کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزژیرمەندی

ژیرمەندی ٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بارگرانییەکم لەسەر زەوی بینیوە کە ئادەمیزاد خراپ گیرۆدە بوون بە دەستیەوە،

٢کەسێک خودا دەوڵەمەندی و سامان و ڕێزی پێدابێت و هیچ کەمی نەبێت لەوەی گیانی ئارەزووی دەکات، بەڵام خودا دەسەڵاتی پێنەداوە بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵکو بێگانە دەیخوات، ئەمە بێ واتایە و دەردێکی خراپە.

٣ئەگەر کەسێک سەد منداڵی هەبێت و ساڵانێکی زۆر بژیێت و تەمەنی زۆر بێت، بەڵام گیانی تێر خۆشی نەبێت و هەروەها ناشتنی بۆ نەبێت، دەڵێم: لەبارچووێک لەو باشترە،

٤چونکە بێ واتایانە دێت و بە تاریکیدا دەڕوات، ناویشی بە تاریکی دادەپۆشرێت.

٥هەروەها نە خۆری بینی و نە دەشزانێت، ئەم ئاسوودەترە لەو کەسە.

٦ئەگەر هەزار ساڵ دووبارەش بژیێت بەڵام خۆشی نەبینێت، ئایا هەمووان بۆ یەک شوێن ناڕۆن؟

٧هەموو ماندووبوونی مرۆڤ بۆ دەمییەتی، بەڵام هەرگیز تێر ناخوات.

٨دانا چی لە گێل زیاترە؟ چی یارمەتی هەژار دەدات کە ئەو بزانێت چۆن هەڵسوکەوت بکات لەگەڵ ئەوانەی کە لە ژیاندان؟

٩ئەوەی هەتە و لەبەرچاوتە باشترە لەوەی کە نیتە و ئارەزووت لێیەتی. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

١٠ئەوەی هەبووە لە کۆنەوە ناوی لێنراوە و زانراوە. مرۆڤ ناتوانێت ململانێ لەگەڵ یەکێک بکات کە لە خۆی بەهێزترە.

١١ئەوەندە قسە زیاد دەبێت، ئەوەندە سوودی کەم دەبێتەوە، جا مرۆڤ چی بۆ دەمێنێتەوە؟

١٢کێ دەزانێت چی باشە بۆ مرۆڤ لە ژیاندا کە درێژی تەمەنی بێ واتا وەک سێبەر بەسەردەچێت؟ کێ بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت پاش ئەو لەسەر زەوی چی ڕوودەدات؟

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.