداشتی هەموو ماندووبوونەکەم بوو.

١١بەڵام کاتێک سەیری هەموو کارەکانی دەستی خۆمم کرد، لەوانەی کە پێیانەوە ماندوو ببووم، بینیم هەمووی بێ واتا بوون وەک گڤەی با. لەسەر زەوی هیچت بۆ نامێنێتەوە.

١٢پاشان ئاوڕم دایەوە بۆ ئەوەی دانایی و شێتی و گێلایەتی ببینم، چونکە ئەو کەسەی کە دوای پاشا دێت چی زیاتر دەکات، لەوەی پێشتر کراوە؟

١٣جا بینیم دانایی لە گێلی بەسوودترە، وەک چۆن ڕووناکی بەسوودترە لە تاریکی.

١٤دانا چاوی لە سەریدایە، بەڵام گێل بە تاریکیدا دەڕوات، پاشان بۆم دەرکەوت کە هەردووکیان یەک چارەنووسیان هەیە.

١٥ئینجا لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەی لە گێل ڕوودەدات لە منیش ڕوودەدات، ئیتر قازانجی چییە کە من داناتربم؟» لەبەر ئەوە لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەمەش هەر بێ واتایە.»

١٦نە دانا و نە گێل، هەتاهەتایە یاد ناکرێنەوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا هەردووکیان لەبیر دەچنەوە. هەروەک گێل، داناش دەمرێت.

١٧ئیتر ڕقم لە ژیان هەستا، چونکە ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت، لەلام خراپە، هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.

١٨ڕقم لە هەموو ماندووبوونەکەم هەستا کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا، لەبەر ئەوەی بە ناچاری بۆ ئەو کەسەی بەجێدەهێڵم کە لەپاش خۆم دێت.

١٩کێ دەزانێت ئەو کەسە دانا دەبێت یان گێل؟ لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر هەموو ماندووبوونەکەم دەگرێت کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا. ئەمەش هەر بێ واتایە.

٢٠ئیتر دڵی خۆم بێ ئومێد بووە لە هەموو ئەو ماندووبوونە کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو بووم.

٢١لەوانەیە کەسێک بە دانایی و زانین و کارامەییەوە خۆی ماندوو بکات، بەڵام بۆ کەسێک کە پێوەی ماندوو نەبووبێت وەک میرات بەجێی بهێڵێت. هەروەها ئەمەش بێ واتایە و نەهامەتییەکی گەورەیە.

٢٢چی تێدایە بۆ مرۆڤ لە هەموو ئەو ماندووبوون و کۆششەی کە بە دڵەڕاوکێ لەسەر زەویدا ڕەنجی بۆ دەکێشێت؟

٢٣بە درێژایی ژیانی کارەکەی پڕ لە خەم و ئازارە، بگرە لە شەویشدا بیری ئاسوودە نابێت. ئەمەش هەر بێ واتایە.

٢٤لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە بخوات و بخواتەوە و چێژ لە ماندووبوونەکەی ببینێت. هەروەها ئەمەشم بینی کە لە خوداوەیە،

٢٥چونکە بەبێ خودا کێ دەتوانێت بخوات و کێ دەتوانێت خۆشی ببینێت؟

٢٦خودا ئەوەی چاکە لەبەردەمی، دانایی و زانین و دڵخۆشی دەداتێ، گوناهباریش خەریک دەکات بە کۆکردنەوەی ماڵ و سامان و ئەمبارکردنی، هەتا بیداتە ئەو کەسەی کە خودا پەسەندی دەکات. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.